عادیلە خانم؛ لەدوای جەنگی جیهانی یەکەم لە شارەزوورو ڕۆژهەڵات ئەستێرەیەکی گەش بوو

ئەمڕۆ ١١ی نیسان ساڵیادی کۆچی دوایی عادیلە خانم-ە کە یەکێک بوو لە پێشەنگەکانی کورد لە هەڵەبجە، یەکەم دادوەری بەڕێوەبەر بووە لە هەڵەبجە لە ساڵی ١٩١٩.

ناوەندی هەواڵ

 

عادیلە خانم ئەوژنە بەتوانا‌ و ناودارەی كە لەدوای جەنگی جیهانی یەكەمەوە ناو ‌و ناوبانگی ‌و دەسەڵاتداری وەكو ئەستێرەیەكی پرشنگدار لە شارەزوور ‌و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە درەشایەوە. لەناو ئینگلیز ‌و عوسمانی ‌و فارس‌ و كورد ‌و عەرەب وەك حوكمڕانێكی كارگێڕی ‌و دیپلوماسی ‌و سیاسیی خاوەن هەڵوێستێكی بەرز ‌و بڕیاردەرێكی سەركەوتوو ڕۆیشتووە، بۆ ئەمەش ئینگلیزەكان بە شاژنی بێ‌ تاج ناویان بردووە.

 

عادیلە خانم كچی عەبدولقادر بەگی حەمید بەگی ساحێبقران بووە، لە ساڵی ۱۸٥۹ لە شاری سنە پایتەختی ئەردەڵان لەدایك بووە، لەدوای ڕووخانی میرنشینی بابان شاری سلێمانی بەجێهێشتووە‌ و چوونەتە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لەلایەن مامۆستای تایبەتەوە بنچینەی خوێندنی قورئانی وەرگرتووە، بە زەماوەندكردن دێتە هەڵەبجە ‌و لە ساڵی ۱۸۷۷ هاوسەرگیری لەگەڵ وەسمان پاشای سەرۆك هۆزی جاف كردووە، لەدوای کۆچی دوایی هاوسەرەكەی لە ساڵی ۱۹۰٥ دەبێتە سەرۆك هۆز ‌و بۆ ماوەی ۱۹ ساڵ سەرۆكایەتیی هۆزی جافی لەئەستۆ گرتووە.

 

پێشەنگ بوونی عادیلەخانم لە شارەکەدا وایکرد عوسمانییەكان بیانەوێت دەسەڵاتی خۆیان بەسەر شارەکەدا بسەپێنن، بەڵام دانیشتووانی هەڵەبجە هەر زوو ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر عوسمانییەكان دەربڕی و عادیلە خانم  بە هیچ شێوەیەک ڕێگەی نەدەدا دەسەڵاتی عوسمانی لە هەڵەبجەدا هەبێت، پارێزگاری لە پاراستنی ناسنامەی کورد و بەهێزکردنی ڕووحی یەکگرتوویی نەتەوەیی کردوور، دەستوەردانی توركەكان لە ناوچەکەدا كەمبكاتەوە، پێشەنگایەتی بۆ یەکڕیزی کورد کردووە کە دژی داگیرکەران بووەستنەوە.

 

نازناوی شاژنی بێ تاج

لەڕووی دیپلۆماسی پەیوەندییەكی زۆرباشی لە ناوچەكانی شارەزوور ‌و خێڵەكانی ڕۆژهەڵاتەوە هەبووە‌ و سەرجەم بڕیارەكانی جێبەجێكراوە‌ و یەكڕیزی هۆزی جافی پاراستووە، لەڕووی پەیوەندیی دەرەكییەوە توانیویەتی پەیوەندی لەگەڵ ئینگلیزەكان تائاستێك دروستبكات بە شاژنی بێ‌ تاج ناویان بردووە، گەڕیدەیەكی ئینگلیز بەناوی "مینۆرسكی" ئاماژەی بەدیتنی عادیلە خانم لە هەڵەبجە لە ساڵی ۱۹۰٤ كردووە، كاتێك باس لەم ژنە دەكات بە فەرمانڕەوایەكی ڕاستەقینە ‌و ستایشی سەخاوەتی‌ و میوانداری ‌و فەرمانڕەوایی دەكات.

 

دوای خزمەتێکی زۆر بە گەل و ژنان، لە ڕۆژی ١١ نیسانی ساڵی ١٩٢٤ کۆچی دوای دەکات و لە گۆڕستانی عەبابەیلێ لە هەڵەبجە بەخاک دەسپێردرێت، لە ساڵی ٢٠١٤ پەیکەرێکی بۆ دروستکراوە و لە باخی گشتی هەڵەبجە دانراوە.