ماددە پاککەرەوەکان هۆکاری سەرەکی توشبوونن بە شێرپەنجە
ماددە پاککەرەوەکان یارمەتیدەرن بۆ پاکردنەوەی کەلوپەلەکانی ناوماڵ، دەبێت بە جۆرێک بەکاربهێنرێن نەبێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشی، بەڵام کوالێتی خراپی ماددەکان و ناهۆشیاری ژنان دەربارەی زۆرترین نەخۆشی پێست و شێرپەنجەی دروست کردووە.
شنیار بایز
سلێمانی- بەشێکی زۆری ژنان بەدەست نەخۆشییەکانی پێستەوە دەناڵێنن، ڕووی دەستیان بە شێوەیەک زبر و ئەستووربونی پێوەدیارە، کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناهۆشیاری خۆیان دەربارەی ماددە پاککەرەوەکانی بەکاریدەهێنن، هەرچەندە پاک ڕاگرتنی کەلوپەلەکانی ناو ماڵەکان و ئەوانەی بەکاریان دەهێنین، یەکێکە لە باشترین ڕێگاکان بۆ پارێزگاریکردنی تەندروستی، بەڵام نابێت لە چوارچێوەیەکدا بێت ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە جەستەی مرۆڤەکە و دواتر زیاتر ڕووبەڕووی نەخۆشی بکاتەوە.
ژنان بەهۆی بەکارهێنانی ماددە پاککەرەوەکان کە زۆرترین ڕێژەی ماددەی کیمیای خراپیان تێدایە، کوالێتیان نزمە و ڕووبەڕووی نەخۆشییەکانی پێست دەبنەوە، بەشی زۆریشیان هۆشیاریان لەبارەی بەکارهێنانییەوە نییە و دەچن چەندین ماددەی پاککەرەوە تێکەڵ دەکەن تەنها لەبەر ئەوەی بە کەمترین کات کەلوپەلەکە پاکبێتەوە.
"سەرجەم ماددە پاککەرەوەکان کاریگەری خراپیان بۆ مرۆڤ هەیە"
پزیشک سایە سامی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری، دەربارەی خراپی ماددە پاککەرەوەکان بۆ پێست و تەندروستی مرۆڤ ڕوونیکردەوە، ئەم جۆرە ماددانە پۆلێن دەکرێن بۆ دوو جۆری جیاواز، ئەوانەی لە قاپ شتندا بەکاردەهێنرێن، لەگەڵ ئەوانەی بۆ جل شتن بەکاردەهێنرێن.
ئەو پزیشکە دەڵێت: هەموو ماددە پاککەرەوەکان ماددەیان تێدایە کە زیان بە پێست و تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت، بە شێوەیەکی گشتی دوو ماددەیان تێدایە و کاریگەری خراپیان هەیە، یەکێکیان بۆنە کە دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستیاری لەسەر ڕووی پێست بە شێوەی سوربوونەوە و خوراندن دەردەکەوێت، جگە لەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی هەناسەتەنگی بەتایبەت ئەو ماددانەی کە لەلایەن ژنانەوە تێکەڵ دەکرێن ئەم هەستیارییە دروست دەکەن.
"ماددە زیانبەخشەکان لەسەر کەلوپەلەکان دەمنێننەوە"
ئەو پزیشکە باسی لەوەشکرد کە بەشێوەیەکی گشتی ئەو ماددە پاککەرەوانەی بۆ قاپ شتن بەکاردەهێنرێن زیاتر کێشەی تەندروستی دروست دەکات بەبەراورد بەو ماددانەی بۆ جل شتن بەکاردێت، چونکە ڕۆژانە بە ڕێژەیەکی زیاتر قاپەکان دەشۆردرێت و بەکاردەهێنرێت، لەلایەکی دیکەوە بەشێکی ژنان بێ دەستکێش قاپ دەشۆن کە ئەمەش ڕاستەوخۆ ماددەکە بەر پێستی دەستی دەکەوێت و هەستیاری دروست دەکات.
وتیشی: لە ئێستادا جل بە دەست کەمتر دەشۆردرێت، بۆیە لە پاککەرەوەکانی جل شتندا کاریگەرییەکان بە جۆرێکی دیکەن، مەرج نییە تەنها بەرکەوتنی پێست بێت بە ماددەکە، بەڵکو هەندێک کات ماددە پاککەرەوەکان لەسەر جلەکە جێدەمێنێت و دەمێنێتەوە بە تایبەتی ئەو ماددانەی بۆ نەرمکردنەوەی جل بەکاردەهێنرێت، بەمەش هەندێک کەس کە جلەکە لەبەر دەکات، هەستیاری پێی دروست دەبێت بەتایبەتی لەو شوێنانەی شێدارن و ئارەق دەکەنەوە.
"زۆرترین نەخۆشی پێست بەهۆی ماددەی پاککەرەوەوە دروست دەبێت"
پزیشک سایە ئاماژەی بەوەدا، سووربوونەوە و دروستبوونی لیر لەسەر پێست، یەکێکە لەو نەخۆشییانەی بەهۆی ماددە پاککەرەوەکانەوە دروست دەبێت، ئەگەری گواستنەوەی هەیە بۆ هەموو لەش، جگە لەمە نەخۆشی ئەگزیمای سوتانەوە جۆرێکی دیکەیە لەو نەخۆشیانەی بەهۆی ماددەکانەوە دروست دەبێت کە ژنان کەمتر هەستی پێدەکەن چونکە سەرەتا پێستەکە تەنها وشک دەبێتەوە، بەڵام لە ئەگەری بەردەوام بەکارهێنانی ماددەکە پێستی دەستەکە دەگۆڕدرێت بۆ ئەستووربوون و زبربوونی، تا وای لێدێت دەستەکانی توشی قڵیشان و خوران دەبن، لێواری نینۆکەکانی پەردەی سەلامەتیان نامێنێت بەمەش ئاو دزە دەکات و کەڕوو دروست دەبێت.
"کوالێتی کۆنتڕۆڵ نییە بۆیە پاککەروەی خراپ هەن"
سایە سامی جەختی لەوەکردەوە ئەو ماددانەی بەکاردەهێنرێن دەبێت کوالێتیان بەرز بێت، نابێت هەموو ماددەیەک بەکاربهێنرێت بەتایبەت ئەوانەی بۆنیان زۆرە، یاخود نەرمکەرەوەی جلیان بە ڕێژەیەکی زۆر تێدایە، چونکە بەر پێست دەکەون کە چینی بەرگریکەری پێستە، بۆیە زۆرکات پێستەکە توشی نەخۆشی دەبێت.
ئەو پزیشکە وتی: بە داخەوە لە هەرێمی کوردستان کوالێتی کۆنتڕۆڵ خراپە و تا ئاستێکیش نییە بۆیە ماددەی پاککەرەوەی خراپ لە بازاڕەکاندا بەدی دەکرێت، تاکە چارەسەر ئەوەیە کەسەکە خۆی بەدواداچوون بۆ پێکهاتەی پاککەرەوەکان بکات.
"ماددە پاککەرەوەکان دەبنە هۆی گۆڕانی DNA مرۆڤ"
دەربارەی ئەو ژنانەی کە دەستکێش بەکارناهێنن لە کاتی بەکارهێنانی ماددە پاککەرەوە پزیشک سایە ڕوونیکردەوە، هەندیک لە نەخۆشەکان هەستیاریان هەیە بە ماددەی لاستیکی بۆیە ناتوانن دەستکێش بەکاربهێنن، بۆ ئەو کەسانەش دەبێت دەستکێشی ناو پەڕۆ بەکاربهێنن، "ئەو ماددانە زۆرترین جۆری نەخۆشی لە مرۆڤدا دروست دەکەن، وایلێدەکات کوالێتی پێستی تێکبچێت و توشی چەندین هەستیاری تریشی دەکات، وەک سوربوونەوەی چا و نەخۆشییەکانی دیکەی هەروەها هەندێکیان دەبنە هۆی گۆڕانی DNAکەسەکە و توشی شێرپەنجەی دەکات".
"جێگرەوەی فاست سرکە و سۆدەی سروشتییە"
سایە سامی ئاماژەی بەوەشکرد، هاوڵاتیان لەو کاتەی توشی نەخۆشییەکە دەبن، ئەوکات سەردانی پزیشک دەکەن، وتیشی: هەندێک لە ژنان جگە لە ماددەی پاککەرەوە سەرەتاییەکان دەچن فاست و ماددەی قورستر بەکاردەهێنن، کە فاست یەکێکە لەو ماددانەی هەرچیەکی لێبکەیت لەسەر ماددەکە دەمێنێتەوە و تێکەل بە خواردنیش دەبێت کاتیک بۆ قاپ بەکاربێت، یەکێکە لە هۆکارەکانە بۆ توشبوون بە شێرپەنجە، بۆیە گرنگە ژنان هۆشیاریان هەبێت دەربارەی ماددە پاککەرەوەکان، بەرلەوەی خۆیان چارەسەر بکەن و پێویستە پارێزگاری لە خۆیان بکەن بۆ ئەوەی تووشی نەخۆشی نەبن، بەردەوام پێستەکانیان شێدار بکەنەوە و ئاگاداری بن، لە بری ماددە کیمیاییەکان ماددە سروشتییەکانی وەک سرکە و سۆدە بۆ پاکردنەوە بەکاربهێنن.