پەرتوکی "سیاسەتی ئابووری لە جیهاندا"
سیاسەتی ئابووری و قۆرغکردنی سامانە سروشتییەکان لە لایەن دەوڵەتانەوە لە پەرتوکی" سیاسەتی ئابووری لە جیهاندا باس کراوە.
پەرتوکی"سیاسەتی ئابووری لە جیهاندا" لە نووسینی مەدیحە سۆفییە و لە ساڵی ٢٠٢٢ چاپی یەکەمی کراوە و چاپی دووەمی لە ساڵی ٢٠٢٣ کراوە.
پەرتوکەکە باسی پەیڕەوکردنی سیاسەتی وزە لە جیهاندا و قۆرغکردنی سامانی سروشتی لەلایەن دەوڵەتانەوە دەکات، هەروەها باسی ئەو نادادپەروەریە کۆمەڵایەتییە دەکات کە بەهۆی وزەوە بەرامبەر بە مرۆڤەکان دەکرێت، پشتگوێخستنی گەنجەکان لە هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو.
نووسەر لەم پەرتوکەدا بەراوردی وزەی هەرێمی کوردستانی کردووە بەرامبەر بە وڵاتانی تر، کە چۆن توێژێکی تەنکی دەسەڵاتی بەرامبەر بە توێژێکی ئەستوری کۆمەڵگە جێ کردووەتەوە و جیهان چۆن بەرەو فرە جەمسەری دەڕوات.
لە درێژەی پەرتوکەکەدا ڕوونی دەکاتەوە، ئابووری چۆن توانیویەتی دەسەڵات بچەسپێنێت و بۆ خزمەتی دەسەڵاتی حزبی بەکارهاتووە لە جیاتی ئەوەی بۆ خۆشگوزەرانی بەکاربێت، لە چەند بڕگەیەکیشدا نووسەر باسی شەڕی ئاو دەکات لە ئێستا و داهاتوودا، تیشک دەخاتەسەر خۆئامادەکردنی تورکیا بۆ داگیرکردنی دیمۆگرافیای کوردستان و تێکدانی شیرازەی خێزانەکانی کورد لە ڕێگەی زنجیرە درامای ڕەگەزپەرستانەوە، دەڵێت:
"وزە له کوردستاندا بووه مایه‌ی زیاتر وێرانکردنی تاکی کۆمه‌ڵگا و برسێتی و شێواندنی مۆرفۆلۆژی کۆمه‌ڵایه‌تی و کێشمه‌کێشی نێوان حکومه‌ته ئیقلیمیه‌کان، لە جیاتی هاوڕایی و نزیك بوونەوە لەگەڵ حکومه‌تی ناوه‌ندی بەغدا.
خۆئاماده‌کردنی تورکیا بۆ له‌باربردنی هه‌رێم و شێواندنی دێمۆگرافیاکهی، نانه‌وه‌ی کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆچوونی مه‌به‌سته گڵاوه‌کانی تورکیا به‌نێو تاك و خێزانی کوردا له ڕێی زنجیره دڕاما ڕەگەزپەرست و بابه‌ته ناپهسهندکانیهوه، واڵاکردنی بێ قه‌یدوشه‌رتی ده‌روازه‌ی سنووری هه‌رێم به‌ڕووی تورکیا، قۆرخکردنی گرێبه‌سته ئابووریه‌کانی هه‌رێم بۆ کۆمپانیاکانی وزه و وه‌به‌رهه‌مهێنان و ته‌واوی بواره‌کانی ئابووری بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تورکیا، کردنه‌وه‌ی خوێندنگای تورکی و زاڵکردنی سیمای کولتووری تورکی به‌سه‌ر سیمای کولتووری خۆماڵی و به کۆڵۆنیالیکردنی هه‌رێمێکی به‌پیت و خاوه‌ن داهاتێکی زۆری وزه و بوونه کۆیله‌ی ڕژێمێکی فاشیست و دۆڕاندنی ئیراده و بڕیاڕ و چاره‌نوسی نه‌ته‌وایه‌تی، هەموو ئەمانە کۆسپ و ڕێگری بووژانەوەی خۆماڵی بوون".