لە پاش منداڵبوون بەشێک لە ژنان ڕووبەڕووی تێکچونی دەروونی دەبنەوە

تێکچوونی دەروون یەکێکە لەو قورساییانەی ژنان لە پاش منداڵبوون بەسەریاندا دێت، هەندێکیان بەهۆی پاڵپشتی خێزانەکانیانەوە دەتوانن بە ئاستێکی باش سەرکەتووبن بەسەریدا بەڵام تا ئێستا کۆمەڵگە هۆشیاری تەواوەتی نییە لەبارەیەوە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە یەکەم ڕۆژی سکپڕی تا دەگاتە لەدایبوونی منداڵ، دایک چەندین گۆڕانی جۆراوجۆر بەسەر جەستە و دەروونیدا دێت، بەشێک لەو گۆڕانکارییانە کاتین، بەشێکی دیکەیان بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێننەوە، هەندێکیان ئەرێنین و بەشێکی دیکەیان نەرێنین، یەکێک لە حاڵەتە نەرینییەکان تێکچوونی دۆخی دەروونی ژنانە لە پاش لەدایکبوونی منداڵ، کە هەندێک کات بە ڕێژەیەکی توند لە ژناندا دەردەکەوێت و پێویستی بە چارەسەر هەیە، ئەوەی گرنگە پاڵپشتی خێزان و کۆمەڵگە هەیە.

 

ڕۆژین عەلی، دەروونناس، دەربارەی دۆخی دەروونی ژنان پاش منداڵبوون باسی لەوەکرد، گۆڕانە دەروونییەکانی ژنان پاش منداڵ بوون پەیوەندیدارە بە گۆڕانکارییە دەروونیەکانەوە لە سەرەتای پڕۆسەی دروستبوونی منداڵ تا لەدایکبوونی، بۆ ئەمەش دەکرێتە سێ قۆناغەوە، قۆناغی پێش دروستبوونی کۆرپەلە، دروستبوونی کۆرپەلە و قۆناغی پاش لەدایکبوون.

 

ڕۆژین عەلی بەمشێوەیە باسی لە قۆناغەکان کرد، "لە قۆناغی پێش دروستبوونی منداڵدا ئەوەی گرنگە کە دایکان جەختی لێبکەنەوە، بوونی بەرنامەی خواردن و وەرزش و پشکنینە بۆ دڵنیابوون لە ڕێژەی هۆڕمۆنەکان، هەروەها لە کاتی قۆناغی دووەمدا و سکپڕیدا ئەوەی گرنگە بەهەمان شێوە، پاراستنی خواردن و وەرزشە، لەو کاتەی بتوانرێت پارێزگاری لەوانە بکرێت، ژن دەبێتە خاوەن دەروونێکی تەندروست، بەڵام دەکرێت لەکاتی بوونی ئەم حاڵەتانەدا کۆمەڵێک تێکچوون و ناڕێکی لە دەروونی ژناندا دروست ببێت".

 

تێکچوونی دۆخی دەروونی ژنان لە پاش منداڵبوون

لەکاتی لەدایکبوونی منداڵ و قۆناغی سێیەمدا، دوو جۆر لە ژن دروستدەبێت، وەک ڕۆژین باسی لێوە دەکات، کۆمەڵێکیان ئاساییی قۆناغەکە تێدەپەڕێنن و هەستیاریان بە گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکانیان بۆ دروست نابێت، بەڵام هەندێکیان هەن بە پێچەوانەوە بە گۆڕانکارییە هۆڕمۆنییەکان تێکچوون لە دەروونیاندا دروست دەبێت، ئەم تێکچوونانەش بەسەر سێ گروپدا دابەش دەبن.

 

یەکەم جۆریان تەنگەژێی خەمۆکی ئاسانە، جۆری دووەم خەمۆکی تەواوی پاش منداڵ بوونە، جۆری سێهەمیان زوهانی پاش منداڵبوونە، هەریەک لەم تێکچوونانە هۆکاری تایبەتی و نیشانەی خۆی هەیە، بە شێوەیەک لە جۆری یەکەمدا هەر سەد ژنێک کە منداڵی دەبێت ٨٠ بۆ ٨٥ ژن ئەگەری توشبوونی ئەم حاڵەتەی هەیە، نیشانەکانی لە هەفتەی یەکەمەوە دروست دەبێت و لە دوای ١٠ ڕۆژەوە وردە وردە کەم دەکات.

 

بەشێک لە نیشانەکانی خەمۆکی وەک بەرز و نزمی لە دەروون و مامەڵەکردنی ژنەکە، تێکچوونی خەو، بوونی ئازار و زووهەڵچوون و گریان، یاخود بێتاقەتی لە ڕادەبەدەر، بۆ باشکردنی ئەم حاڵەتە ئاگاداربوونی ژنەکەیە، لەلایەن کەسانی نزیکییەوە بە مەبەستی کەمکردنەوەی قورساییەکانی سەرشانی.

 

"هەندێک خەمۆکی کاردەکاتە سەر توانای دایک بۆ خزمەتی منداڵەکەی"

ئەو دەروونناسە، باس لە جۆری دووەمی تێکچوونی دەروونی ژنان دەکات لە پاش منداڵ بوون کە خەمۆکی تەواوە، دەڵێت: ئەم جۆرە لە جۆری یەکەم قورسترە، کاردەکاتە سەر توانای دایکەکە بۆ بەخێوکردنی منداڵەکەی"، لە هەر ١٠٠ ژنێکدا ١٠ بۆ ١٥ ژن تووشی دەبن، نیشانەکانی لە دوای هەفتەی یەکەم یاخود ١٠ ڕۆژی یەکەمی منداڵبوون دروست دەبێت تا شەش مانگ بۆ ساڵ و دووساڵ دەخایەنێت.

 

لە جۆری سێیەمدا کە زوهانی پاش لەدایکبوونە، لە هەر ١٠٠٠ ژنێکدا تەنها یەک ژن تووشی دەبێت، لەم حاڵەتەدا مەترسی زیاتر لەسەر ژنەکە و منداڵەکەشی دروست دەبێت، زیاترین هۆکار، هۆکاری بۆماوەییە لەم حاڵەتەدا نیشانەکان قورسترن بە جۆرێک کار لە پێنج هەستەوەرەکەی دەکەن، دەکرێت ژنەکە کۆمەڵێک شت ببینێت کە ئەوانی دیکە نایبینن، یاخود بیبیستێت کە کەسانی دیکە نایبیستن، هەندێک کات دەگاتە ئەو حاڵەتەی حەز بە بەخێوکردنی منداڵەکەی خۆی ناکات، بۆ ئەمەش پێویستە دەرمانی بۆ بەکاربێت و منداڵەکەی لێ دووربخرێتەوە لەپێناو سەلامەتی هەردوولا.

 

"بۆماوە لە تێکچوونی تەنگەژێی دەروونی دەوری هەیە"

ڕۆژین عەلی، ئاماژەی بەوەدا بە شێوەیەکی گشتی تێکچوونی لایەنی دەروونی ژنان لە پاش منداڵبوون، پەیوەندیدارە بە سێ هۆکارەوە، بۆماوەیی، دەروونی و کۆمەڵایەتی هەروەها هۆڕمۆنییەکان، لە حاڵەتی بۆماوەییدا دەکرێت ژنەکە لە مێژووی خێزانەکەیدا ئەو دۆخە هەبێت یاخود لە لەدایکبوونی منداڵەکانی پێشووتری تووشی بووبێت، ئەگەر منداڵی دیکەی هەبێت، لایەنی کۆمەڵایەتی و دەروونی زیاتر بۆ ئەو حاڵەتانە دەگەڕێتەوە کە ژنەکە بێ ویستی خۆی سکی کردبێت، یاخود کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی، یاخود منداڵی یەکەمی بێت و بەهۆی ئەوەوە تووش بووبێت، چونکە تا ئێستا ئەزموونی دایکایەتیان نەکردووە.

 

لەکاتی سکپڕیدا هۆڕمۆنی ئەسترۆجین و پڕۆجسترۆن دەگەنە بەرزترین ئاستی، لەکاتی لەدایکبوونی منداڵەکانیان کە ئەم هۆڕمۆنە دادەبەزێت و هەستیاری دروست دەکات و توشی تێکچوونی دەروونی دەبن، تەمەن یەکێکی ترە بۆ دروستبوونی تێکچوونە دەروونیەکان، بەتایبەت لەدایکبوونی منداڵ لەوکاتەی لە تەمەنی مێنتراسیۆن (تەواوبوونی سوڕی مانگانە) نزیک دەبێتەوە، چونکە جیاوازتر لە ژیان دەڕوانێت.

 

"باشترین چارەسەر پاڵپشتیکردنی خێزانە بۆ تێپەڕاندنی تێکچوونی دەروونی دایکەکە"

ڕۆژین عەلیی دەروونناس، ڕوونیکردەوە ڕێگە چارەسەری بۆ تێکچوونی تەنگەژێی دەروونی زۆر هەیە، ئەمەش بە پێی جۆری دۆخی دایک-ژنەکە دەگۆڕێت، یەکێک لە ڕێگا سەرەکییەکان پاڵپشتیکردنی خێزانە، هاوکاریکردنی دەروونی کەسە نزیکەکانی ژنەکەیە لە خودی ژنەکە خۆی، یاخود چارەسەری لە ڕێی دەرمانەوە ئەنجام دەدرێت لە ژێر چاودێری پزیشکدا، یاخود لە ڕێی دانیشتنە دەروونیەکان لەلایەن کەسی پسپۆڕەوە هاوکاری دایکەکە دەکرێت بۆ باشکردنی دۆخی ژیانی، بەپێویستی دەزانێت ئەم حاڵەتانە بە زوترین کات چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی نیشانەکانی توندتر نەبێت لە دایکەکەدا.

 

باسی لەوەشکرد، بە بەراورد بە ساڵانی پێشووتر هۆشیاری خێزانەکان زیاتر بووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ژنانی سکپڕ و دایکانی تووشبووی خەمۆکی، بەڵام هێشتا لەو ئاستەدا نییە کەموکورتی نەبێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە زیاتر پێویستە هۆشیار ببنەوە و پاڵپشتی لە ژنەکان بکەن، لە کۆتایدا وتی: گرنگە خێزانەکان دەرکەوتنی بچووکترین نیشانە پشتگوێ نەخەن، لەپێناو خراپتر نەبوونی دۆخی دایکەکە.

 

https://youtu.be/_PcaaotvNek