ژیاننامەی ئەمڕۆ: ماری ماینارد دالی

ماری ماینارد دالی، کیمیازان ئەفریقی، یەکەم ژنی ئەفریقی بوو لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بڕوانامەی دکتۆرای پێبەخشرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ماری ماینارد دالی، کیمیازانی ئەفریقی، لە ١٦ی نیسانی ١٩٢١ لە ویلایەتی نیویۆرک لە ئەمریکا لەدایکبووە، لە سەرەتای خوێندنییەوە سەرسام دەبێت بە پەرتوکەکانی پاول دی کروف و لە خولیاکانی باوکییەوە بۆ زانست کاریگەر دەبێت، کاتێک لە خوێندنگەی ئامادەیی کۆلێژەکانی هۆنتەر بوو، کە تەنها ژنان تێیدا دەخوێنن، خولیاکانی بۆ خوێندن و پەروەردە لە بواری کیمیا دروستدەبێت، وەک خوێندکارێکی سەرکەوتووش لە کۆلێژی کوین لە نیویۆرک دیاریکرا.

 

ماری لە ساڵی ١٩٤٢دا خوێندنی کیمیای تەواوکرد، دوای ساڵێک خوێندنی ماستەریشی خوێند، بەهۆی پێشکەوتنە خێراکانییەوە، زانکۆ پشتیوانی کرد و ڕیگەی پێدا لە زانکۆی نیویۆرک لە بەشی کیمیادا بخوێنێت، پاشان لە زانکۆی کوینز دەبێتە مامۆستا، لە زانکۆی کۆڵۆمبیا دەست بە خوێندنی دکتۆرا دەکات لە بواری کیمیادا.

 

ئەو کیمیازانە بە توێژینەوەیەک تیشکی خستەسەر چۆنیەتی بەرهەمهێنانی پێکهاتەکان لە جەستەدا و کاریگەری خواردن لەسەری، تێزەکەی بەناوی "توێژینەوەیەک لەسەر چۆنیەتی کارکردنی ئامیلاس لە پەنکراسدا" بوو، لە ساڵی ١٩٤٧دا دوای سێ ساڵ لە توێژینەوەکەی، توانی بڕوانامەی دکتۆرا وەربگرێت، بەم سەرکەوتنەش بووە یەکەم ژنی ئەفریقی کە دکتۆرای کیمیای لە ویلایەتە یەکگرتووەکان وەرگرتووە.

 

ماری ماینارد دالی چەندین لێکۆڵینەوەی گرنگی کردووە، لەوانە لەسەر کۆلیسترۆل، شەکر، پرۆتینەکان، هەروەها لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیدا لەسەر کاریگەری کۆلیسترۆل لەسەر میکانیزمی دڵ، کاریگەرییەکانی شەکرە و ماددەکانی تر لەسەر تەندروستی دەمار و خەمۆکی کردووە.

 

ماریی کیمیازان لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٣دا لە نیویۆرک کۆچی دواییکرد.