ئەڤین سوێد: لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە یەکگرتوویی ژنانە
ئەڤین سوێد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا باسی لە پێشهاتەکانی سووریا کرد و داوای لە هەموو ژنان کرد و ڕایگەیاند کە پێویستی بە یەکگرتوویی ژنان زیاتر لە جاران هەیە.
سیبیلیا ئیبراهیم
ڕەققە- هێرشەکانی چەتەکانی تەحریر شام "هەتەشە" و دەوڵەتی تورک کە لە ٢٧ی تشرینی دووەمەوە دژی حەلەب دەستیان پێکرد، بە داگیرکردنی شام کۆتاییان هات، چەتەکانی تورکیا ڕۆژی ٨ی کانوونی یەکەم چوونە ناو شام و دەسەڵاتداری خۆیان ڕاگەیاند، لە هەمان کاتدا دەوڵەتی تورک لەگەڵ چەتەکانی، هێرشی لەشکرکێشییان بۆ سەر کانتۆنەکانی شرەهبا-عەفرین و مەنبج دەستپێکرد، لەئەنجامی داگیرکارییەکەدا، کۆچبەرانی عەفرین کە بۆ جاری دووەم کۆچیان کرد، ڕوویان لە ناوچە ئارامەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کرد. لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، شەڕڤانانی قەسەدەو یەپەژە بەرخۆدانێکی مێژوویی دەکەن، ئەو ژنانەی بەرامبەر هێرشە دڕندەکان بەرخۆدان دەکەن، بەبڕیارن بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا کە لە پێشەنگانی ژنانەوە دەستی پێکرد.
ئەڤین سوێد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریا، ئەو هێرشە لەشکرکێشیانەی کە دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامی دەدەن، کۆچکردنی گەلی عەفرین لە شەهباوەو چەندین بابەتی تر قسەی بۆ کردین.
ئەڤین سوێد بانگەوازی لە هەموو ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد و ڕایگەیاند، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە هاوکاری چەتەکان هێرش دەکاتە سەر دەستکەوتەکانی ژنان، پێویستە هەموو گەل ئاگاداری ئەم مەترسیانە بن و بە هەموو شێوەیەک پاراستنیان باشتر بکەن.
لە سەرەتای قسەکانیدا، ئەڤین سوێد تیشکی خستە سەر بەهاری عەرەبی کە لە ساڵی ٢٠١١ دەستیپێکرد و ڕایگەیاند کە سووریا جیاوازە لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە بەهاری عەرەبی تێیدا ڕوویدا وتی: بەهۆی سووریاوە کە پێگەی جیۆستراتیژیکی هەیە و دەستێوەردانی دەرەکی زۆر هەیە، هەمووان چاوەڕوانی شۆڕشێکی خێرا بوون لە سووریا لە سەردەمی بەهاری عەرەبیدا، بەڵام دەرکەوت کە ئەم حیساباتە کراوە، زۆرێکیان ئاسوودە بوون، لە سووریا دەستوەردانی دەرەکی زۆر زیادی کردووە، چەندین ڕێکخراوی چەتەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی وەک دەوڵەتی تورکیاوە دامەزراون، بۆیە شوێنی سووریا جیاوازە لە وڵاتانی تری عەرەبی، دەسەڵاتداران پێیان وابوو لە سووریا ئەنجامی خێرا بەدەست دەهێنن، بەڵام حیساباتەکانیان هەڵە دەرچوو و ئێستا دەبینین لە سووریا جێگەیان نییە، ئەگەر ڕژێمی سووریا لەم ساڵانەدا هەڵوێستێکی جیاوازی نیشان دابا، گوێی لە گەلەکەی بگرتایە، مافی بەشێک لە وڵاتەکەی پێدابایە، ڕەنگە بەم شێوەیە کۆتایی پێنەهاتایا، بەڵام دەزانین ڕژێمی سووریا ئیرادەی نەبووە، بۆیە پرۆژەیەکی بۆ چارەسەری قەیرانی سووریا نەبووە، بەڵام خۆبەڕێوەبەری هەوڵی زیاتری دا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا.
"گەلی عەفرین بەرخۆدانێکی شکۆمەندانەیان لە دژی داگیرکاری نیشان دا"
ئەڤین سوێد باسی لە داگیرکردنی عەفرین لە لایەن دەوڵەتی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨ و ئاوارەبوونی گەلی عەفرین کرد، ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە بۆ جاری دووەم خەڵکی عەفرین لە شوێنەکانیان ئاوارە بوون، بەڵام لە بەرخۆدان دەکەن، لە ساڵی ٢٠١٨ هەموو جیهان شایەتحاڵی بەرخۆدانی خەڵکی عەفرین بوو، هەرکەسێک لە جێگای ئەم میللەتە بووایە، شارەکەی بەجێدەهێشت و شەڕڤانانی بەتەنها جێدەهێشت، بەڵام ئەم گەلە و شەڕڤانەکانی بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ بەرخۆدانێکی گەورەیان کرد، گەلی عەفرین بەتەنها نەمابوون، هەموو باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕوویان لە عەفرین کرد، خەڵکی عەفرین ناڕەزایەتییەکی شکۆمەندانەیان لە شەهبا بەرزکردەوە، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر خاکەکەیان، ئەو بۆشاییەی لە سووریادا هەبوو، ڕێگەی بە چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا دا لە هەندێک شوێن نیشتەجێ ببن و هێرشی دڕندانە ئەنجام بدەن، بۆیە ئەنجومەنی گەلی شەهبا-عەفرین بڕیاریدا گەلی عەفرین لە چەتە دڕندەکان بپارێزێت و لە ناوچەکە دەریان بکات، ئەم بڕیارە زۆر بە خێرایی درا و هەموو گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەخێرهاتنی گەلی عەفرینیان کرد، کاتێک خەڵکەکە شەهبایان بەجێهێشت، دەیانوت ئازارێکی زۆرمان چەشت، هەندێکیان ڕفێندراون و کوژراون و هەڕەشەیان لێکراوە، گەلی عەفرین هەر لەسەرەتاوە ڕایانگەیاندووە کە لەژێر چەتری چەتەکاندا ناژین.
"بوونی ژنان لە سیستمی خۆبەڕێوەبەریدا یەکلاکەرەوەیە"
ئەڤین سوێد باسی خۆبەرێوەبەری کردو ئاماژەی بەوەدا کە ئیدارەی خۆبەرێوەبەری بە دیدگای لایەنێک یان بیرۆکەیەک دامەزراو نەبووە و وتی: ئەگەر لەبیرمان بێت، کە شۆڕش دەستیپێکرد و ڕژێمی سووریا کوردەکانی بەجێهێشت، شارەکان ، هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی وەک عەرەب، سریانی، کورد، هەروەها ژنان، گەنجان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هەمووان کۆبوونەوە، و باسیان لەوە کرد کە خەڵک چۆن دەبێت خۆی بەڕێوەببات، گفتوگۆکان گشتی بوون، کەس بەدەر نەبوو، هەموو ئەندامان بانگهێشت کران، هەر بۆیە هەمووان خاوەنی خۆبەڕێوەبەرین و دەزانن ئەم ئیدارەیە هی خۆیانە، پێشتر باسمان لەوە کرد کە لەم ئیدارەیەدا هەموو پێکهاتەکان، ئایینەکان هەن. هەروەها بوونی ژن یەکلاکەرەوەیە، ژنان لە دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەریدا ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبوو. هەروەها سیستمێکی هاوشێوە هەیە، سیستمی هاوسەرۆکایەتی لە هەموو دامەزراوەکاندا، هەڵبژاردن لە کۆمۆن و ئەنجومەندا ئەنجام دەدرێت و گەل بڕیاری خۆی دەدات، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئەزموونی لە سووریا هەیە، ڕەنگە بەدرێژایی ساڵان کەموکوڕی زۆر هەبووبێت، پێشتر هیچ کام لە ئێمە لە ئاستی بەڕێوەبردندا نەبووین، بەڵام لە ئەنجامدا ئەم ئیدارەیە دەتوانێت گەل بپارێزێت و خۆی بەڕێوەببات و ڕۆڵی خۆی لە سووریا بگێڕێت.
"گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەرپرسیارێتی یەکگرتوویی سووریایان لە ئەستۆ گرتووە"
ئەڤین سوێد ڕایگەیاند کە پێش ئەوەی ئەم ڕووداوانە لە سووریا ڕوو بدەن، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ویستی ئەزموونی خۆی بەش بکات بە پراکتیکەکەی سەلماندوویەتی کە گەل تەنانەت بەبێ دەوڵەتیش دەتوانن خۆیان بەڕێوەببەن، وتی: گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەرپرسیارێتی پاراستنی خاکی خۆیان، یەکگرتوویی سووریایان لە ئەستۆ گرتووە، دژی داگیرکاری وەستاونەتەوە و هەروەها دژی گۆڕانی دیمۆگرافی وەستاونەتەوە، بۆیە بۆ سووریایەکی دیموکراسی پێویستە هەموومان وەک گەلێک کۆببینەوە بۆ ئەوەی ئیتر بارودۆخەکانی پێشوو ئەزموون نەکرێن، لە ڕێگەی گفتوگۆوە سووریایەکی نوێ بونیاد بنێین.
"دەوڵەتی تورکیا ناسەقامگیری سووریای قۆستەوە و مەنبجی داگیرکرد"
ئەڤین سوێد هەڵسەنگاندنی بۆ داگیرکردنی مەنبج لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی کردو وتی: دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی سودیان لە ناسەقامگیری سووریا وەرگرت و مەنبجیان داگیرکرد، ئەمەش هۆکاری دەستپێکردنی هێرشی داگیرکاری نوێ و کۆمەڵکوژی و کردنەوەی ڕێگا بۆ کۆچکردن بوو، ئەم لەشکرکێشییە تەنیا لە مەنبجدا سنووردار نییە، ڕاستە هێرشی زۆر جددی بۆ سەر مەنبج هەبووە، جگە لەوەش هێرشی داگیرکەری بۆ سەر عەین عیسا و قەرەقۆزاخ و بەنداوی تشرین و تل تەمریش دەستیپێکردووە، هەروەها هێرش بۆ سەر شار و گوندەکانی کۆبانێ کرا، وێنەکە بەم شێوەیەیە، گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تووشی هەموو جۆرە هێرشێک بوون و تا ئێستاش هێرشیان دەکرێتە سەر.
"گەلی ناوچەکە ئامادەن خۆیان بپارێزن"
دەوڵەتی تورک و چەتەکانی نایانەوێت ئیرادەی خۆبەڕێوەبەری و گەل ببینن، بۆیە بە هەموو دەسەڵات و دەرفەتی خۆیەوە دەیەوێت حکومەتی خۆبەڕێوەبەری تێکبشکێنێت و لەناوی ببات و گەلی ناوچەکە بە جینۆسایددا تێپەڕێت، هەروەها دەیانەوێت بە کوشتن و شەڕی تایبەت گەل بترسێنن، بەڵام گەلی ناوچەکە ئامادەن خۆیان بپارێزن، لە مەنبج وەک ناوچەکانی تر هەمان وێنە سەریهەڵدایەوە. تاڵانکردن، دزیکردن، ڕفاندنی ژن، کوشتنی خەڵک لە نەخۆشخانەکان، هەموو ئەمانە دژی سیستمی خۆبەڕێوەبەرین، ئەنجومەنی سەربازی مەنبج بەرخۆدانێکی گەورەی لە دژی دەوڵەتی تورکیا نیشان دا، وەک ناسراوە ئاگربەست ڕاگەیەندراوە بۆ پاراستنی دانیشتووانی مەدەنی.
"بە شکاندنی ئیرادەی ژنان، دەیانەوێت کۆمەڵگە ڕادەست بکەن"
ئەڤین سوێد ڕایگەیاند کە ئێستا لە سەری هەمووان پرسیارێک هەیە کە پراکتیکەکە لە سووریا چۆن ئەنجام دەدرێت؟ ئایا نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان دەبێت یان نا، جێگای ژن لەم سووریا نوێیەدا چی دەبێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارانەی بەم شێوەیە دەربڕی: گرنگترین پرسیار ئەوەیە، چۆن خۆبەڕێوەبەری لە سووریای نوێدا جێگەی خۆی دەگرێتەوە؟ زاندراوە کە لە سیستمی ئێمەدا ژنان جێگەیەکی چالاک دەگرن، بڕیار دەدەن، بەڵام لە سووریای نوێدا چۆن دەبێت، مشتومڕی لەسەرە، بێ گومان لەو دۆخەی ئێستا تێیداین، ئەوەی زۆرترین ئازار دەچێژێت، ژنە، هەروەها لە مەنبج بینیمان کاتێک شارێک داگیر دەکرێت، دەیانەوێت بە شکاندنی ئیرادەی ژنان کۆمەڵگە ملکەچ بکەن.
"هەمیشە پێویستە هەموو ژنان لە گفتوگۆدا بن"
ئەڤین سوێد ئاماژەی بەوەدا کە ژنانی سووریا باجێکی قورسیان داوە و وتی: لە بونیادنانی سیستمێکی دیموکراسیدا، خەباتێکی گەورەیان لە دژی ڕێبازە دواکەوتووەکان کرد، لە هەمان کاتدا ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تێکۆشانیان کردو پێشنەگایەتییان بۆ پاراستنی خۆیان و خاکەکەیان کرد، بە تایبەتی دەوڵەتی تورک ژنانی کردە ئامانج بە مەبەستی شکاندنی ئیرادەی گەل، هەر بۆیە پێویستە هەموو ئێمەی ژنان هەمیشە لە دیالۆگەکاندا بین، هەموو جارێک گفتوگۆ بکەین، ژن پێویستە ئاگاداری کارەکانی بێت، چونکە لەم شۆڕشەدا باجێکی زۆری داوە، شەهیدێکی زۆرمان بەخشی، پێویستە ژنان ئاگاداری خەونی شەهیدان بن، درێژە بە گفتوگۆکانمان لەگەڵ ژنان لە دەرەوە و ناوخۆی سووریا دەدەین، پێویستە ژنانی بەئەزموون و بەهێز لە سووریای نوێدا جێگەی خۆیان بگرن، بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان و گەنجان.