هۆنراوەی ئەمڕۆ: پەیمان

"پەیمان" هۆنراوەی ناهید حسەینییە، کە لە دیوانی "باڵندەکانی گیرفانی تاڤگە" بڵاوکراوەتەوە، ناهید هۆنراوەکەی پایزی ساڵی ١٩٩٩ لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مەرگی ژیلا حسێنی هۆنەری نووسیوە.

 

پەیمان

پەیمانمان وابوو

من و ڕووبار

قەت نەوەستین

ئەو بۆ زەریا خۆی ئەکوتا

من بۆ لای تۆ

***

 

پەیمانمان وابوو

من و هەور

هەر ببارین

ئەو بەسەر مندا باری

منیش بەسەر دەفتەرەکەمدا

***

 

پەیمانمان وابوو

من و با

سەرهەڵگرین

گوێ هەڵخەین

ئەو بۆ سرتەکانی شاخ

من بۆ دواین چرپەی ماڵئاواییت

***

 

پەیمانمان وابوو

من و خۆر

تا هەتایە هەر بسووتێین

ئەو ئێستاش لە گردا و

من لە کۆچی پاییزیتا

هێور ... هێور

کوژامەوە