ژیاننامەی ئەمڕۆ: ڕابەرێکی هۆنەری بە نەژاد کورد و تێکۆشەرێک لە پێناو مافی ژنان

عائیشەی تەیموری نووسەر و هۆنەرێکی کوردی میسریە، لە خێزانی تەیموریەکانە و باوکی بە نەژاد کوردە و پشتگیری تەواوی خولیای ئەدەبی کچەکەی کردووە، ڕابەرێکە لە ڕابەرانی سەدەی نۆزدەی بزوتنەوەی ژنان لە نیشتیمانی عەرەبی ئامانجیان بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان بووە.

ناوەندی هەواڵ

 

عائیشە عیسمەت ئیسماعیل پاشا تەیمور، ساڵی١٨٤٠ لە حەی دەرب سەعادەی شاری قاهیرەی وڵاتی میسر، لە یەکێک لە کۆشکەکانی ئەرستۆکراتیەکان لە دایکێکی شەرکەسی بەناوی ماهتاب خانم و باوکێکی بە نەژاد کوردی هاتۆتەدونیاوە، نوسەر و هۆنەرێکی کوردی عەرەبی میسریە، لەخێزانێکی زانستی و سیاسیدا گەورە بووە  وسەر بەخێزانی تەیموریەکانە کە خێزانێکی ئەدەبی سیاسین.

 

باوکی عائیشە پیاوێکی ڕۆشنبیر بووە و هۆگری کتێب و ئەدەب بووە بریکاری دەزگای محمەد تۆفیق پاشا بووە لە سەردەمی دەوڵەتی خدێویەکان لە میسر، هەروەها براکەی ئەحمەد تەیمور ئەدیبێکی ناوداری عەرەبیە دوای مردنی باوکیان عائیشە پەروەردە و فێرکردنی هۆنەری براکەی گرتۆتە ئەستۆ تا ڕێگای خۆی دۆزیوەتەوە و بۆتە رابەرێک لە رابەرانی ئەدەبی عەرەبی.

سەرەرایی ئەوەی دایکی دژی ئەو خولیایەی عائیشە بووە لە بەرامبەردا باوکی پشتگیری لە بەهرە و خولیای عائیشە کردووە و چاودێری بەرەو پێشچوون و پێشکەوتنەکانی بووە لە خوێندن و لێکۆڵینەوەی ئەدەب، کاتێک درکی بە مەیلی عائیشە کرد بۆ ئەدەب مامۆستای زمانی فارسی، تورکی و زانستە عەرەبیەکانی بۆ هێناوە تاکو فێری زمان و هۆنەر و ئەدەبی بکەن.

عائیشە شاکاری ڕەوانبێژی بووە و بەتایبەت لە لاواندنەوە بۆ کۆچی لەدەستدانی کچەکەی '' تەوحیدە''  کاریگەری توند و قوڵی لەسەر جێما، حەوت ساڵ لە خەم و گریاندا مایەوە، کچەکەشی بەهەمان شێوەی خۆی حەز و خولیای شیعری هەبووە.

عائشەی تەیموری خاوەن دیوانێکی شیعریە بە زمانی عەرەبی بەناوی (حلية الطراز) و بە زمانی فارسیش لە میسر و ئێران چاپکراوە، نامەیەکی ئەدەبی بەناونیشانی  "نتائج الأحوال في الأقوال والأفعال" هەیە لە میسر و تونس چاپکراوە، خاوەن ڕۆمانێکیشە بەناوی"اللقا بعد الشتات" هەروەها ڕۆمانێکی تەواو نەکراوی بە دەستنووسی خۆیی هەیە.

عائیشە لە گۆڤاری الآداب و المؤيد ژمارەیەک وتاری بڵاوکردۆتەوە، لە پاشماوە ئەدەبیەکانی «مرآة التأمل في الأمور» کتێبەکە کۆمەڵێک چیرۆکی لەخۆگرتووە، لە ٢٥ی ساڵی ١٩٠٢ بەهۆی نەخۆشی مێشکەوە لە قاهیرە کۆچی دوایی کردووە.

 

ت.پ