ژن
کنێر جەمیل - هۆنەر
کەزی و بسکی شۆڕە ژنە
بووە ڕەشماری نەیار تۆقێن
پێشەنگی جەنگی گرتە دەس
بە پۆستاڵ ڕەشان دەڵێ: بەس!
ژنە کوردە لە جەنگەی خەباتی چەکدار
بەردەبازی زۆردارانە
بۆ سەر قەڵای سەختی زۆردار!
لە ژوانگەی شەونخوونیدا وەدەرکەوت
بەرەو کێوی سەربڵندی وەسەرکەوت
بۆ غیرەت پێدانی لاوان
لاواندنەوەی ئاواتی جوانەمەرگان
وتی: من ژنە پێشمەرگەم …. پێشمەرگەی ژن
دەشێوێنم نەخشەی دوژمن
هاتومەتە لانکەی ویژدان
بۆ دیارکردنی ناونیشان …. نەک بۆ گیرفان
با ببمە قۆچی قوربانی و
گەلم شادبێ بە ئازادی و جوانی ژیان!
ببمە هێما بۆ نازینی ڕۆڵەکانم .. نەوەکانم
وڵاتە بێ ئاڵایەکەی کوردستانم!