عایشە ڕەسوڵ هاوکاریکردنی هەژارانی لە پێش ئامانجەکانی دانابوو

یەکێک لەو ژنانەی بووە پاڵپشت بۆ خێزان و دەوروبەرەکەی عایشە ڕەسوڵە، کە هەمیشە هەوڵی دەدا بۆ ئازادی گەلەکەی.

عایشە ڕەسوڵ لە ساڵی ١٩٤٦ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، تا قۆناغی سێی ناوەندی سەرکەوتوو بووە لە خوێندن، بەڵام چارەنووس وایلێکرد بەردەوام نەبێت لە خوێندن و هەوڵی دەدا خوشک و براکانی خوێندن تەواو بکەن، دوای مردنی باوکی دەبێتە پاڵپشت بۆ خێزانەکەی و خوشکەکانی.

 

هەر لە منداڵیەوە هەستی نیشتمان پەروەری لا دروستدەبێت و ماڵەکەیان دەبێت بە مەڵبەندی ڕۆشنبیری، لەگەڵ دامەزراندی یەکێتی ژنانی کوردستان یەکێک بووە لە ژنە چالاکەکان و دەست بە خەبات دەکات.

 

لە دوای شۆڕشی ئەیلول لەبەر ئەوەی خەبات بە نهێنی دەکرا عایشە دەستدەکات بە گواستنەوەی چەک بۆ پێشمەرگەکان، لە ساڵی ١٩٦٩دا لە کارگەی جگەرەی سلێمانی لە بەشی چاپ دادەمەزرێت، دواتر ماڵیان دەگوازرێتەوە بۆ ناوچەی ماوەت و پێشوازی لەو ژنانە دەکەن کە دەڕۆنە ناو شۆڕشەوە.

 

عایشە بەردەوام بوو لە خەبات بۆ بەدیهێنانی ئامانجی گەلەکەی، لە ساڵی ١٩٩٢ وەکو ئەندامێکی چالاک لە کۆمیتەی یەکی کاسبکاران دەستبەکار دەبێت، ژوورێک دەکاتەوە بۆ خزمەتکردنی بواری ژنان، موچەکەی خۆی تەرخان دەکرد بۆ تەواو کردنی خوێندنی منداڵانی هەژار و یارمەتیدانی کەسوکاری شەهید.

 

لە ٦ی تەمموزی ٢٠١٩ کۆچی دوایی دەکات و لە مەزارگەی شێخ فەتاح لە شاری سلیمانی بە خاک دەسپێردرێت.