شامارانێکی باشووریی

 

"شامارانێکی باشووریی"، دەقێکی نوێی هۆنەر و نووسەر کەژاڵ نورییە و لە بارەی باشووری کوردستان و سیاسەتی بەڕێوەبردنەوە نووسیویەتی.

 

شامارانێکی باشووریی

کەژاڵ نوری

 

ئەو باشوورە شامارانێکی پێویستە

خوێنی هەرچی زوحاک هەیە،

رێک بیمژێ

هەرچی نیشتمان فرۆشە،

پێوەی بات و رێک بیکوژێ

وەرن ببین بە شاماران

پێوەیان بەین ، ئەوەی جاشە و

خاک دەخاتە ژێر پۆستاڵی داگیرکەران

وەرن ببینەوە بە ئانکی

ئەوەی مێژوی ناشیرینە

بیخەینەوە رەحمی دایکی

ئەو باشوورە شامارانێکی پێویستە

چی ئادەمی خەتاکارە شیکاتەوەو،

بیکاتەوە بە خاک و خۆڵ

چی حەوای کەلەرەق هەیە

بیتوێنێتەوە وەک سەهۆڵ

ئەو باشوورە شامارانێکی پێویستە

هەرچی فیرعەونە شای هەیە

هەڵی لوشێ و دوای کوشتن یەقی باتەوە

چی بەچکە فیرعەونی تیایە

شەوێک خۆی لە قەدی گشتیان بئاڵێنێ و

رێگە نەدات یەک دانەشییان

رۆژی تیادا بکاتەوە

ئەو باشوورە شامارانێکی پێویستە

بیکا بە دوورگەی مارەکان،

بە ناوچەیەکی قەدەغەکراو

لە گەشت و هاتوچۆی کەشتی

چەتە تاڵانچی و هارەکان

ئەو باشوورە شامارانێکی پێویستە

وەک سۆڵتانێکی بە زەبر

بیکات بە حەرەمسەرای خۆی

لە سەری هەموو زۆردارێ بات و، نەهێڵێ

کەس دەستی حەرام بێنێ بۆی

ئەو باشوورە شامارانێکی پێویستە

بەهەشتی ژێر زەویەکەی تەنیا هی ئەو بێ

دۆزەخ هەڵداتە سەر زەوی و،

بردنی سامانی سەر زەوییەکەی بۆ دوژمن

مەحاڵ بێ، هەر وەکو خەو بێ

وەرن ببین بەشاماران