ژیاننامەی ئەمڕۆ: هەیفا مەنسور یەکەم فیلمسازی سعودی

 

 

هەیفا مەنسور لە دایکبووی ١٠ی ئابی ١٩٧٤، خەڵکی زەلفیەیە لە وڵاتی سعودییە، بەڵام لە حەسا گەورە بووە، دەرهێنەری فیلمە لە عەرەبستانی سعودییە و یەکێکە لە دەرهێنەرە ناسراو و مشتومڕ بەخشەکانی ئەو وڵاتە و یەکەم فیلمسازی سعودییە.

 

هەیفا هەشتەمین منداڵی شاعیر "عەبدولرەحمان مەنسور"ە کە کچەکەی بە دنیای ڤیدیۆ و فیلم ناساندووە، کاتێک لە نێوان ساڵانی ١٩٨٣- ٢٠١٨دا هیچ شانۆیەکی فیلم لە سعودیە بوونی نەبوو، بەڵام هەر فیلمێک بەردەست بووایە باوکی دەیهێنایەوە ماڵەوە بۆ خێزانەکە بۆ ئەوەی پێکەوە چێژ لە سەیرکردنی وەربگرن.

 

هەرچەندە ئەو لە خێزانێکی ئازادیخوازدا گەورە بووە، بەڵام دایکی هێشتا پێشبینی هەبوو بۆ هەیفا کە پیشەیەکی باوی هەبێت وەک پزیشکی، بەڵام بە هاندانی باوکی لە زانکۆی ئەمریکی لە قاهیرە ئەدەبی بەراوردکاری خوێند.

 

هەیفا لە کۆمپانیایەکی نەوت کاری کردووە و زمانی ئینگلیزی فێربووە، بەڵام هێشتا هەستی بە ئاسوودەی نەدەکرد لەگەڵ کارەکەیدا و هەستی دەکرد ئەوە ئەو کارە نییە کە بەڕاستی دەیەوێت بیکات، دواتر بڕوانامەی ماستەری لە خوێندنی فیلم لە زانکۆی سیدنی ئوسترالیا بەدەستهێنا.

 

دوای ئەوەی یەکەم کورتەفیلمی لەگەڵ خێزانەکەی دروستکرد، لەبارەی بکوژێکی نادیاری زنجیرەیی کە نیقابێکی لەبەرکردبوو، فیلمەکە پێشوازییەکی باشی لێکرا و هەیفا زۆر سەرسام بوو بەوەی لەلایەن فێستیڤاڵێکی فیلمەوە پەسندکراوە.

 

دوا بەدوای ئەوە دەستی بە کاری فیلمسازی کورتەفیلم کرد و چەندین خەڵاتی لە سعودیە و هۆڵندا بەدەستهێنا، چەندین دۆکیومێنتاری بەرهەمهێنا، لەوانە: ژنانی بێ سێبەر، کە باس لە ژیانی شاراوەی ژنان دەکات لە وڵاتە عەرەبییەکانی کەنداوی فارس و لە ١٧ فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی نمایشکرا و چەندین خەڵاتی بەدەستهێنا.