تابلۆی ئەمڕۆ: لە ئاوێنەدا

هونەرمەند هێنری گیوم شلیزنگەر لە ساڵی ١٨١٤ لەدایکبووە، لە تابلۆکانیدا ژنانی لە دۆخی جیاوازدا کێشاوە، "لە ئاوێنەدا" یەکێکە لە تابلۆ بەناوبانگەکانی و تیایدا، دایکێک و کچەکەی لەبەردەم ئاوێنەیەکی گەورەدا وەستاون و بە چەندین وردەکاری دەورە دراون.

 

هێنری پێش مردنی لە ساڵی ١٨٩٣دا، زیاتر مەیلی کێشانی کاراکتەری لە تابلۆکانیدا هەبوو، لە تابلۆی "لە ئاوێنەدا" کە دایک و کچێک وێنا دەکات، دایکەکە هەوڵدەدات متمانە لە منداڵەکەیدا دەربخات، بە نیشانی خۆی لە ئاوێنەدا، کە جلێکی سادە و شان ڕووتی لەبەردایە.

 

دیمەنەکە لە ژووری نووستنەکەیان دایە، جگە لەو ئاوێنە گەورەیەی کە بەشێکی گەورەی دیوارەکەی داگیر کردووە، وردەکاریی دیکەی وەک، فەرشێکی سووری چنراوی ڕۆژهەڵاتی و مێزێک و چوارچێوەیەکی بچوک لە پشتی ژنەکەوە، هەن.