ژیاننامەی ئەمڕۆ: پێشەنگ و داکۆکیکاری مافی ژنان و کورد

گوڵتان کشاناک، پێشەنگ و داکۆکیکاری مافی ژنان و کورد

گوڵتان کشاناک، یەکێکە لە تێکۆشەرەکانی ئازادی ژن و کورد، بەو هۆیەشەوە چەندین جار ڕووبەڕوی زیندانیکردن بووەتەوە، هەروەها خاوەنی پەرتووکی "ڕەنگی مۆری سیاسەتی کوردە" کە لەزیندانەکانی دەوڵەتی تورکدا لە ساڵی ٢٠١٨دا نووسیویەتی.

ناوەندی هەواڵ

 

گوڵتان کشاناک، یەکێکە لە تێکۆشەرەکانی ئازادی ژن و کورد، بەو هۆیەشەوە چەندین جار ڕووبەڕوی زیندانیکردن بووەتەوە، بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیاری چەندین ڕۆژنامەی وەک "یەنی ئولکە، ئوزگور گوندەم، ئۆزگور ئولکە" بووە، هەروەها خاوەنی پەرتووکی "ڕەنگی مۆری سیاسیەتی کوردە" کە لەزیندانەکانی دەوڵەتی تورکدا لە ساڵی ٢٠١٨دا دەربارەی تێکۆشانی ژنانی باکووری کوردستان نووسیویەتی.

 

پێشەنگی مافی ژنان و ڕۆژنامەنووس گوڵتان کشاناک، لە ١٥ ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦١ لە شاری خارپێچی باکوری کوردستان لە دایک بووە، ژیانی هاوسەرگیری پێک هێناوە و دایکی کچێکە، لە ساڵی ١٩٧٨ لە پەیمانگای ئیجە دەستی کردووە بە خوێندن لە ساڵی ١٩٨٠ دەستبەسەر کراوە بۆ ماوەی دوو ساڵ لە زیندانی ئامەد و لەگەڵ ساکینە جانسز ماوەتەوە، گوڵتان و ساکینە چەندین جار ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بوونەتەوە لە زینداندا، پاشان لە ساڵی ١٩٨٦ لە بەشی ڕۆژنامەوانی زانکۆی ئیجە لە شاری ئیزمیر دەست بە خوێندن دەکاتەوە. 

 

لە ساڵی ١٩٨٨ کاتێک شاری هەڵەبجە لە باشوری کوردستان لەسەر دەستی سەدام حوسێن کیمیاباران کرا گوڵتان لەگەڵ پەرلەمانتارانی دیکەی کورد ئیدانەی ڕژێمی بەعسی عیراق دەکەن و ناڕەزایەتی دەردەبڕێت، بەو هۆیەوە بۆ ماوەی ساڵێک زیندانی دەکرێت.

لە ساڵی ١٩٩١ یەکەم ئەزموونی ڕۆژنامەوانی لە ڕۆژنامەی گونەش دەبێت، تا ساڵی ٢٠٠٤ وەک بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیاری گشتی چەند ڕۆژنامەیەک کار دەکات لەوانە "ڕۆژنامەی یەنی ئولکە، ئوزگور گوندەم، ئۆزگور ئولکە".

 

لە  ساڵی  ١٩٩٧ دەست دەکات بە کار کردن لە بواری مافەکانی ژنان و هۆشیارکردنەوەیان. لە ساڵی ٢٠٠٤ وەک ڕاوێژکاری سیاسی لە شارەوانی ڕێزان لە شاری ئامەد دەستبەکار دەکات.

لە ساڵی ٢٠٠٧ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا وەک پاڵێوراوی گروپی کاندیدانی "هەزار هیوا" ی سەربەخۆ دەبێتە پەرلەمانتار و نوێنەری خەڵکی شاری ئامەد، یەکێک لەو هۆکارانەی کە وای لە گوڵتان کردووە ببێتە پەرلەمانتار ئەوە بووە کە باوەڕی بە دیموکراسی بوونە و دەڵێت " دەمەوێت دوور لە توندوتیژی، بە دانوستان و یاسا کێشەی کورد چارەسەر ببێت".

 

لە ساڵی ٢٠٠٩ داوا لە پەرلەمانی تورکیا دەکات کە هاوڵاتیان ئازاد بن لە قسەکردن بە زمانی کوردی، بەڵام وەڵامی داواکەی نادرێتەوە، لە هەمان ساڵیشدا بە هاوسەرۆکی هەدەپە ‌هەڵدەبژێردرێت.

لەساڵی ٢٠١٤شدا وەک یەکەمین ژنی کورد بە هاوسەرۆکی شارەوانی ئامەد هەڵدەبژێردرێت، دواتر لە ٢٥ی تشرینی یەکەم ٢٠١٦دا بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ "پەکەکە" دەستگیر دەکرێت، لە دژی دەستگیر کردنەکەی بە هەزاران کەس دەڕژێنە سەر شەقام و ناڕەزایەتی دەردەبڕن، دواتر سزای ١٤ ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێنرێت.

 

گوڵتان، هەر لە زینداندا و لە ساڵی ٢٠١٨دا دەستدەکات بە نوسینی پەرتووکێک بە ناوی "ڕەنگی مۆری سیاسەتی کورد" کە دەربارەی تێکۆشانی ژنانی باکوری کوردستانە.

 

ت.پ