گیای تۆڵک، مێژوویەک لە چارەسەی پزیشکیدا
گیای تۆڵک، خاوەنی چەندین تایبەتمەندییە لە کۆنەوە خەڵکی سودییان لە گەڵا و گوڵەکانی وەرگرتووە بۆ دروستکردنی دەرمانی پزیشکی، لە دەقە کۆنەکانیشدا بە چەندین شێواز ناوی هاتووە.
ناوەندی هەواڵ
گیای تۆڵک ناوە زانستییەکەی "Malva sylvestris" و پەنیرەک'یشی پێ دەوترێت، گیایەکی پزیشکیە و بەرزییەکەی ٦٠ سم دەبێت، لە زۆربەی شوێنەکاندا خۆڕسکانە دەروێت و لە هەندێک شوێنیش تۆوەکەی هەڵدەگیرێت و بۆ بەکارهێنان و سود وەرگرتن لە گەڵا و گوڵەکەی دەچێندرێت.
ئەم جۆرە گیایە لە ئێراندا ناڕوێت، بەڵام جۆرێکی دیکەی کە پێکهاتەکەی نزیکە لە گیای تۆڵکەوە بە ناوی M.neglecta لەو وڵاتەدا هەیە، ئەم جۆرەیان گیایەکی وەرزییە و باڵای کورتترە، گەڵاکانی شێوە هێلکەییە، ددانی تیژی هەیە و گوڵێکی مۆری بچووکی هەیە، لە هاویندا تۆوەکانی، لە بەهاردا گەڵاکانی و لە کۆتایی بەهاریشدا گوڵەکانی کۆدەکرێتەوە.
شوێنی ژیانی ئەم جۆرە گیایە
ئەم گوڵە لە کوردستاندا دەڕوێت، لە ناوچە جیاوازەکانی ئێرانیشدا وەک: هەرێمی ئەلبۆرز، باکووری ئێران، ئەسفەهان، ئاستارە، لە ناوەندی ئێران وەک: خۆراسان، دامغان، سمنان، بهبان، ڕۆژئاوای ئێران و بلوچستان و چەندین ناوچەی دیکەشدا دەڕوێت، شوێنی گەشە سەندنیشیان ناوچە کوێستانییەکان و کەناراوەکانە.
پێکهاتەی پزیشکی و خۆراکی ئەم گیا مێژووییە
گیای پەنیرەک هاوشێوەی زۆربەی گیاخۆراکییەکان لە بواری پزیشکیدا خاوەنی مێژوویەکی دێرینە، ئەم گیایە دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەکانی A,B,C,E هەروەها ئینۆلین، فینۆل، ترشی چەوری پێویست بۆ لەش، فایبەر، کالسیۆم و پۆتاسیۆمی تێدایە.
بەپێی توێژینەوەکان سەرجەم جۆرەکانی ئەم گیایە خۆراکییە دەتوانرێت بخورێت، بێجگە لە جۆرێکی نەبێت کە پێی دەوترێت تۆلکی پەمو، گەڵا و خونچەی گوڵەکان دەوڵەمەندە بە مادە کانزاییەکان، ڕۆنی ڕووەکی، کەتان و ڤیتامین C.
تایبەتمەندییەکانی لە چارەسەری پزیشکیدا
سوودەکانی بۆ چارەسەرکردنی برین: تۆڵک/پەنیرەک کاردێت بۆ چارەسەری برین و هەوکردنی شانەکانی ناو دەم، قورگ، گەدە و ڕیخۆڵە.
چارەسەری دژی ئیلتیهاب و بەکتریا: ئەم گیایە بەهۆی تایبەتمەندی دژە بەکتریا و هەوکردن و ئیلتیهابات، بۆ شوێن برین، زیپکە، و شوێنی پێوەدانی مێروو، هەڵاوسان، ئەنزیمای پێست و خوران و حەساسیەت بەکاردێت.
چارەسەرکردنی کێشەکانی هەناسەدان و کۆئەندامی هەناسە: گیای تۆڵک/پەنیرەک یەکێکە لە گیاباوەکان بۆ چارەسەری کێشەکانی بەشی سەرەوەی کۆئەندامی هەناسە، بڕێکی زۆر مادەی مۆکۆسالی تێدایە، وەک چینێکی پارێزەر شانە هەوکردووەکان دادەپۆشێت، هەروەها چای ئەم گیایە سودێکی زۆری هەیە بۆ سەرمابوون، کۆکە، ئازار و هەڵاوسانی قورگ، خواردنەوەی ئاوی گەڵاکەشی سودبەخشە بۆ زبر بوون و تێکچوونی دەنگ.
چای ڕووەکی لە گەڵا و گوڵەکانی تۆڵک دروست دەکرێت، نابێت بکوڵێنرێت بۆئەوەی تایبەتمەندییە پزیشکییەکانی لەدەستنەدات، بەڵکو لە ئاوێکی گەرمی مامناوەنددا بۆ ماوەیەکی کەم دادەنرێت تا بخوسێت و هەڵم بکات.
بۆ دایکانی شیردەر: خواردنەوەی چای ڕووەکی ئەم گیایە یارمەتیدەرە بۆ بەرهەمهێنانی شیری زیاتر بۆ دایکان وەک سەرچاوەیەکی خۆراکی سودی لێدەبینرێت.
بەهۆی هەبوونی ڤیتامین C و B سودێکی زۆری لێدەبینرێت لە سیستمی میز و میزەڕۆدا، هەروەها چارەسەرێکی کاریگەرە بۆ گورچیلەکان و پاراستنی لە هەوکردن.
سوودەکانی بۆ کۆئەندامی هەرسکردن: دژی سکچوون، هەوکردن، ئازاری گەدە، هەڵاوسان و دڵەکزەیە.
هەروەها وەک شێدارکەرەوەیەک بۆ نەرمکردنی پێست بەکاردێت و چارەسەری زیپکە، پەڵە و کێشەکانی پێست دەکات.
زیانە لاوەکییەکانی تۆڵک
هەتا ئێستا هیچ توێژینەوەیەک باسی لە زیانەکانی ئەم گیایە نەکردووە، یاخود کاریگەرییە نەرێنییەکانی لە کاتی بەکارهێنانی لەگەڵ دەرمانی تردا نەدۆزراوەتەوە.
ت.پ