ئایشە گوڵ؛ ژنێک لە بەرگی بەرخۆداندا

ئایشە قادر ناسراو بە ئایشە گوڵ یان ئایشە گرۆکە لە ساڵی ١٩٣١ لە گەڕەکی بایزئاغای شاری کۆیە لەدایك بووە، ئامینەی دایکی پەروەردە و بەخێوی کردووە و یەك خوشك و دوو برای هەیە، لە تەمەنی چوار ساڵیدا باوکی کۆچی دوایی کردووە، بەهۆی جوانی و ئیرادە و ژیرییەکەیەوە هەر لە منداڵییەوە خەڵکی گەڕەك پێیان وتووە ئایشە گرۆکە، واتا ئایشە گوڵ، ئەم نازناوەش هەتا شەهید بوونی و ئێستا بووەتە ناوی ئایشە قادر.

 

ئایشە گوڵ لە ساڵی ١٩٤٧ ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، سێ کچ و پێنج کوڕی هەبووە، لە ڕێکخراوی کۆمەڵەی ئافرەتان ئەندام بووە و کادرێکی چالاکی بواری کۆمەڵایەتی و سیاسی بووە، لە کتێبی (یاد و ئافەرین)ی مامۆستا عەقیلە ڕواندوزیدا وەها ئایشە گرۆکەی ناساندووە: "ئایشە گور، ئایشە گوڵ، ژنە کوردی بەجەرگ و ئازا و ئازادیخواز، ڕۆڵێکی گرنگی لە ڕاپەڕینی هاوڕێبازەکانی (کۆمەنیستەکان) بەرامبەر بە ڕژێمی فاشست بینیووە، ئایشە گور ڕۆڵی تەتەری لە نێوانی ڕێکخراوەکان لەناو شار و شاخدا بینیوە و زۆریش هاتوچۆی چیای دەکرد، کە جێی مەترسی و گومان لێکردن بوو، تاکو لەلایەن پیاوانی سیخوڕی ڕژێمەوە خەبەری لێدراو دەستگیر کرا، زۆر ئازار و ئەشکەنجە دەدرێت".

 

حازم عەلی کوتک، پێشمەرگەی دێرین لە کتێبی یاداشتەکانیدا وەکو (دایکێکی مەزن) دەیناسێنێت و دەڵێت:" لە ساڵانی پێشمەرگایەتی بە شێرە ژنێك ئاشنابووم، کە لەناو کوردا کەم وێنە بوو، یەکەمجار لە هاوینی ساڵی ١٩٨٢ لە هیران و نازەنین شەڕەفی ئەوەم پێبڕا لە ماڵی حەسەن کاکە چاوم پێی بکەوێت، ئێمە چەند پێشمەرگەیەك بووین، وەک دایکی خۆمان هەموومانی ماچکرد، وەك محەمەد حەلاق و بەشداری کوڕی لە ئامێزی گرتین، مرۆڤ شەرمی لە دڵسۆزی و میهرەبانی ئەو شێرە ژنە دەکرد، هەرچەندە من یەکەمجارم بوو دەیبینم، بەڵام کەم وابووە، ئەوەندە لەزەت لە بینینی دایکم بکەم... لە دەشتی کۆیە و دۆڵی سماقوڵی و مەلەکان و دۆڵی ڕوستی و بارزان و هەموو ئەو شوێنانەی کە بۆی دەچووین، ئەو ژنە بە دوامانەوە بوو، کەمجار هەبووە، یەك مەنجەڵ دۆڵمەی کۆیە و خواردنی بۆ ئێمە لەناو بەرامپیلەکەی گرێ نەدابێ.

 

پێشمەرگەی دێرین چەتۆی بەڕانەتیش لە کتێبی (لاپەڕە پڕشنگدارەکان..پێشمەرگە و پێشمەرگایەتی) بە(دایکی هەموومان ئایشە گروك) دەیناسێنێت و دەڵێ: "چەند جارێك شەڕەفی ئەوەم بەرکەوت بە دیداری ئەو شێرە ژنە شاد بم، بەبێ موبالەغە هەمو جارەکان هەست و سۆزی دایکایەتیم لێ بەدی دەکرد، نەك تەنها من، بەڵکو هەموو هاوڕێیانیش، هەروا ئەو چۆن هەمووانی بە جگەرگۆشەکانی خۆی حیساب دەکرد، وەك دایکێکی دڵسۆز لە باوەشی دەگرتین و بۆنی ڕۆڵەکانی خۆی لێدەکردین، ئێمەش هەروا وەك دایکی خۆمان ئەو هەست و سۆزەمان لێی بەدی دەکرد و ڕۆڵە و دایك بووین بۆ یەکتر و بەڕاستی دایکی هەموومان بوو".

 

چالاکی سیاسی و حزبی و پێشمەرگایەتی ئەم ئایشە گرۆکە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بە جۆرێك بووە ڕژێمی بەعسی فاشیست لە ڕێگەی جاش و سیخوڕە چەپەڵە بەکرێگیراوەکانی هەموو هەوڵێك دەخاتە گەڕ بۆ دەستگیرکردن و لەناوبردنی، لە ١٦ی نیسانی ١٩٨٨دا لەگەل هاوڕێ گوڵەباخی کچی بە نهێنی هاتوونەتە ناو شاری هەولێر، مەفرەزەیەکی تایبەتی جاش پێیدەزانێت و زانیاری دەداتە هێزە ئەمنییەکان، ئەو شوێنە دەگرن کە ئایشە گرۆکەی تێدایە و دەستگیری دەکەن، لە دواتردا ئەشکەنجەی زۆری دەدەن و بە لاشەی بی گیانییەوە چەندین فیشەک دەبینرێت کە بەڵگەی ئەوەی ڕژێمی بەعسی فاشیست ئایشە گرۆکەی ڕەمی کردووە.