ژیاننامەی ئەمڕۆ: یەکەم مێژوونووسی کورد

ڕێچکەشکێنی بواری هۆنراوە و ئەدەبی کوردی، مەستوورەی ئەردەڵانی یەکەمین ژنە کە مێژووی کوردی نووسیوەتەوە لە قۆناغ و سەردەمێکی وەهادا کە خوێندن و زانست بە ئاستەنگ بە دەستدەهات.

ڕێچکەشکێنی بواری هۆنراوە و ئەدەبی کوردی، مەستوورەی ئەردەڵانی یەکەمین ژنە کە مێژووی کوردی نووسیوەتەوە لە قۆناغ و سەردەمێکی وەهادا کە خوێندن و زانست بە ئاستەنگ بە دەستدەهات.

ناوەندی هەواڵ

 

مەستورە بە نووسینی "مێژووی ئەردەڵان" دەبێتە یەکەم ژنی مێژوونووس، جگە لە مێژوو هۆنراوەشی نوسیوە، لە ئەدەبیاتی فارسی و عەرەبیدا خاوەنی دەستێکی باڵابووە.

 

مەستورەی ئەردەڵانی ناوی تەواوی "ماه شەرەفەدین خان"ە، کچی ئەبولحەسەن بەگە، لە نێو کۆمەڵگادا پلە و پایەیەکی بەرزی هەبووە، مەستوورە لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ١٨٠٤ لە بنەماڵەیەکی زانستی و ڕێزدار لە تیرەی قادریەکانی سنە چاوی بەدنیادا هەڵهێناوە، خێزانی  ناوداری کورد "خەسرەو خانی" میری میرنشینی ئەردەڵان بووە.

 

مەستورە بە نووسینی "مێژووی ئەردەڵان" بە یەکەم ژن دەژمێردرێت کە لەسەر ڕێبازەکەی میر شەرەفەدین خان ڕۆشتووە و لەو بوارەدا بەچاکی توانای خۆی نیشان داوە، هەروەها کتێبی لە سەر ئایین و ناساندنی هۆنراوەنووسان نووسیوە و بە یەکەم ژنی مێژوونووس لە جیهاندا ناوبانگی دەرکرد.

 

مەستوورە لە سەردەمێکدا دەژیا کە دەنگی ژنان لە کوردستان و جیهانیشدا خنکێندرابوو، خەڵک لە ترسی شازادەی قاجارەکان کچان و ژنانیان لەژێر ڕووبەند و چارشێو دەشاردەوە، بەم شێوازەوە سەراکانیان لە ژنان جمەی دەهات، لەو سەردەمەدا ژنان لە سادەترین مافی سەرەتایی بێبەش بوون و ژنان بە موڵک و سامانی پیاو هەژمار دەکران.

لەو دۆخەدا ژنێکی کورد ناوی لەناو دنیای هۆنراوە و ئەدەبدا سەریهەڵدا، بزووتنەوەی وێژەی گەلی کوردی لە چنگی پیاوان دەرخست و بە هەردوو زمانی فارسی و کوردی وشەکانی هۆنیەوە.

 

ژنە هۆنراوەنووسی میرنشینی ئەردەڵان لە ماڵی خۆیدا کتێبخانەی دەوڵەمەندی ئەو سەردەمەی هەردوو بنەماڵەی قادری و بابانی لەبەردەستدا بووە و لە منداڵیدا مامۆستای تایبەتی بۆ گیراوە، بە فارسی و عەرەبی خوێندوویەتی.

 

ئەمە لەگەڵ ئارەزوو شەوقی زانیاریخوازی خۆیدا بۆ خزمەتی ئەدەبی زانست بوونەتە دەستمایەی ئەوەی بببێتە یەکێک لە هەڵکەوتوانی سەردەمی خۆی، لەو کاتەی کە زۆربەی خەڵکی کوردستان لە خوێندنەوە و زانست بێبەش بوون، ئەم ژنە مێژوونووسە بەهۆی پەرۆشی بۆ زانست و فێربوون لێکۆڵینەوەی دینی و ئاینی هەبووە. 

 

مەستوورە پلەی خوێندنی بەرز بووە، جگە لەوەی لە ئەدەبیاتی فارسی و عەرەبیدا خاوەنی دەستێکی باڵا بووە، توانیویەتی بەسەر ئەدەبیاتی گۆران و کوردییدا زاڵ بێت و بە هەرسێ زمانی فارسی، عەرەبی و کوردی هۆنراوەکانی هۆنیوەتەوە، بە پێی ئەو نووسراوانەی سەبارەت بە ئەم کەسایەتیە هەیە نزیکەی بیست هەزار بەیتە هۆنراوەی هەیە.

 

تا ئێستا زانراوە مەستوورە ئەم بەرهەمانەی هەبووە

هۆنراوە- کە دواتر سەرجەمی هۆنراوەکانی بەناوی "دیوانی مەستوورە" سی جار چاپکراوە، چاپی یەکەم و دووەمی بە زمانی فارسین بەڵام چاپەکەی تر جگە لە هۆنراوە فارسیەکانی، ٤٦٢ بەیتی کوردی تێدایە، زۆربەی هۆنراوە کوردیەکان بە دیالێکتی "گۆران"ن، هەروەها مجمع الادباء-کە بیۆگرافی هۆنراوەنووسانی کوردە، نووسیوە.

 

عقايد- لە وڵاتی سوید لەلایەن عبداللە مەردۆخییەوە لە چاپ دراوە، لە "مێژووی ئەردەڵان"دا باس لە مێژووی میرنشینی ئەردەڵان دەکات.

 

ماه شەرەف خان "مەستوورە" لە ساڵی ١٨٤٥ زاینیدا دەستی بە نووسینی "مێژووی ئەردەڵان" کردووە، کە تەمەنی ٤٢ ساڵە و دڵنیایە لەوەی لەو تەمەنەدا زەخیرەیەکی زۆری لە ڕووداوەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەیەم هەیە، ئەم نیو سەدەیەش بۆ هەموو میرنشینە کوردەکان ناسکترین قۆناغی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ڕووناکبیری و چارەنووسیان بووە.

 

 مەستوورە پاش مەرگی هاوسەرەکەی سیانزە ساڵ ژیاوە، ئەمەش یەکێک لە نموونەی هۆنراوەکانی:

ڕوحی شیرینم لەبەرچی ئەمڕۆ وا لوتفت نیە

نووری بینایی چاوەکانم پێم بڵێ سووچم چیە

بێ قاباحەت لێم زوویری چاکە ئینسافت ببێ

تاکوو نەمرم خۆ مەحاڵە ڕۆیشتنم لەم قاپییە

 

 لە هۆنراوەیەکی تری کە بۆ مەرگی خەسرەوی هاوسەری نوسیووە بە زمانی فارسی:

 نەسەحن چەمەن نەوانۆ بولبول

هەنی نەنیشتۆ ژاڵە نەڕووی گوڵ

وەنەوشە و سونبول نەسرین و شەوبۆ

تاقام قیام بەرنەیان جەکۆ

بگیرۆ وەدەس هەرکەس دەسەی گوڵ

وێنەی نیشی خار بپێکو نە دڵ

 مەستوورە مەلوول دڵ جەمەینەت مەس

جام عەیش تەهی شیشەی خەم بە دەس

 

 

لە پایزی ١٨٣٦ی زاینییدا بەهۆی گۆڕانی باردۆخی سنە وڵاتی ئەردەڵانی بەجێهێشت و لە پایتەختی میرینشینی بابان لە شاری سلێمانی نێشتەجێ بوو، لە ١٨٤٨دا بەهۆی نەخۆشی ڕشانانەوە کۆچی دوای کرد و لە گردی سەیوان بە خاکسپێردرا.

 

ت.پ