کلاودێت کۆڵڤینی ١٥ ساڵ کە بە وشەی "نەخێر" مێژووی گۆڕی

لە ٥ی ئەیلوولی ١٩٣٩دا، لە پارێزگای ئەلابامای ئەمەریکا، منداڵێکی کچی ڕەنگ جیاواز و ئاسایی لە دایک بوو، ناوی کلاودێت ئۆستن بوو، نە خۆی و نە خێزانەکەی، هیچ کات نەدەیانبەستەوە بەوەی کە رۆژێک لە رۆژان بە تەنها یەک وشەی "نەخێر" جێگەی لە مێژووی ژنانی جیهاندا گرت

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٢ی ئاداری ١٩٥٥دا، کلاودێت کۆڵڤینی تەمەن ١٥ ساڵ لە مۆنتگۆمەری ئەلابامای ئەمەریکا، لە قوتابخانە دەگەڕایەوە ماڵەوە، لەو بەشەی ئاوتۆپاس دانیشتبوو کە بۆ گەشتیارە ڕەمگ جیاوازەکان تەرخان کرابوو. بەڵام، کاتێک ئاوتۆپاسەکە پڕ بوو، شۆفێرەکە داوای لە کلاودێت کرد هەستێتە سەر پێ و شوێنەکەی بۆ گەشتیارێکی سپیپێست بەجێبهێڵێت، ئەو تەنها بە یەک وشە وەڵامی داوەوە: "نەخێر." پۆلیس بە زۆر لە ئاوتۆپاسەکەی دەرکرد، دەستەکانی کەلەپچە کرد و دەستبەسەری کرد. لەو ڕۆژەدا کلاودێت کە هێشتا منداڵ بوو، ڕەتی کردەوە لە بەرامبەر جیاکاری ئەنجامداندا بێدەنگ بمێنێت، بەرخوودانی کلاودێت، ٩ مانگ پێش چالاکی هاوشێوەی ڕۆزا پارک ئەنجام درا و دواتر لە هەموو لایەکی جیهاندا ناوبانگی دەرکرد.

هۆکاری نەکردنی بە رووی تێکۆشان

 

بەڵام ڕابەرانی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکانی ئەو سەردەمە، کلاودێتیان نەکردە ڕووی تێکۆشانەکە، چونکە پێیان وابوو زۆر گەنجە و پشتگیریی ڕای گشتی پێویست بەدەست ناهێنێت، سەرەڕای ئەمەش، کلاودێت بوو بە یەکێک لە داواکارانی دۆزە مێژووییەکەی دژ بە جیاکاری ڕەگەزی لەناو ئاوتۆپاسدا، ئەم دۆزە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی گێڕا لە بڕیاری کۆتاییهێنان بە جیاکاری ڕەگەزی لە گواستنەوەی گشتی لە ئەمەریکادا.

کۆچی دوایی و یادکردنەوە

 

کلاودێت کۆڵڤین لە ١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا، لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا بە هۆی هۆکاری سروشتییەوە لە خانەی بەڕێوەبردنی بەتەمەنەکان لە تێکساسی ئەمەریکا، کۆچی دوایی کرد، سەرەڕای ئەوەی ناوی بۆ چەندین ساڵ لە پشتەوە هێڵدرایەوە، بەڵام مێژوونووسان ئەمڕۆ کلاودێت کۆڵڤین وەکو یەکێک لە پاڵەوانە نەناسراوەکانی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان بیر دەهێننەوە، چیرۆکەکەی ئەوەمان بیر دەهێنێتەوە کە ئازایەتی بە تەمەن پێوانە ناکرێت و هەندێک جار بەهێزترین هەنگاوەکانی کە ڕێڕەوی مێژوو دەگۆڕن، بە وتنی "نەخێر"ـی کەسێک دەست پێ دەکەن.