ڕووداوی ڕۆژ: ساڵیادی لەسێدارەدانی شیرین عەلەمهولی و هاوڕێیانی

تێکۆشەر شیرین عەلەمهولی، لە شەوی دەستگیرانداریدا لە دژی دەسەڵاتی ڕژێمی ئیسلامی ئێران و ڕەتکردنەوەی کلتوری پیاوسالاری، ڕوو لە چیاکانی کوردستان دەکات، لە کاتی ئەنجامدانی چالاکیدا دەستگیر دەکرێت و لەگەڵ سێ هاوڕێی دیکەیدا لەسێدارە دەدرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

شیرین عەلەمهولی لە ٢ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨١ لە  گوندی دیم قشڵاخ-ی سەر بە شاری ماکۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، خاوەنی ٧ برا و دوو خوشکە، لە ساڵانی ٢٠٠٦دا کاتێک گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزاییان دەربڕی دژی گۆشەگیری و گوشاری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بەهۆی یاساکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە ژنان نەیاندەتوانی بەشداری ناڕەزایەتیەکان بکەن، هەربۆیە شیرین بۆ ڕەتکردنەوەی کلتوری پیاوسالاری و چەوساندنەوەی کورد ڕێگایەکی دیکە هەڵدەبژێرێت و لە شەوی دەستگیرانداریدا لەگەڵ دوو هاوڕێی بە ناوەکانی "ڕووناهی دێنیز و چالاک جوانڕۆ" ڕوو لە چیاکانی کوردستان دەکات و بەشداری رێزەکانی گەریلا دەبێت.

 

شیرین عەلەمهولی بۆ ماوەی ساڵێک لە چیای قەندیل دەمێنێتەوە و هەرلەوێ فێری خوێندن و نووسین دەبێت، ئاستی ئەندێشە و ڕۆشنبیری خۆی زیاتر قوڵ دەکاتەوە، بەهۆی خۆشەویستیشی بۆ هەردوو هاوڕێکەی، ناوی خۆی دەنێت "ڕووناهی چالاک".

 

شیرین لە تۆڵەی هاوڕێکانیدا بڕیاری چالاکی فیدایی دەدات

لە ساڵی ٢٠٠٨دا هەردوو دەوڵەتی تورک و ئێران بە هاوبەشی ‌هێرش دەکەنە سەر زنجیرە چیاکانی قەندیل، بەو هۆیەشەوە ڕوناهی دەنیز چالاکی فیدای ئەنجامدەدات، هەر لەو چالاکییەدا چالاک جوانڕۆش چووە کاروانی نەمرانەوە، شیرین، لە دوای هاوڕێکانی پەیماندەدات بەرامبەر زوڵمی ڕژێمی ئێران بێتە دەنگ و تۆڵەی هەموو هاوڕێیان و گەلەکەی بکاتەوە بە ئەنجامدانی چالاکیی فیدایی. لەکاتی خۆ ئامادەکردنی بۆ چالاکیەکە لەناو فڕۆکەخانەی تارانی پایتەختی ئێران، ١٠٠ مەتر نزیک لە فڕۆکەخانەکە دەوەستێت، بەڵام چالاکیەکەی ئاشکرا دەکرێت و لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە دەستگیر دەکرێت.


         


        

شیرین لە دوای دەستگیرکردنی بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک نازانرێت کێیە و بەردەوام لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێرانەوە ڕووبەڕووی هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەک دەبێتەوە، بەڵام لەجیاتی دانپێدانان، مانگرتن ڕادەگەیەنێت، لە بەشێک لە یادەوەرییەکانیدا نووسیبووی "داوایان لێکردووم کە پەشیمانی خۆم دەرببڕم و بەڤیدیۆ ڕایبگەیەنم، بەڵام لە وەڵامدا پێی وتبوون: ئێوە دەتوانن گیانی من بستێنن، بەڵام ناتوانن شەرەفم لێبستێنن".

 

دوای شەش مانگ لێدان و لێپرسینەوە گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ئێوین، هاوڕێکانی دەڵێن کە ئەشکەنجە بە جۆرێک ڕووخسار و جەستەی گۆڕیبوو کە نە دەناسرایەوە، هەمووان سەرسامی ئەو خۆڕاگریەی بوون.

 

یەکێکە لە ژنە لەسێدراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

دوای دوو ساڵ مانەوە لە زیندانی ئێڤین و بە بڕیاری دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی بە تاوانی دەرچوونی یاسایی لە سنوور و هاوکارییکردنی پژاک، لەسەر دۆسیەی سیاسی بڕیاری سێدارەی بەسەردا سەپێندرا، لە ٩ی گوڵانی ٢٠١٠ کاتژمێر ٩:٣٠ خولەکی شەو شیرین بە بیانووی هەڵە تۆمارکردنی ناوی باوکی بانگ دەکەن و بۆ بەیانی ڕۆژی دواتر کاتژمێر ٥:٣٠ خولەکی سەرلەبەیانی لەگەڵ چوار هاوڕێی تریدا بە ناوەکانی "فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەریان، فەرهاد وەکیلی و مەهدی ئیسلامیان" بە وتنەوەی سروودی ئەی ڕەقیب لە سێدارە دەدرێن.