پەیوندەی نێوان قاوە و نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان

هەندێک پێیان وایە خواردنەوەی قاوە بە ڕێژەیەکی زۆر زیانی تەندروستی هەیە و ڕووبەڕووی شێرپەنجەت دەکاتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا بەو شێوازە نییە و قاوە کاریگەری خراپ لەسەر نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان دروست ناکات.

ناوەندی هەواڵ

 

بەشی تەندروستی زانکۆی کالیفۆرنیا لە سانفرانسیسکۆ لە کاتی چارەسەرکردنی شێرپەنجەدا ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو کەسانەی توشی شێرپەنجە دەبن، گرنگە ئەو خواردنەوانە کەمتر بخۆن کە کافاینی تێدایە وەک قاوە و چا، زیاتر ڕێنمای دەکەن بەیانیان کاتێک لە خەو هەڵدەستن خواردنەوەیەکی گەرم و بێ کافاین وەک ئاوی لیمۆ بخۆنەوە، لەلایەکی ترەوە ئامۆژگاریان دەکەن کە خۆیان لە کافایین بەدوور بگرن، چونکە میز دروست دەکات و ئاو لە خانەکان دەکێشێت.

 

ئایا پەیوەندی نێوان قاوە و شێرپەنجە هەیە؟

بەپێی ماڵپەڕی ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ خۆراک، بۆ زۆربەی جۆرەکانی شێرپەنجە، وا دیارە قاوە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکە کەمدەکاتەوە، یان هیچ پەیوەندییەکی بە مەترسی تووشبوون بەو نەخۆشییەوە نییە بەهیچ شێوەیەک، تەنانەت لەو وڵاتانەی کە بڕێکی زۆر قاوە دەخۆن، وەکو وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا، لێکۆڵینەوەکان پشتگیری لە پەیوەندی نێوان قاوە یان کافاین و مەترسی شێرپەنجە ناکەن.

 

هەندێک لە توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان کەم دەبێتەوە لەنێو ئەو کەسانەی کە زۆر قاوە دەخۆنەوە، لە کاتێکدا توێژینەوەکانی تر ڕوونیان کردۆتەوە کە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان زیاد دەکات لەکاتی خواردنەوەی بڕێکی زۆر قاوەدا.

 

بەڵام زۆرێک لە شارەزایانی تەندروستی پێیان وایە قاوە خۆی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان زیاد ناکات، بەڵکو ڕەفتارەکانی تری تەندروستی لە نێو ئەو کەسانەی کە زۆر قاوە دەخۆنەوە، زیادی دەکات، بۆ نموونە ئەگەر ئەو کەسانەی کە قاوە زۆر دەخۆنەوە و ئەگەری جگەرەکێشانیشیان زیاترە، لەوانەیە وا دەرکەوێت کە قاوە هۆکاری تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان بێت و لە ڕاستیدا جگەرەکێشان لە نێو ئەو کەسانەی کە زۆر قاوە دەخۆنەوە، ڕەنگە هۆکارەکەی بێت نەک قاوە، بەڵام کافاین کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەو کەسانە دەبێت کە حاڵەتی تەندروستی تریان هەیە، وەک بەرزی پەستانی خوێن، کێشەی دڵ.

 

سوودە گشتیەکانی قاوە

هاراڵد زایتز، پسپۆڕی خۆراکی ئەڵمانی دەڵێت، قاوە سوودێکی زۆری بۆ تەندروستی هەیە، بەو پێیەی کافایین وەک پێکهاتەیەکی کیمیایی کاردەکات بۆ چالاککردن و هاندانی کۆئەندامی دەماری ناوەندی، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی بەئاگا بمێنێتەوە و ئاستی سەرنج و تەرکیز و چالاکی بەرز دەکاتەوە، بەم شێوەیە قاوە هاندەرێکی سروشتییە بۆ ئەو کەسانەی کە بەردەوام بەدەست ماندوێتی و بێهێزی دەناڵێنن، هەروەها ئەوانەی بەدەست دابەزینی پەستانی خوێنەوە دەناڵێنن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، قاوە پڕە لە دژە ئۆکسێنەر، کە بەرەنگاریی ئەو شتانە دەبنەوە کە بە ڕادیکاڵە ئازادەکان ناسراون، کە هێرش دەکەنە سەر خانەکانی لەش و بەم شێوەیەش بەشدارن لە کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە هەندێک جۆری شێرپەنجە.

 

جگە لەوەش قاوە بەشدارە لە کەمکردنەوەی ئەگەری توشبوون بە جەڵتەی دڵ، کاتێک بەشێوەیەکی مامناوەند دەخورێت، واتە بەڕێژەی کە لە دوو بۆ سێ کوپ زیاتر نەبێت لە ڕۆژێکدا، ئەگەر بە ڕێژەیەکی زیاتر لەو ڕێژەیە بخورێت، ڕەنگە ئەنجامێکی پێچەوانەی لێبکەوێتەوە، چونکە کافاین ڕێژەی کۆلیسترۆڵ بەرز دەکاتەوە، ئەمەش لە بەرامبەردا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان بەرز دەکاتەوە.

 

دڵەکزێ

لای خۆیەوە پسپۆڕی خۆراکی کلینیکی پرۆفیسۆر یۆهانس وێکسلەر پێشنیاری کردووە کە ئەو کەسانەی گەدەیان هەستیارە لە کاتی خواردنی قاوەدا وریا بن، چونکە ئەو ماددە برژاندنانەی تێدایە یارمەتی بەرهەمهێنانی ترشی گەدە دەدەن کە دەبێتە هۆی دڵەکزێ.

 

بۆ ئەوەی ئەم کەسانە تووشی ئەم کێشەیە نەبن، دەبێت شیر ​​بخەنە ناو قاوەکەوە، هەروەها ئەو کەسانەی کە پەستانی خوێنیان بەرزە، پێویستە لە کاتی خواردنەوەی قاوەدا وریا بن، چونکە کافاین دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی پەستانی خوێن، کەواتە ئەم کەسانە دەبێت بە ڕێژەیەکی کەم قاوە بخۆنەوە بۆ ئەوەی وەڵامی جەستە بۆ کافاین دیاری بکەن و ئەگەر پێویست بکات دەتوانن پەنا بۆ قاوەی بێ کافایین ببەن.