ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم تەندروستی گشتی لە ساڵی ٢٠٢٣ چین؟
توێژینەوەکانی ئەم دواییە کە لە گۆڤاری تەندروستی گشتیدا بڵاوکراونەتەوە، باسیان لە ئاستەنگە بنەڕەتییەکانی تەندروستی گشتی کردووە لە ساڵی ٢٠٢٣.
ناوەندی هەواڵ
ئاستەنگەکانی تەندروستی گشتی جیهانی لە ساڵی ٢٠٢٢دا بریتین لە ئاڵنگارییەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنای ٢٠١٩ (کۆڤید-١٩)، پارەدارکردنی تەندروستی، سەرچاوە مرۆییەکان، کێشەکانی تەندروستی دەروونی، گۆڕانی کەشوهەوا، هەژاری، تەندروستی زاوزێ، بڵاوکردنەوەی زانیاری پزیشکی نادروست و قەیرانە مرۆییەکان. جگە لەم حاڵەتانە، پێدەچێت لە ساڵی ٢٠٢٣دا ئاستەنگە تەندروستییە جیهانییەکان ببینین کە سەرهەڵدەدەن. بۆیە پێویستە لەپێشینەی کارنامەی حکومەت مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە تەندروستییەکان بێت.
لە توێژینەوەکانی ئەم دواییەدا، نووسەران دە پرسە بنەڕەتییەکانی تەندروستی گشتی ساڵی ٢٠٢٣یان لە پێشینە داناوە، کە پێکدێت لە: ١) سیستەمی تەندروستی، ٢) قەیرانی تەندروستی دەروونی، ٣) تەندروستی زاوزێ و سێکسی، ٤) بەدخۆراکی و سەلامەتی خۆراک، ٥) نەخۆشی شەکرە، ٦) شێرپەنجە، ٧) پیسبوونی ژینگە، ٨) بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، ٩) نەخۆشییە تووشبووەکان و ١٠) گۆڕانی کەشوهەوا.
سیستەمی چاودێری تەندروستی
بێ گوێدانە ئاستی داهات، پەتای کۆرۆنا زیانێکی بەرفراوانی بە سیستەمی تەندروستی وڵاتانی جیهان گەیاند، دەستڕاگەیشتن بە سیستەمی تەندروستی بە شێوەیەکی گونجاو مەترسییەکی گەورەیە و لانیکەم نیوەی دانیشتوانی جیهان دەستیان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییە سەرەکییەکان ناگات، ئاڵنگاری دەوروبەری سیستەمی چاودێری تەندروستی لە وڵاتە جیاوازەکاندا بە شێوازی جیاواز دەردەکەون، بۆیە بەهێزکردنی سیستەمی تەندروستی یەکێکە لە هەنگاوە یەکەمەکانی چارەسەری کاریگەر و هەمەلایەنەی پرسە سەرەتاییەکانی تەندروستی.
تەندروستی دەروونی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان
لە ڕووی مێژووییەوە، تێکچوونی تەندروستی دەروونی بە گشتی هەرگیز لە پێشینەی کارەکانی تەندروستی جیهانی نەبووە، بەڵام لەگەڵ پەتای کۆرۆنا نیگەرانییەکانی تەندروستی دەروونی زیادی کردووە و بڵاوبوونەوەکەی لە تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە تێپەڕیوە، بەم شێوەیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە لەپێشینەی کارەکانی بەرنامەکانی پشتیوانی بۆ تێکچوونەکانی تەندروستی دەروونی بێت، تەنانەت دوای کۆتایی هاتنی پەتاکەش دابین بکات.
بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و دەرمانەکان هۆکاری سەرەکی مردنی زیاتر لە هەشت ملیۆن کەسن لە ساڵێکدا، لە ساڵی ٢٠١٧دا، بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و دەرمانی بێ ڕەچەتە هۆکاری سەرەکی لەدەستدانی ژیانی تەندروست بووە بۆ نزیکەی ٤٢ ملیۆن کەس، کە یەکسانە بە نزیکەی ١.٣%ی مردن بەهۆی نەخۆشیەکانەوە، بەو پێیەی سزادان و تاوانبارکردن هەمیشە لەم بوارەدا بێکاریگەر بووە، پێویستە ستراتیژییەکانی خۆپارێزی و داهێنەرانە وەک بەرنامەی پەروەردەیی، پشتیوانی لە پرۆسەی چاکبوونەوە، وەرزشکردن و دەستێوەردانەکانی بنەمای خۆراکیی پێویست بن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە بەهۆی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانەوە دروست دەبن.
نەخۆشییە درمیەکان و بەدخۆراکی و سەلامەتی خۆراک
زیادبوونی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درمیەکان ئاماژەیە بۆ پێویستی باشترکردنی کوالیتی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، چاودێری تەندروستی سەرەتایی کارایی و نەرم و نیان دەتوانێت خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بەهێز بکات بۆ ڕێگریکردن لە نەخۆشییە تووشبووەکان. هەروەها هاوکارییە داراییەکان بۆ ژێرخانی تەندروستی گشتی و هەوڵدان بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووری لە ڕێوشوێنە کاریگەرەکانن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی نەخۆشییە درمیەکان.
قەیرانی بەدخۆراکی نزیکەی ٢٩%ی دانیشتوانی جیهان دەگرێتەوە و بەردەوامیش کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر منداڵان هەیە، بەدخۆراکی پەیوەستە بە هۆکارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە جیاوازەکانەوە، لەوانە سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە خۆراکە تەندروستەکان و نەبوونی هۆشیاری گشتی لە خۆراکە تەندروستەکان، جگە لەوەش لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩، ململانێی ناوخۆیی و دەرەکی وڵاتان، و کارەساتی سروشتی، نرخی خۆراک بەرزبووەتەوە، هەروەها ڕێجیمێکی تەندروست بە نرخێکی گونجاو نەماوە و سەلامەتی خۆراک یەکێکی ترە لە پرسەکانی گرنگ لە بواری تەندروستیدا.
جیهانگیری بەرهەمهێنان و دابینکردنی خۆراک بووەتە هۆی زیادبوون و خێرایی گواستنەوەی ماددە نەخۆشی هەڵگرەکان لە ڕێگەی خۆراکەوە، لە ئەنجامدا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢دا پەردەی لەسەر ستراتیژی جیهانی سەلامەتی خۆراکی ٢٠٢٢-٣٠ لادا، ئەم ستراتیژە پەیوەندی و هاوکاری گشتی لەخۆدەگرێت بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی مەترسییەکانی سەلامەتی، هەروەها چاودێری و هەڵسەنگاندنی توند بۆ خۆپاراستن و وەڵامدانەوەی ئەو نەخۆشیانەی کە بەهۆی خۆراکی ناپارێزراوەوە دروست دەبن.
تەندروستی سێکسی و منداڵبوون
هەروەها ئاستەنگە گرنگەکانی مافەکانی تەندروستی سێکسی و زاوزێ (SRHR) وەک توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی، پەروەردەی سێکسی ناتەواو، هاوسەرگیری پێشوەختە، دووگیانی هەرزەکاران، تەندروستی دایکان، هەوکردنی سێکسی گواستراو، نەزۆکی، لەباربردنی ناپارێزراو، شێرپەنجەی زاوزێ و دەستڕاگەیشتنێکی خراپ بە خزمەتگوزارییەکانی SRHR ئاستەنگە سەرەکییەکانی بواری تەندروستین.
پیسبوونی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا
پیسبوونی ژینگەی مرۆڤ مەترسی لەسەر گیانلەبەرە کێوییەکان و شوێنی نیشتەجێبوونیان دروست دەکات، چالاکییەکانی مرۆڤ بەتایبەتی لە وڵاتانی تازەپێگەیشتودا دەبنە هۆی پیسبوونی خاک و هەوا و ئاو، کاریگەرییە نەرێنییەکانی کانزا قورسە ژەهراویەکان لە سووتەمەنی و بەرهەمەکانی بۆیاخدا مەترسییەکی بەرچاون لەو وڵاتانەی کە هێشتا جێگرەوەیان بۆ ئەم ماددانە نەدۆزیوەتەوە، جگە لەم حاڵەتانە، پیسبوونی ژینگە ڕەنگە ببێتە هۆی مەترسی ئەمنی و سیاسی، بۆیە ڕێوشوێنی بەپەلە و چارەسەری بەردەوام بۆ کەمکردنەوەی پیسبوون پێویستە.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی گۆڕانی کەشوهەوای وەک گرنگترین مەترسی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ لە درێژخایەندا دەستنیشان کرد، نیشانەکانی نەخۆشییە جیهانییەکان لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و نیگەرانییەکانی کەشوهەوا لە گۆڕاندان، لە هەندێک ناوچەدا نەخۆشی جۆراوجۆر سەرهەڵدەدات و گۆڕانی کەشوهەوا دەبێتە هۆی زۆرێک لە کارەساتی ژینگەیی، لەوانە شەپۆلی گەرمای بەربڵاوی ئەم دواییە، کە بە گشتی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی و مردن زیاد دەکات و کەمتر دەستڕاگەیشتن بە خۆراک.
شێرپەنجە و شەکرە
شێرپەنجە هۆکاری سەرەکی مردنە لە جیهاندا، نەبوونی دەستڕاگەیشتن بە دۆزینەوە، دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی شێرپەنجە لە کاتی خۆیدا دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی مردن بەهۆی شێرپەنجەوە لە زۆرێک لە وڵاتاندا، بۆیە ڕێگریکردن لە مردن بە شێرپەنجە ئامانجێکی دیکەی گەشەسەندنی بەردەوامە. دەستنیشانکردنی دروست و لە کاتی خۆیدا بۆ شێرپەنجە و دواتر چارەسەری کاریگەر دەتوانێت کوالیتی ژیانی کەسانی تووشبوو باشتر بکات.
نەخۆشی شەکرە یەکێکی ترە لە نەخۆشییەکان کە بە توندی کاریگەری لەسەر مرۆڤ و سیستەمی چاودێری تەندروستی و ئابووری دەبێت. سەرەڕای پەیوەندییە درێژخایەنەکانی نێوان نەخۆشی شەکرە و کێشی زیادە، بەڵام لەمڕۆدا بڵاوبوونەوەی نەخۆشی شەکرە لە کەسانی خاوەن کێشی ئاساییشدا زیاد دەکات. وەبەرهێنانی کاریگەرتر لە بواری پەروەردە و پاڵپشتی خۆبەڕێوەبردن دەتوانێت کاریگەر بێت لە خۆپاراستن و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و کاریگەرییەکانی ئەم نەخۆشییە.
ئەنجامەکان
بە کورتی، دیاریکردنی ئاستەنگە سەرەکییەکانی تەندروستی گشتی زۆر گرنگە بۆ بەدەستهێنانی تەندروستی کاریگەر و بەردەوام، لەپێشینە دانان، تەرخانکردنی پارە و هاوکاری جددیتر ڕێوشوێنی پێویستن بۆ گەیشتن بە ئامانجە تەندروستییە جیهانییەکان تا ساڵی ٢٠٣٠، پێویستە هەوڵە جیهانییەکان دەستپێبکەن پێش ئەوەی ئەم ئاڵنگارییانە ببنە حاڵەتی فریاگوزاری تەندروستی گشتی.
سەرچاوە: News-Medical