شێوەکاریی سەر دیوار" هیوا و گەڵاکان"، گەشتێکی پەنابەرێتی کێشراو لەسەر دیواری برۆکسل
شێوەکاریی سەر دیواری هیوا و گەڵاکان گوزارشت لە دیدگای هونهرمهندی سوودانی ئالا ساتر دەکات بۆ گەشتی پەنابەرێتی وەک جووڵەیەکی بەردەوام بەرەو ئارامی، کە تێیدا جەستەی مرۆڤ و باڵندەکانی وەک خوازراوێکی بینراوی بەهێز بەکارهێناوە.
ناوەندی هەواڵ ـ تابلۆی سەر دیواری هیوا و گەڵاکان بووەتە زیادکەرێکی هونەریی دیار بۆ شەقامی شامب دو لیگلیز لە برۆکسل. ئەم بەرهەمە لەلایەن هونەرمەندی سوودانی ئالا ساتر ەوە لە چوارچێوەی پڕۆژەی ئای کۆرن دا جێبەجێ کراوە، کە پڕۆژەیەکە بۆ دابینکردنی حەشارگەیەکی ئارام بۆ ئەو نووسەر و هونەرمەندانەی لە سەرانسەري جیهاندا مەترسییان لەسەرە.
ئەم کارە هونەرییە پەیامێکی ڕوونی پێوەست بە مافەکانی ژنان ، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئازادیی دەربڕینەوە هەڵگرتووە. ئەم جداريةیە کە لە نێوان ١٩ بۆ ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٣دا کێشراوە، بنەمای بیرۆکەکەی لەسەر هێڵێکی لێژ داڕژاوە وەک هێمایەک بۆ گەشتی پەنابەرێتی کە پڕە لە کۆچ و جووڵەی بەردەوام. هونەرمەند لەم تابلۆیەدا جەستەی مرۆڤ و باڵندەکانی بەکارهێناوە بۆ نیشاندانی ئەم کۆچە بەردەوامە بەرەو دۆزینەوەی ئارامی؛ ئەمەش وەک وێناکردنێکی بەهێز کە لە یەک کاتدا ڕەنگدانەوەی سەختی و ناسکیی گەشتەکە و هێزی هیوای ناو دڵی مرۆڤەکان دەکات.
ئالا ساتر کە لە ساڵی ١٩٩٠ لە شاری خەرتووم لەدایکبووە، بە یەکێک لە دەنگە هونەرییە دیارەکانی ئێستای سوودان دادەنرێت. ئەو بە کێشانی وێنەی سەرنجڕاکێش،و کاریکاتێر ناسراوە، کە تێیاندا باسی مافەکانی ژنان، شۆڕشی سوودان و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەکات.
لە دوای یەکەمین پێشانگەی لە خەرتووم لە ساڵی ٢٠١٧دا، کە تێیدا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگەی سووداندا، پێگەی خۆی وەک هونەرمەندێکی داکۆکیکار لە ئازادی و گۆڕانکاری چەسپاند. هەروەها لە کاتی شۆڕشی سووداندا لە ساڵانی
٢٠١٨ - ٢٠١٩، بەهۆی کێشانی تابلۆکانی سەر دیوار ناوبانگێکی جیهانی بەدەستهێنا، کە بوونە هێمایەک بۆ بەشداریی و ڕۆڵی ژنان لە ڕاپەڕینی گەلدا.
ئەو لە ڕێگەی کارەکانیەوە، تا ئێستاش بەردەوامە لە پاراستنی ئازادیی ڕادەربڕین، بەهێزکردنی پێگەی ژنان، و نیشاندانی چیرۆکە مرۆییەکان لە ناوجەرگەی ململانێ و گۆڕانکارییە سیاسییەکاندا.