ئەزموونی نەوال لە ماوەی ١٣٤ ڕۆژدا: کۆبانێ

نەوال عەگید کۆچەر، کە بەشداری لە بەرخۆدانی ١٣٤ ڕۆژە لە دژی چەتەکانی داعش لە کۆبانێ کرد و ٣ جار بریندار بوو، بە وتنی "بە کۆبانێ مێژوو و بەرخۆدانم بیر دەکەوێتەوە" داوا لە ژنان دەکات خاوەندارێتی لە کۆبانێ و دەستکەوتەکانیان بکەن.

بێریڤان ئیناتچی

 

ناوەندی هەواڵ- هەموو شارێکی ڕۆژئاوای کوردستان چیرۆک و ئەزموونی بەرخۆدانی ناوازەی هەیە، لە هەر شارێکدا ژنان چیرۆکی خۆیان نووسیوە و لەگەڵ بەرخۆدانی ئەو شارانەدا چیرۆکی ژنان بە زیندووی دەمێنێتەوە، کۆبانێ یەکێکە لەو شارانەی ١٣٤ ڕۆژ بەرەنگاری هێرشی چەتەکانی داعش بووەوە، کە لە ١٥ی ئەلوولی ٢٠١٤ دەستی پێکرد و لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥دا بە بەرخۆدانییەکی بێوێنە شارەکە ئازاد کرا.

 

١٣٤ ڕۆژ بەرخۆدانی لە لاپەڕەکانی مێژوودا نووسرایەوە، لە هەر لاپەڕەیەکدا چیرۆکێکی ژنان هەیە کە واتای ژیانی ئازاد و شکۆمەندیان گۆڕی، سنوورەکانی کۆبانێیان بەزاند، سنوورەکانی کوردستانیان بەزاند و گەیشتە هەموو ژنانی جیهان،  یەکێک لەو چیرۆکانە نەوال عەگید کۆچەرە.

 

نەوال وەک ژنێک، کە لە کۆبانێ شەڕی کردووە، سێ جار بریندار بووە، بەڵام هەر جارێک دوای ساڕێژبوونی برینەکانی، ڕادەکاتەوە بۆ هێڵەکانی شەڕ، بۆیە نەوال و کۆبانێ چیرۆکی هاوبەش و مێژووی تێکهەڵکێشیان هەیە.

 

"نەمتوانی ئازاری گەلەکەمان قبوڵ بکەم"

نەوال عەگید دەربارەی دۆخی گەل لە ڕۆژئاوای کوردستان دەڵێت: من نەمتوانی ئەو دۆخە قبوڵ بکەم کە گەلەکەمان تێیدا دەژیا، کاتی ئەو هێرشەی کە دەکرایە سەر گەلەکەمان، چوومە کۆبانێ" دەست دەکات بە خستنەڕووی هۆکاری بەشداریکردنی لە بەرخۆدانی مێژوویی، بەوەی کاتێک هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ توندتر بوو لە ٢٠١٤دا لەگەڵ ٥٠ هەڤاڵیدا چووەتە کۆبانێ، کاتێک نەوال کۆبانێی بەجێهێشت، تەمەنی ١٨ ساڵ بوو، لە کاتی هاتنەوەیدا هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ قورستر دەبێت. نەوال دەڵێت، کاتێک کۆبانێی بەجێهێشت، چەتەکانی داعش چوونەتە ناو شارەکەوە، کۆبانێش خەباتی بۆ بوون و نەبوون دەکرد، گەڕەک بە گەڕەک، شەقام بە شەقام، نەوال بەم شێوەیە باسی سەردانەکەی بۆ کۆبانێ دەکات و دەڵێت: "کاتێک بۆ یەکەمجار کۆبانێم بینی بۆنی باروتی لێهات و دەنگی هاوەنەکان زۆر بوون، شەڕێکی قورس ڕوویدا، چەتەکانی داعش بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشیان دەکردە سەرمان، ئێمەش وەڵاممان دایەوە".

 

هەموو ڕۆژێک کۆبانێ دەبێتە ناوی بەرخۆدان

ئەوەی هەموومان لە کۆبانێوە تێدەگەین، ئەوەیە کە ئەو بەرخۆدانەی لەوێ ئەنجامدرا تەنها هی کۆبانێ نەبووە، کاتێک نەوال باسی ئەو ڕۆژانە دەکات، ئەو ڕاستییە لە چاوەکانیەوە دەخوێنمەوە، کە لە ١٣٤ ڕۆژی کۆبانێدا ژن بەرخۆدانی کرد و کۆمەڵگەی سیاسی و ئەخلاقی بەرخۆدانی کرد، واتە مرۆڤایەتی بە گشتی لە بەرخۆداندا بوون، نەوالیش لەم شەڕەدا لەگەڵ هەڤاڵەکانیدا شەڕی دەکرد، هەندێک جار ڕووبەڕووی نەبوونی پێداویستی بوونەوە لە شەڕدا، بەڵام بە هەموو بوونیانەوە بەرەنگاری دەبنەوە، لەوێدا دەگەنە واتای ڕاستەقینەی خەبات و بەرخۆدان، واتە واتاوی هەبوون و نەبون بۆ زۆرێک کە دەیانەوێت بگەنە ئازادی، بەڵێ، نەوال یەکێکە لەو ژنانەی کە بە قژی درێژ و چاوە زەردەخەنەکارەکانییەوە، هەڵدەستێت و دژی تێڕوانینی پیاوانەی داعش دەجەنگێت کە دەیەوێت لەسەر ژن بنیادی بنێن.

 

3 جار بریندار بووە

لە کاتی شەڕی گەرمدا، نەوال دوو جار بریندار بووە، هەر جارێک برینەکەی بۆ دەبەستنەوە و دەچێتەوە بەرەکانی شەڕ و جارێکی دیکە چەکەکەی هەڵدەگرێت و دژی عەقڵی تاریکی داعش شەڕ دەکات، بەڵام بۆ جاری سێیەم نەوال بە سەختی بریندار دەبێت، بەم شێوەیە باسی ئەو ساتانە دەکات: "لە ساڵی ٢٠١٥دا هەڵمەتی مشتەنورمان دەست پێکرد، پێش ئەوەی هەڵمەتەکە دەست پێبکەین، بۆ مۆڕاڵ هەڵپەڕێن و بەو جۆش و خرۆشەوە بەرەو دوژمن ڕۆیشتین، هێرشەکە لە شەودا کرا، بەیانی کە چوومە شوێنی نۆبەتچی، بە فیشەکی قەناسێک بریندار بووم، فیشەکە بەر قورگم کەوت، دواتر هەڤاڵان هاتن و بردیانم بۆ نەخۆشخانە".

 

دوای ٣ مانگ هۆشی دێتەوە

نەوال بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی باکووری کوردستان، نەوال عەگید لە بەرامبەر پێکانە سەختەکەیدا بەرەنگار دەبێتەوە، دوای مانەوەی ٢ مانگ لە کۆمادا وەک ئەوەی لەدایک بووبێتەوە لە خەو هەڵدەستێت، دوای نەشتەرگەرییەکە نزیکەی مانگێک لە بەشی چاودێری چڕ دەمێنێتەوە، نەوال دەڵێت: دوای تێپەڕبوونی ٣ مانگ بەسەر پێکانەکەمدا، چاوەکانم کردەوە، قۆڵ و قاچەکانم نەیاندەتوانی بجوڵێن، نەمتوانی بوەستم، کاتێک چاوەکانم کردەوە هەستێکی زۆر جیاواز بوو، دوای مانگێک کەوتمە سەرپێ و قاچەکانم لەدایک بوونەوە، بەڵام قۆڵەکانم هێشتا نەدەجووڵان، بەڵام نەمتوانی قسە بکەم چونکە تەقە لە قوڕگم کرابوو".

 

مژدەی ئازادکردنی کۆبانێ

لەو کاتەی کە نەوال لە دژی برینە سەختەکەیی دەجەنگێت، هەڤاڵەکانی لە کۆبانێش خەبات بۆ ڕزگاری کۆبانێ دەکەن، نەوال کە لە نەخۆشخانە گوێی لە ئازادکردنی کۆبانێ بوو و هەستی خۆی دەربڕی و وتی: "لە پرۆسەی چارەسەردا ڕۆژێک پزیشکێک هاتە لام و پێی وتم مژدەیەکی خۆشم پێیە بۆتان، سەرم لەقاند چونکە نەمتوانی قسە بکەم، پێی وتم کۆبانێ ڕزگاری بووە، کاتێک بیستم کۆبانێ ڕزگاری بووە، خۆشییەکم هەبوو کە ناتوانم باسی بکەم، بەڵام خەمێکی قووڵ لە دڵمدا هەبوو. زۆرێک لە هەڤاڵیان کە لەگەڵیان بەشداریمان لە شەڕەکاندا کرد، شەهیدببوون، لەکاتێکدا دەبوو ئەم هەواڵە خۆشەیان بیستبایە".

 

"چەتەکان لە هەلهەلەی هەڤاڵانی ژن دەترسان"

نەوال باس لەوە دەکات کە کۆبانێ بە خەبات و بەرخۆدانی ژنان ڕزگاری بووە و دەشڵێت: "یەکێک لە نموونەکانی بەرخۆدانی کۆبانێ هەڤاڵ ئارینە، کاتێک هەڤاڵ ئارین لە مشتەنور چالاکی گیانفیدایی ئەنجام دەدات، دونیا هەستی بە بەرخۆدانی کۆبانێ کرد، هەڤاڵ ڕێڤان کاتێک لە هێلنج چالاکی گیانفیدایی کرد، دووبارە بەرخۆدانی کۆبانێی دایەوە بە گوێی جیهاندا، لە ناوەڕاستی شەڕدا، کاتێک هەڤاڵانی ژن هەلهەلەیان لێدەدا چەتەکانی داعش دەترسان، کۆبانێ بە تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنان ڕزگاری بوو، ئەو هەڤاڵە ژنانەی کە لە کۆبانێ شەهید بوون سەرکەوتنی کۆبانێیان مسۆگەر کرد، هەزاران هەڤاڵ لە کۆبانێ شەهید بوون".

 

نەوال لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەستبەسەر کراوە

چیرۆکی نەوال لێرەدا کۆتایی نەهات، هێشتا ڕێگەیەکی هەبوو بۆ گەڕانەوە، بەهۆی برینداربوونییەوە هێشتا توانای قسەکردنی نەبوو کاتێک نەوال داوای کرد لە باکووری کوردستانەوە بگەڕێتەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، واتە ئەو شوێنەی کە شەڕی تێدا کردووە، لەو کاتەدا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەستبەسەر دەکرێت، پاشان ئازاد دەکرێت و دەگەڕێتەوە ڕۆژئاوا.

 

بە دڵنیاییەوە کۆبانێ پێش پێکانی نەوال و دوای گەڕانەوەی وەک یەک نەماون، هەروەک چۆن کۆبانێ بە هەوڵی ژنانی شەڕڤان و فەرماندەکان بۆ ماوەی ١٣٤ ڕۆژ بەرخۆدانی کرد و لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥دا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، دوای ڕزگاربوون، ژیانێکی نوێ بە دەستی ژنان بنیاد نرا لەسەر بنەمای پارادایمی نەتەوەیەکی دیموکراتیک، نەوال سەبارەت بە دووەم سەردانەکەی بۆ کۆبانێ دەڵێت: لە ساڵی ٢٠١٥دا کە دوای ڕزگاری گەڕامەوە بۆ کۆبانێ، کۆبانێی کۆن نەمابوو، ئێستا ژیان لە کۆبانێدا خەریک بوو دەژیایەوە، بینینی ئەمە خۆشحاڵییەکی زۆر بوو، بینیم بۆچی ئەوەندە خوێن ڕژاوە. هەستێکی زۆر جیاواز بوو.

 

"کۆبانێ ناوی مێژوو و بەرخۆدانە، ئێمە بەرخۆدان دەکەین"

نەوال عەگید وتی: کاتێک دەڵێم کۆبانێ، مێژوو و بەرخۆدانم بیردەکەوێتەوە، کۆبانێ ئەو سەدان هەڤاڵەم بیردەخاتەوە کە لەوێ شەهید بوون، تەنانەت دوای ئازادکردنی کۆبانێ، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوامن، دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوا چونکە شکستی هێناوە، ئێمە ئەو دەستکەوتانەی بە خوێنی سەدان هەڤاڵی شەهیدمان بەدەست هاتوون لە بەرامبەر هێرشەکان دەپارێزین، لەسەر پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک کە ڕێبەر ئاپۆ لە ڕۆژئاوا پەرەی پێدا و بەردەوامی هەیە، تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین و سەردەکەوین.

 

"پێویستە ژنان خاوەندارێتی لە کۆبانێ و دەستکەوتەکانیان بکەن"

نەوال عەگید کۆچەر، یەکێک لە پێشەنگەکانی بەرخۆدانی کۆبانێ لە کۆتاییدا وتی: سەرکەوتنی کۆبانێ تەنها بەهۆی بەرخۆدانی کۆبانێ نەبووە، دەرئەنجامی تێکۆشانی هەموو ژنانی جیهان بوو، خەباتی هەر هەڤاڵێکی ژن لە کۆبانێ ڕێگایەکە کە ئازادی بۆ ژنانی جیهان دەستەبەر کرد، دەستکەوتی گەورەی بەدەستهێنا، هەر هێرشێک کە ئەمڕۆ دژی ڕۆژئاوا دەکرێت، دژی هەموو ژنانی جیهانە، وەک دۆستێکی نزیکی کۆبانێ، داوا لە هەموو ژنانی جیهان دەکەم ئاگاداری کۆبانێ و دەستکەوتەکانی ژنان بن و بیپارێزن.