"ئەگەر یەک نەبن هەموو کوردستانمان داگیردەکرێت"

بۆمباران کردنی باشوری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بەردەوامی هەیە، بەهۆیەوە چەندین زیانی گیانی و ماددی بەر هاوڵاتیان دەکەوێت، بەڵام حکومەتی هەرێم و عێراق بێدەنگن، ژنانیش لە بێدەنگی بەرپرسان دڵگرانن، بە یەکێک لە هۆکارەکانی بەردەوامی بۆمبارانکردنەکانی دەزانن. ‎تەرزە تەها

بۆمباران کردنی باشوری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بەردەوامی هەیە، بەهۆیەوە چەندین زیانی گیانی و ماددی بەر هاوڵاتیان دەکەوێت، بەڵام حکومەتی هەرێم و عێراق بێدەنگن، ژنانیش لە بێدەنگی بەرپرسان دڵگرانن، بە یەکێک لە هۆکارەکانی بەردەوامی بۆمبارانکردنەکانی دەزانن.

تەرزە تەها

 

سلێمانی- داگیرکاری و هێرشکردنە سەر سنور و ناوچەکانی باشوری کوردستان کۆتاییان پێنایەت، شەوی یەکی ئەم مانگە دەوڵەتی تورکیا بە چڕی بۆردومانی کامپی شەهید ڕۆستەم جودی-مەخمور و شەنگالی کرد و گوندەکانی دەوروبەری دێرکی لە ڕۆژئاوای کوردستان کردە ئامانج.

لەم هێرشانەدا چەندین هاوڵاتی بریندار بوون، لە کامپی مەخمور دوو کەس گیانیان لەدەستدا، دەیانی دیکەش برینیدار بوون، لە دێرک چوار شەڕڤان گیانیان لەدەستدا و پێنج کرێکاریش بریندار بوون، لە شەنگالیش سێ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و هاوڵاتییەکیش بریندار بووە.

 

ژنان دژی ئەم هێرشانەن و یەکبوونی کورد بە هۆکاری سەرکەوتنی کورد دەزانن، بێدەنگی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی ئەم هێرشانە دەزانن.

 

شەونم محەمەد، چالاکوان، هێرشەکانی داگیرکاران بە کارەسات ناودەبات، دەشڵێت بەڵام ئەوەی کارەساتبارترە بێدەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانە لە ئاستی ئەو هێرشانە، "تا کەی دەکرێت بێدەنگبن بەرامبەر ئەم هێرشانە، وە ئاوارەبوونی گوندەکانی خۆمان ببینین، ئەم خەڵکە لەمە زیاتر بۆ کوێ ئاوارە ببێت".

شەونم محەمەد ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، هاوڵاتیانیش پێویستە هەڵوێستیان هەبێت، بەشێک لە هاوڵاتیانیش بێزاربوون لە هەڵوێست دەربڕین، چونکە وەڵامیان نادرێتەوە، بەڵام زۆر پێویستە کە هەڵوێست بنوێن و فشار لە حکومەت بکەن تا هەڵوێستی جدییان هەبێت و بەرپەرچی ئەو هێرشانە بدەنەوە.

سروە نەجم فەرمانبەرە، دەڵێت کە ئێمەی کورد کێشەکانمان یەکە، ئەگەر هەموو کورد یەک نەبێت کوردستان هەمووی داگیر دەکرێت، لەبەر ئەوە بە پێویستی دەزانێت هەڵوێست دژی ئەو هێرشانە هەبێت، هەموو کورد نەک بۆ داگیرکردنی هەموو خاک بۆ یەک بست لە خاکیش یەکبگرن

ئەو وەک ژنێکی بە ئەزموون، دەڵێت کە کورد دوای کارەساتەکان دابەش دەبێت، دەبێت ئەو کوتلە و کوتلە کارییە نەمێنێت، دەبێت هەموو دایکان، ژنان و منداڵان هەڵوێستیان هەبێت، "ئەگەر دابەش ببین لە گەورەمان تا بچوکمان زیانمان بەر دەکەوێت، هەموو نەوەیەکمان بەرەو دواوە دەچێت و کاریگەری زۆر دەبێت".

سروە نەجم ڕەخنەی ئەوەش دەگرێت، کە ڕێگا بە کەسانی شارەزا و تێگەیشتوو نادرێت سیاسەت بکەن، "با بەجێی بهێڵن بۆ نەوەی نوێ کوردستان گەورە بکات نەک بچوکتر ببێتەوە، ئەگینا ئێمە خۆمان بچوک دەکەینەوە، بێگانەش سەیری دەم و کرداری دەسەڵاتدارەکانمان دەکات".