خەمخۆری بۆ ڕۆژنامەی کوردی وایلێکرد ببێتە یەکەم ژن کە خاوەنی چاپخانە بێت

ئازاری لەدەستدانی ئازیزان و ڕێگریەکان چۆکیان بە ڕەحمە دانەدا و دوای باوکی بووە خاوەنی چاپخانە لە شاری سلێمانی.

ڕەحمە تۆفیق لە ساڵی ١٨٩٨ لە شاری سلێمانی لە دایکبووە، تەنها خوشکێکی هەبووە با ناوی ئامینە، دوای لە دایکبوونی باوکیان، کە پیرەمێردی شاعیر بووە، بەرەو ئیستەنبوڵ کۆچ دەکات، ڕەحمە لەگەڵ خوشکەکەی و دایکیان کە ناوی غەزالە، لە سلێمانی دەمێننەوە.

ڕەحمە لە تەمەنی گەنجیدا ژیانی هاوژینی پێکدەهێنێت و دەبێتە خاوەنی ٤ منداڵ، جگە لە خەمی دووری باوکی خەمی مردنی خوشکەکەشی دێتە سەر، لەگەڵ ئەوەشدا، ژنێکی بەهێز و سەنگین بووە و گرنگی زۆری بە جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی داوە بە جۆرێک هەر کەسێک جلێکی کوردی جوانی لەبەر بکردایە، پێیان دەوت لە ڕەحمە دەچیت.

ڕەحمە هەمیشە وتار و هۆنراوە بەنرخەکانی لەسەر زار بووە، لە ساڵی ١٩٥٠ باوکی کۆچی دوایی دەکات، ئەمەش کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ڕەحمە بەجێدەهێڵێت دوای ئەوە خۆی دەبێتە خاوەن ئیمتیازی چاپەمەنی و ڕۆژنامەی ژین، چونکە تاکە ئامانجی خزمەتکردن بوو بە ڕۆژنامەگەری کوردی.

ڕەحمە خان هەموو بەرهەمەکانی باوکی کۆدەکاتەوە، خەباتی ئەم ژنە تێکۆشەرە بەردەوام دەبێت تا ساڵی ١٩٧٧ کۆچی دوایی دەکات و لە گردی مامەیارە بە خاک دەسپێردرێت.