”دەمەوێت پێش ئەوەی دەنگم لەدەستبدەم دەربچم”

چیرۆکی نودەم دوراک تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی ژنان لە بەرهەمهێنانی کولتووریدا، ژنانی هونەرمەند تەنها دروستکەری بەرهەم نین، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە گواستنەوەی زمان و مێلۆدی و چیرۆک و یادەوەری کۆمەڵایەتی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر.

ناوەندی هەواڵ

 

نودەم دوراک لە ساڵی ١٩٨٨ لە شارۆچکەی دێرگولی سەر بە شرناخ لە باکووری کوردستان لەدایک بووە، لە خێزانێکدا گەورە بووە کە نەریتی دەنگبەژی (گۆرانی وتن) بەهێز بووە، گۆرانی وتنی پیاوانی ناو خێزانەکەی ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە سەرەتای مۆسیقای ئەودا.

 

حەز و ئارەزووی نودەم دوراک بۆ مۆسیقا لە سەردەمی منداڵییەوە دەستی پێکرد. لە دەوروبەری تەمەنی ١٢ ساڵییەوە دەستی بە گۆرانی وتن کردووە و دواتر دەستی بە ژەنینی گیتار کردووە، دەوترێت دایکی گیتارەکەی فرۆشتووە بۆ ئەوەی گیتارێکی بۆ بکڕێت، بۆ ئەو مۆسیقا تەنها پیشە نەبوو، بەڵکو ڕێگایەک بوو بۆ زیندوو ڕاگرتنی کولتوور و زمانی ئەو ناوچەیەی کە تێیدا دەژیا.

 

چیرۆکی نودەم دوراک تەنها چیرۆکی هونەرمەندێک نییە، هەروەها چیرۆکی خەباتی پاراستنی زمان و ژن و یادەوەری کولتووری کوردییە، سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

 

ڕۆڵی هونەر لە گواستنەوەی کولتوورو خەباتی ژنان

لە ژیانی نودەم دوراکدا، ناسنامەی ئەو وەک ژنێک و هونەرەکەی لەیەکتر جیا نەدەکرایەوە، نەک هەر وەک گۆرانیبێژێک بوونی هەبووە، بەڵکو وەک ژنێکی گەنجیش کە بەشداری لە بەرهەمهێنانی کولتووریدا کردووە، مۆسیقای فێری منداڵان دەکرد و کاری لەسەر پڕۆژەیەک دەکرد کە ڕێگەی بە ژنان و گەنجان دەدا لە کەشی کولتووریدا خۆیان دەرببڕن، بە زمانی کوردی گۆرانی دەوت، مۆسیقای بە کوردی دروست دەکرد، هەوڵی دەدا مێلۆدی بە زمانی خۆی بۆ نەوەکانی داهاتوو بگوازێتەوە.

 

هەر بۆیە چیرۆکی ئەویش چیرۆکی ئەو کەشیە کە ژنان لە کایەی کولتووریدا بۆ خۆیان دروستیان کردووە، چونکە لە دونیایەکدا کە دەنگی ژنان زۆرجار لە سنووری ماڵ و شەقام و قوتابخانە و کایەی گشتیدا سنووردارە، هەروەها ژنێک کە بچێتە سەر شانۆ و بە زمانی خۆی گۆرانی دەڵێت، دەتوانێت ببێتە شێوازێک لە بوون لە خۆیدا.

 

نودەم دوراک کە لە تەمەنی گەنجیدا درێژە بە خوێندنی مۆسیقا دەدات، ئەندامی گروپی مۆسیقای کۆما سۆڕکسوین بووە، هەروەها وەک مامۆستای مۆسیقا و هەڵپەڕکێ لە ناوەندی ڕۆشنبیری مەم و زین لە جزیرەی بۆتان کاری کردووە، کارەکانی لەوێ بە پلەی یەکەم لەسەر منداڵان بوو و هەوڵی گواستنەوەی مێلۆدی فۆلکلۆری کوردی بۆ نەوە گەنجەکانی دەدا، بەم شێوەیە بۆ ئەو مۆسیقا لە شێوازێکی تەنها دەربڕینی تاکەکەسی تێپەڕی و بوو بە ئامرازێکی گواستنەوەی کولتووری، کارەکانی نودەم کە نەریتی گۆرانی وتنی لە پێگەیەکی گرنگی لە کولتووری کوردیدا هەیە، لەگەڵ مۆسیقای هاوچەرخدا کۆکردەوە، تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ژن لە ژیانی ڕۆشنبیری جگە لە زمانی کوردی.

 

دەستگیرکردن و دادگاییکردنی سیاسی: چالاکییە کولتوورییەکان بوونەتە تاوان

نودەم دوراک لە ٢٢ی نیسانی ٢٠١٥ دەستگیرکرا، بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی” و “پڕوپاگەندەی تیرۆریستی” تۆمەتبارکرا، پارێزەرەکەی ڕایگەیاندووە، ئەو تۆمەتانە پەیوەندییان بە چالاکییە کولتووری و مۆسیقییەکانییەوە هەیە، کارەکانی لە ناوەندی ڕۆشنبیری مەم و زین و چالاکییەکانی مۆسیقای کوردی لە کاتی دادگاییکردنەکەدا بە تایبەتی تیشکی خرایە سەر.

 

بەپێی زانیارییەکان، کۆی ئەو سزایەی کە لە دوو دادگاییکردنی جیاوازدا سزای بەسەردا سەپێنراوە، ١٩ ساڵ و ٦ مانگ بووە، هەروەها دۆسیەی نودەم لە مێژە کاردانەوەیەکی زۆری لەسەرە، چونکە ئەوە نیشان دەدات کە چۆن هونەرمەندێکی ژن کە مۆسیقای کوردی پێشکەش دەکات چالاکییە کولتوورییەکانی هێناوەتە بەردەم دادگاکانی تاوان.

 

گەورەترین نیگەرانی لە زیندان: دەمەوێت پێش ئەوەی دەنگم لەدەست بدەم دەربچم

یەکێک لە گەورەترین نیگەرانییەکانی نودەم لە زینداندا دەنگییەتی، نودەم لە ساڵی ٢٠٢٦ تووشی نەخۆشیی ژەهراوی گەدە و پووکانەوەی ئێسک بووە، ڕووبەڕووی نیگەرانی نوێ بووەتەوە سەبارەت بە کێشە تەندروستییەکانی و مەترسی لەدەستدانی دەنگی، بۆ گۆرانیبێژ، دەنگ یەکێکە لە بەشە جەوهەریەکانی ژیان، هەر بۆیە قسەکانی نودەم کە ساڵانێک لەمەوبەر بوو، “دەمەوێت دەربچم پێش ئەوەی دەنگم لەدەست بدەم”، ئەمڕۆ قورسایی زیاتری هەیە، چونکە ترسەکەی تەنها پێشکەوتنی نەخۆشیەکەی نییە، بەڵکو لەدەستدانی ئەو دەنگەیە کە ساڵانێکە پاراستوویەتی و گۆرانی وتووە و لەگەڵ کەسانی دیکەدا هاوبەشی کردووە.

 

پشتیوانی نێودەوڵەتی و بەرخۆدانی بێکۆتا

چیرۆکی نودەم دوراک دواجار سنوورەکانی تورکیای بەزاند، زۆرێک لە هونەرمەندان و چالاکوانان داوای ئازادکردنییان کردووە.

 

کەسایەتییە ناودارە نێودەوڵەتییەکانی وەک پیتەر گابرێل، ڕۆجەر واتەرز، ئەنجێلا دەیڤس، نوام چۆمسکی و کێن لۆچ پشتگیری خۆیان بۆ نودەم دوراک دەربڕی، ئەم پشتیوانییە وایکردووە دۆسیەکەی نەک تەنها وەک پرسێکی تاکەکەسی، بەڵکو لە چوارچێوەی ئازادی ڕادەربڕین و مافە کولتوورییەکان و ئازادی هونەریدا سەیر بکرێت، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٤٦ کەسایەتی نێودەوڵەتی بانگەوازێکی هاوبەشیان بۆ ئازادکردنی بڵاوکردەوە، لە هەمان کاتدا نووسەر ئەلیف شەفەق ڕەخنەی لەو ڕاستییە گرت کە گۆرانی وتنی نودەم بە زمانی دایکی خۆی بە تاوان دادەنرێت.

 

ئەگەر چیرۆکی نودەم دوراک تەنها وەک چیرۆکێکی زیندان ببینین، ئەوا زۆر سنووردار دەبێت، لە ژیانیدا مۆسیقا، زمان، ناسنامەی ژن و یادەوەری کولتووری لەیەکتردا تێکەڵاون.

 

هەروەها چیرۆکی نودەم دوراک تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی ژنان لە بەرهەمهێنانی کولتووریدا، ژنانی هونەرمەند تەنها دروستکەری بەرهەم نین، لە گواستنەوەی زمان و مێلۆدی و چیرۆک و یادەوەری کۆمەڵایەتی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن، ئەمڕۆ سەرنجڕاکێشترین توخم لە چیرۆکی نودەم دوراکدا ئەوەیە کە سەرەڕای ئەم هەموو ساڵە، هەرگیز وازی لە مۆسیقا نەهێناوە، ئەو شیعر و گۆرانیانەی لە زینداندا نووسیویەتی، ئەوە دەردەخات کە مۆسیقا تا ئێستاش جۆرێکە لە دەربڕینی خەبات و بەرخۆدان بۆ ئەو.