گۆرانی ئەمڕۆ/ شەرەف

شاناز - شەرەف

 

گۆرانی شەرەف نوێترین بەرهەمی هونەرمەند شانازە ، بۆ ڕۆژی ٨ی مارس بڵاوی کردوەتەوە، باس لە کوشتنی ژنان دەکات بە ناوی شەرەف و وەلانانی خاک و نیشتمان دەکات.

 

شاناز لە گۆرانییەکەیدا، ئاماژە بەوە دەکات ژنان شەرەفی پیاو نین، بەڵکو نیشتمان و خاک دەبنە شەرەف و دەڵێت : من شەرەفی تۆ نیم ئەی پیاو، شەرەفی تۆ لە عەفرینە، ئەو هونەرمەندە، شەرەف پێشکەشی هەموو ژنانی نیشتمان دەکات و  دەربارەی بڵاوکردنەوەی گۆرانییەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی لە ئینستاگرام دەڵێت " شەرەف شایەنی ئەوەیە هەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە بیبستێت نەک لەبەر ئەوەی خۆم وتومە بەڵکو لەبەر ئەوەی پڕە لە پەیام بۆ ئەو کەسانەی بەکەم سەیری سۆزو هەست و ووجودی ژن دەکەن و ئازاریان دەدەن و دەیان کوژن".

 

شیعر: ڕەنج سەنگاویی

میلۆدی: نەوید زەردی

دەرهێنانی: NZ production

 

شەرەف

 

من مەکوژە...من مەکوژە
من شەرەفی تۆ نیم ئەی پیاو
شەرەفی تۆ لە عەفرینە
شەرەفی تۆ ئەم خاکە داگیرکراوەی سەرزەمینە
شەرەفی تۆ لە کەرکوک و لە حەمرینە
لە شنگال و خانەقینە
 
دڵخۆش مەبە کە نۆبێلی فرمێسک دراوە بە من
ئەوە بۆ تۆ داڕزینە لەسەر جەرگی من برینە
وەک سامورایی خەنجەرەکەت لە دڵی خۆت بچەقێنە
منی ژن شەرەفی تۆ نیم ئیتر خوێنی من مەڕژێنە