دژە بەکتریا، دەرمانە مەترسیدارەکەی ئێستای جیهان

بەکارهێنانی دەرمانە دژە بەکتریاکان تا دێت زیاد دەبێت، لە کاتێکدا زیانی هەیە تا ڕادەی مردن، پزیشکێکیش داوا لە هاوڵاتیان دەکات بێ ڕەچەتەی پزیشک دژە بەکتریاکان بەکارنەهێنن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- بەکارهێنانی دەرمان وەک خویەکی لێهاتووە لەناو کۆمەڵگەی باشووردا، هاوڵاتیان بێ  بوونی زانیاری دەرمان بەکاردەهێنن، تا بزانن دەبێت چۆن و بە چ شێوازێک دەرمان بەکاربهێندرێت، یەکێک لەوانە دەرمانی دژە بەکتریایە، زۆرینەی هاوڵاتیان بەکاریدەهێنن، بێئاگان لەوەی زۆرترین مەترسی لەسەر جەستە و تەندروستیان دروست دەکات.

 

چراخان محەمەد، پسپۆڕی نەخۆشییە هەناوییەکان، دەربارەی دەرمانە دژە بەکتریاکان "Antibiotic"، ڕوونیکردەوە ناوی دەرمانەکە لە چالاکییەکەیەوە هاتووە واتە دژی بەکتریا کار دەکات، واتە دەرمانێکە دژی هەوکردن بە بەکتریا لە هەر جێگەیەکی دیکەی جەستە بێت کاردەکات، تەنها دەبێت هەوکردنەکە هۆکارەکەی بەکتریا بێت نەک کەڕوو و ڤایرۆسەکان.

 

هەوکردن بە بەکتریان کۆمەڵێک نیشانی تایبەتی خۆی هەیە، وەک بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، ئارەقکردنەوە، بێتاقەتی و بێهێزی، هەروەها بە پێی هەوکردنەکە کۆمەڵێک نیشانی تر هەن بۆ نمونە هەوکردن لە کۆئەندامی میز و میزەڕۆ نیشانەی تایبەتی هەیە، هەکردن بە هۆی جگەرەکێشانەوە لە سیەکانەوە ڕوودەدات، بۆیە گرنگە جۆری هەوکردنەکە دیاریبکرێت پاشان دەرمان وەربگرێت.

 

"هاوڵاتیان نا هۆشیارانە دژە بەکتریاکان بەکاردەهێنن"

ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەدا دژە بەکتریا دەرمانێکی درێژخایەن نییە و تەنها لە کاتی هەوکردن بە بەکرتریادا دەبێت بەکاربهێندرێت، نابێت وەک دەرمانێکی درێژخایەن مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، کۆرسی هەیە هەرکات کۆرسەکەی تەواوبوو پێویستەکات وازی لێبهێندرێت، وتی "بەکارهێنانی دژە بەکتریا لە هەوکردنێکەوە بۆ جۆرێکی دیکە بەکارهێنانەکەی دەگۆڕدرێت، هەندێک هەوکردن هەن درەنگتر چاک دەبنەوە بۆیە پێویستیان بە ڕێژەیەکی زیاترە وەک هەوکردنی پێیەکان بەهۆی برینی شەکرەوە".

 

کاتێک کەسێک توشی پەتایەکی وەرزی دەبێت نابێت بە هیچ جۆرێک دژە بەکتریا بەکاربهێنێت، چونکە وەک دژە ڤایرۆس کارناکات، دەڵێت "خەڵکی لە ئێستادا تەنها یەک ڕۆژ هەست بە بێتاقەتی و پەتای وەرزی دەکات دەست دەکات بە بەکارهێنانی دژە بەکتریا، لە داهاتوودا ئاکامەکانی قورس دەبێت چونکە جەستە پێی ڕادێت و ئەگەری مردن زیاد دەکات".

 

"دژە بەکتریا ڕێژەی مردن لە جیهاندا بەرزدەکاتەوە"

ئەم دەرمانە لە ساڵی ١٩٢٨ لەلایەن ئەلەکساندەر فلیمین دۆزراوەتەوە، یەکەم جۆری پەنسلین بووە، دوای ئەوەی کۆمەڵێک تاقیکردنەوەی بەسەردا هاتووە، لە ساڵی ١٩٤١وە دەست بە بەکارهێنانی کراوە، چەند ساڵێک پاش بەکارهێنانی بڵاوکرایەوە بەکتریاکان توشی بەرگری بوون بەرامبەر بەو دەرمانە و پێی دەوترێت "Antibiotic resistance"، لە ئێستادا یەکێکە لە خاڵە مەترسیدارەکان.

 

بەهۆی مەترسییەکەیەوە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO لە ساڵی ٢٠١١ هۆشداری دا بەوەی ئەگەری هەیە لە ساڵی ٢٠٥٠ ببێتە یەکەم هۆکاری مردنی مرۆڤ، دەخەمڵنرێت بە سەروو ١٠ ملیۆن کەس لە ساڵێکدا، ئەویش بەهۆی زیاد بەکارهێنانی دەرمانە دژە بەکتریاییەکان و دروستبوونی بەرگری دژی دەرمانەکان.

 

"دژە بەکتریاکان نابنە هۆی کەمبوونەوەی ئازار و زوو چاکبوونەوەی نەخۆشییەکان"

لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا پزیشک چراخان باسی لەوەکرد، لە کۆمەڵگەدا باوە دژە بەکتریاکان بە کەمرکدنەوەی ئازار و زوو چاکبوونەوەی نەخۆشییەکان بەکاردەهێنن، بەڵام تەواو بیرکردنەوەیەکی هەڵەیە، دژە بەکتریاکان نابنە هۆی کەمبوونەوەی ئازار و نەمانی نەخۆشی، بەڵام زۆر بەکارهێنانی لەلایەن هاوڵاتیانەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ زۆری بەربڵاوییەکەی.

 

لە وڵاتانی دیکە بە بێ بوونی ڕەچەتەی پزیشک دەرمان نادرێت بە نەخۆش بەڵام لە هەرێمی کوردستان بێ بوونی ڕەچەتە خەڵکی بەردەوام دەرمان بەکاردەهێنن بەتایبەت دژە بەکتریاکان، وتی "لە تەمەنی هەر تاکێک ئەوپەڕی پێویستی بە جارێک دوان هەبێت بۆ بەکارهێنانی دژەبەکتریا، بەڵام لە کۆمەڵگەی ئێمە ڕۆژانە بەکاردەهێنرێت".

 

"زۆر بەکارهێنانی دژە بەکتریا دەبێت هۆی گۆڕان لە پێکهاتەی بەکتریاکەدا"

زانیارییەکان لە کۆمەڵگەدا بە هەڵە بڵاوکراونەتەوە، ئەگەر کەسێک کەمترین هۆشیاری هەبێت بەردەوام ئەو دەرمانانە بەکارناهێنێت کە دژەبەکتریایان تێدایە، تەنها ئەو کاتانە نەبێت توشی هەوکردنی بەکتریا دەبێت ئیتر هەر بەشێکی جەستە بێت.

 

ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەدا لە ساڵی ١٩٧٠کانەوە گەشە نابینرێت لە دروستکردنی دژە بەکتریای تازەدا، ئەمەش وادەکات بەرگری زۆر بووە بۆ بەکتریاکان بۆیە گرنگە هاوڵاتیان خۆیان بپارێزن لە بەکارهێنانی، بەتایبەت بۆ منداڵان چونکە لە ئێستادا بە ڕێژەیەکی زۆر بۆ منداڵان بەکاردەهێنرێت.

 

دژە بەکتریا بەشێوەی دەرزی، شروب، کەپسول و حەب یاخود کرێم بۆ پێست هەن، ئەگەر نەخۆشەکە حاڵەتەکەی خراپ بوو پێویستە بە شێوەی دەرزی بۆی بەکاربێت، بەڵام ئەگەر ئاسای بێت دەتوانێت بە شێوەی ڕەچەتە بڕی بەکاربهێندرێت، دژە بەکتریا هەن ڕۆژانە جارێک بەکاردێت یاخو دوو جار و سێ جار بە پێی جۆری هەوکردنەکە دەگۆڕدرێت.

 

"بە هیچ شێوەیەک نابێت دژە بەکتریای کەسێک بۆ کەشێکی تر بەکاربێت"

دژە بەکتریاکان پێوویسە وەک دەرمان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، دوور بن لە تیشکی خۆر، دەبێت لە پلەی گەرمای جێگیردا دابنرێت، چراخان محەمەد دەربارەی بەکارهێنانی دەرمان لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی دیکە ڕوونیکردەوە، هەر مرۆڤە و فیسیۆلۆجی جیاوازی هەیە، بۆیە پێویستە ئەو دەرمانانە بەکاربهێنن کە بۆ خۆیان نوسراوە ئەگەر نا گونجاو نییە دەرمانی کەسانی دیکە بەکاربهێنن.

 

یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی دژە بەکتریاکان دروستبوونی هەستیارییە، واتە دەکرێت کەسێک هەستیاری بە دژە بەکتریایەک نەبێت و بەکاری بهێنێت بەڵام ناکرێت کەسێکی دیکە بەکاری بهێنێت چونکە ئەگەری هەیە هەستیاری پێی هەبێت.

 

"سودی دژە بەکتریا لە تەواوبوونی کۆرسەکانیدایە"

بە هەموو شێوەیەک نابێت کۆرسی دژە بەکتریاکان تەواو نەکرێت، هەندێک کەس بەشێکی دەخۆن و باشدەبن وازی لێدەهێنن، ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی نەخۆشەکە سود لە دەرمانەکە وەرنەگرێت و پێی باش نەبێت.

 

هەموو دەرمانێک کاریگەری لاوەکی هەیە دژە بەکتریاکانیش لێی بێبەش نین، وەک هەستیاری، بەرزکردنەوەی ئەنزیمەکانی جگەر و توشبوون بە زەردووی، کێشە لە گورچیلەکاندا دروست دەکات، ئازاری سک، سکچوون و دڵ تێکەڵهاتن نیشانەکانی ترین، لە کۆتایدا پزیشک چراخان وتی "تکا دەکەم دوور بکەونەوە لە بەکارهێنانی دەرمانی دژە بەکتریا، تەنها بۆ هەوکردنی بەکتریای نەبێت".