فیلمی "المحطة"... دابڕانی مرۆڤ لە دڵی ململانێی یەمەن
دەرهێنەر سارا ئیسحاق لە فیلمی "المحطة" "وێستگە"دا چیرۆکێکی مرۆیی دەخاتە ڕوو کە لە کەشێکی داخراودا بە گۆشەگیری و ترس بەڕێوەدەچێت، کە بەنزینخانەیەکی دیاریکراو بۆ ژنان دەبێتە ئامڕازی پاراستن و دابڕان لە جیهانێک کە بەهۆی توندوتیژیەوە وێران بووە.
ناوەندی هەواڵ
فیلمی المحطة" "وێستگە" لە دەرهێنانی سینەماکاری یەمەنی سارا ئیسحاق، درامایەکی هاوبەشی نێوان یەمەن و ئوردن و فەرەنسایە، دیدێکی سینەمایی مرۆڤدۆستانە دەخاتە ڕوو کە خۆی لە وتاری سیاسی ڕاستەوخۆ بەدوور دەگرێت، لەبری ئەوە تیشک دەخاتە سەر وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە لە نێوان ململانێدا.
فیلمەکە لە ساڵی ٢٠١٦ تەواو بوو، بۆ یەکەمجار لە بەشی هەفتەی ڕەخنەگران لە فێستیڤاڵی فیلمی کان نمایشکرا و ئامادەیی خۆی لە یەکێک لە پلاتفۆرمە گرنگەکانی جیهان بۆ فیلمە تازەپێگەیشتوەکان جێگیر کرد، لە ڕێگەی چیرۆکێکی تایبەتیەوە باس لە ڕاستی کۆمەڵایەتییەکانی یەمەن دەکات کە کاریگەرییەکانی شەڕ و ئەو گۆڕانکارییە سەختانەی کۆمەڵگە بەسەریدا دێت.
فیلمەکە ئەزموونێکی سینەمایی پێشکەش دەکات کە ڕەگ و ڕیشەی لە ڕاستی ململانێی یەمەندا هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا خۆی لە تەڵەی ڕیتۆریکی سیاسی ڕاستەوخۆ دەپارێزێت، دەرهێنەر لەبری ئەوەی چیرۆکەکە بکاتە شەرمەزارکردنێکی سیاسیی ئاشکرا، هەڵیدەبژێرێت سەرنجی لەسەر ڕەهەندی مرۆیی کارەکتەرەکانی بێت، مامەڵەیەک بەکاردەهێنێت کە زیاتر پشت بە وردەکارییەکانی ڕۆژانەی مانەوە دەبەستێت نەک بە دروشم یان شیکاری سیاسی.
فیلمەکە لە دەوری ژنێک بە ناوی ”لەیال” دەسوڕێتەوە کە بەنزینخانەیەکی تەنها بۆ ژنان لە ناوچەیەکی نیمچە دابڕاو بەڕێوەدەبات، لەناو خانوویەکی گەورەدا دەژی کە بە پەرژینێکی ئاسنی بەرز دەورە دراوە، کە ئەمەش ئاماژەیەکی بینراوی ڕوونە بۆ خواستی گۆشەگیری و پاراستن لە ئاژاوەی دەوروبەری، ئەم کەشە داخراوە زیاترە لە تەنها پاشبنەمایەک بۆ ڕووداوەکان، دەبێتە سیمبولی دابڕانی زۆرەملێ لە جیهانێک کە بەهۆی توندوتیژی و داڕمانی کۆمەڵایەتییەوە وێران بووە.
لە دەرەوە، مۆتەکەی جەنگ گەورە دەردەکەوێت، گروپە چەکدارەکان دەسەڵاتی خۆیان دەسەپێنن و برا بچووکەکەی لەیال، ”لیت” بەهۆی بێتوانایی لە بەرەنگاربوونەوەیدا، تووشی بێڕێزی و هەراسانکردن دەکرێت، لەم چوارچێوەیەدا فیلمەکە دەست دەکات بە بونیادنانی گرژییە دراماتیکەکەی لە نێوان دوو جیهانی هاوتەریبدا: جیهانێکی ناوەوە کە ژنان تێیدا هەوڵدەدەن کەشی پارێزراو دروست بکەن، جیهانێکی دەرەوەش کە لە ژێر قورسایی چەک و ئاژاوەدا دەڕووخێت.
چیرۆکەکە وەرچەرخانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە دەبینێت بە دەرکەوتنی ”ئەحمەد”، کوڕێک کە لە وەرگرتنی سەربازی ڕزگاری دەبێت و بە دزییەوە دەچێتە ناو ژیانی خوشکی لەیال، ”شەمس”، دوای ئەوەی بە زۆر ئۆتۆمبێلەکەی دەبات، ئەم بەریەککەوتنە زوو تێپەڕە وردە وردە دەگۆڕێت بۆ پەیوەندییەکی قووڵی مرۆیی، لاوازی هەمووان ئاشکرا دەکات و دەرگا بەڕووی پرسیارەکاندا دەکاتەوە سەبارەت بە منداڵی هەراسانکراو، مانەوە و ئەو پەیوەندییانەی کە لە نێوان مەترسیدا دروستکراون.
فیلمەکە دوو چیرۆکی تێکەڵاو بەیەکەوە دەبەستێتەوە: چیرۆکی ژنانی ناو ئەم کەشە داخراوە، چیرۆکی کۆمەڵگەی ماندوو لە دەرەوەی دیوارەکانی، کە بیابانی سەخت ڕەنگدانەوەی دڕندەیی ڕاستی مرۆیی و سیاسییە.
لە ڕووی بینراوەوە فیلمەکە پشت بە سینەماکاری سروشتی و نزیکەی ڕاستی دەبەستێت، کە سوود لە ڕووناکی سروشتی و کەشی کراوە وەردەگرێت بۆ تیشک خستنە سەر گۆشەگیری کارەکتەرەکان، هەروەها سەرکەوتوو دەبێت لە دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان نواندن و ژینگەی دەوروبەریدا، وا دەکات کارەکتەرەکان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە ڕاستیەکەیان دەربکەون نەک لێی دابڕاون.
سارا ئیسحاق توانایەکی ڕوون نیشان دەدات بۆ دەرهێنانی ئەکتەرەکانی، بەتایبەتی مەنال مالیکی و عەبیر محەمەد، نمایشێکی یەکگرتوو پێشکەش دەکەن کە زیاتر لەسەر بێدەنگی و گرژی ناوەوە بونیاد نراوە نەک گفتوگۆی ڕاستەوخۆ، فیلمەکە پشت بەو وزە سەرکوتکراوە دەبەستێت بۆ ڕەنگدانەوەی قورسایی ژیانی ڕۆژانە لە ژێر بارگرانی ململانێدا.
لە کۆتاییدا المحطة" "وێستگە" بەرهەمێک دەخاتە ڕوو کە درامای کۆمەڵایەتی لەگەڵ سینەمای مرۆڤدۆستانەدا تێکەڵ دەکات، خۆی لە ڕاگەیاندنە ڕاستەوخۆکان بەدوور دەگرێت لە بەرژەوەندی بونیادنانی ئەزموونێکی سۆزداری کە شوێنەکەی دەکاتە کارەکتەری زیادە، چارەنووسی هەمووان بەڕێوەدەبات، فیلمێکە دەربارەی گۆشەگیری و ترس و هەوڵدان بۆ داڕشتنی کەشی بچووک بۆ ژیان لە نێوان جیهانێکدا کە هێواش هێواش دەڕووخێت.