ژنەکان هیچیان پێک ناچن

نەزەند بەگیخانی

ژنەکان هیچیان پێک ناچن

ژنەکان هیچیان پێک ناچن
هەیانە وەک ئینجانەیەکی بەتاڵ
لەبەردەم پەنجەرەیەکی شەرمن
لە قووڵایی شەو رادەمێنێ و
چاوەڕێی هێمایەک دەکا
وەک بورکان هەڵسێ
تۆوێک بە ناخیدا بڕێژێ
ئینجا لە چاوەڕوانیی چەکەرەیەکدا
رۆژەکانی وەک دەنکە ژەنگیانە دەژمێرێ
بەڵکو لە وەهمی ژنایەتیدا
گوڵی نێر بگرێ؟

هەیانە چڵ دەردەکا
بەسەر روخساری شاردا لار دەبێتەوە
لە ترۆپکی منارەکان 
لێشاوی کەفێکی سپی بەدی دەکا
کە بەسەر وشکایی جەستەیدا سەردەکا
ئینجا ئەو شکۆفە دەکا
بێ ئاگا لە چڕنووکی رەشەبا
کە لەوانەیە شەوێ
وەک نێرەزمە
لە رەگەوە هەڵیکێشێ

ژنەکان هیچیان پێک ناچن
هەیانە تاک و تەرا
سەری خۆی هەڵدەگرێ
لە دوورگەیەکی تەنیا 
ئاڵای ژنایەتی هەڵدەکا
لە بەریەککەوتنی شەپۆڵ و تاشەبەرددا
ئاهو ناڵەی قەیرە کچەکان دەبیسێ
کاتێ لافاوی شەهوەتێکی شین
لە ئەندێشەی کچێنییدا 
بەناو کۆڵانەکانی جەستەیاندا گوزەر دەکا

هەندێک لەوان دەبنە درەخت
لە باخچەیەکی دوور
شەونمی گومان لەسەر گەڵاکانیان دەنیشێ
ئاسمان دەکەنە کەپرێکی پڕئەستێرە
لەژێریدا سەما دەکەن
لێوی با ماچ دەکەن
 تێر تێر باران لەئامێز دەگرن
کە ئێوارەش دادێ
تریفە دەدەن و
لە رەحمییاندا مانگ هەڵدێ
 

 Nazand Begikhani ©

Photo: Courtey of Bahra Muhamadi Sargalu
Kurdistan, Dukan. Summer 2024