كورد هەمیشە لە مێژوویەکی دووبارەی تراژیدیدا

کورد ئەو نەتەوەیەی بەهۆی هێرشی دوژمنان و وڵاتانی داگیرکەرەوە هەمیشە مێژووەکەی دووبارە دەبێتەوە، هەموو ساڵێک وێنەیەکی تراژیدی ڕۆڵەیەکی کورد سەرنجی جیهان ڕادەکێشێت و بەڵام هێشتا وڵاتانی بەرژەوەندیخواز بێدەنگن.

لاڤە کوردە

 

ناوەندی هەواڵ - لە دوای دابەشکردنی کوردستان بۆ چوار پارچە "ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا، باکور، باشور" تا ئێستا خاوەنی دەوڵەتی خۆی نییەو ئەو نەتەوەیە ھەر توشی ماڵوێرانی و شەڕ و هێرشکردنەسەر ھاتوون، ھەر جارێک بە جۆرێک و بە بیانویەک، هەمیشە لە لایەن دەوڵەتانی داگیرکەرەوە هەوڵی قڕکردنیان دەدرێت و  ژینگەیان وێران دەکرێت و ماڵ و حاڵیان تێکدەدرێت، کوردەکان هەمیشە لە کۆچ و ئاوارەییدان و تەنها چیاکان بە دۆستی خۆیان دەزانن، ھەموو ئەوانەی کە دۆستی کوردن لە حاڵەتی لە ناکاو کورد بەجێدەھێڵن و پشتی لێدەکەن.

 

کورد لە باشوری کوردستان لەژێر هێرشدایە

هاوشێوەی سێ پارچەکەی دیکەی کوردستان،باشوری کوردستانیش هەمیشە لەژێر مەترسی هێرشدایە و دەوڵەتی داگیرکەری تورک و ڕژێمی ئێرانیش بەردەوام چاویان لە سەرکوتکردن و قڕکرندی کوردە لەم پارچەیە، هەڕەشە و هێرش بۆ سەر باشووری کوردستان هەر لە دژی پارت و لایەنێکی کوردستانیی نییە، بەڵکو لە دژی بەرژەوەندی و دەستکەوتەکانی هەموو کوردستانە، پێویستە هەموو لایەن و هەموو دامودەزگاکانی کوردستان ئەو راستییە بزانن، پێویستە لەو بارەیەوە هەموو هێزە کوردستانییەکان بە شێوەیەک لە هەماهەنگیدا بن کە هەڵوێستیکی روونیان هەبێت و دژی ئەو هێرشانە بوەستنەوە.

 

دەیان ساڵە دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکاتە سەر باشووری کوردستان، چەندین شوێنی داگیرکردووە و بنکە و مۆڵگەی سەربازیی لێ دامەزراندوون، لە ئێستادا سەرقاڵی دروستکردنی ڕێگای نوێیە لە پارێزگای دهۆک و ناوچەی بادینان وەک بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی خۆی دەبینێت، ئێستا هێرشی ئێرانیشی هاتوەتە سەرو داگیرکەرانی کوردستان لەسەر لەناوبردنی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان رێککەوتوون، ئەوان لە کاتی ریفراندۆمی باشووری کوردستاندا بە ئاشکرا رێککەوتنیان کردو دەروازە سنورییەکان و ئاسمانیان بەڕوی باشوردا داخست و بازرگانییان لەگەڵ ئەم پارچەیە وەستاند، هەرچەند داگیرکەران بڵێن کە هێرشەکان تەنیا بۆ سەر هەندێک هێزن، ئەوان راست ناکەن و هێرش بۆ سەر هەموو دەستکەوتەکانی کورد دەکەن.

 

دەسەڵاتدارانی ئێران ماوەیەکە هەڕەشە لە هێزە کوردستانییەکان دەکەن، چەند رۆژێکە هێرشیان لە ڕێگەی درۆن و تۆپخانەکانیانەوە دەستپێکردووەو زیانی گیانی و ماددی زۆری خستووەتەوە، ئێران پێش ئێستاش چەندین جار بە تۆپ و مووشەکی دوورهاوێژ هێرشی کردووەو لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوشدا ناوچەکانی برادۆست و باڵەکایەتی بە بەردەوامی بوردمان کردووە و بارەگاکانی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کردووەتە ئامانج.

 

وێنەی کارەساتەکانی سەر کوردستان دووبارە دەبنەوە

هەر چەند ساڵ جارێک، بە هۆی پەلامارو هێرشەکانی داگیرکەرانی کوردستان، وێنەیەک دەبێتە وێنەی ساڵ و لە تەواوی وڵاتان دەنگ دەداتەوەو وڵاتانی بە ناو پشتیوانی مافی مرۆڤ قسەی لەسەر دەکەن و ئیدانەی هێرشەکان دەکەن، بە بینینی ئەم وێنە خەماوییانە دەبوو جیهان بێنە دەنگ و جارێکی دیکە وێنەی ڕۆڵەی کورد نەبووایەتە جێی خەم و خەفەتی کورد بە تایبەتی.

 

نوێترین نمونەی وێنەی تراژیدی لە ٢٨ی ئەیلولی ئەمساڵ بوو، کاتێک ڕژێمی ئێران هێرشیکردە سەر کۆیە لە سنوری پارێزگای هەولێر، وێنەی "هاینا سامرەند" بوو کە بەخێرایی سۆشیال میدیای تەنی، وێنەکە کاتێک چركێندرابوو کە چەند مووشەکێک، لە نزیک خوێندنگەی کامپی ئازادی کەوتە خوارەوە خوێندکارەکان ناچاربوون بچنە ئەو دەشتەی لە دەوری کەمپەکە هەیە بۆ ئەوەی بتوانن لە ژێر تاشە بەردەکان خۆیان حەشار بدەن، لە ترسی موشەکەکان هەمووان گریان و ناڵەیان ئاسمانی ئەو ناوچەیەی پڕکردبوو، خوێندکارێک کە هی کەمپەکە بوو منداڵێکی لە باوەش گرتبوو، ئەو منداڵە کە ناوی هاینا بوو هێندە ترسا بوو، توند هەردوو دەستی بە گوێیەکانییەوە گرتبوو بۆ ئەوەی گوێبیستی هیچ دەنگێک نەبێت.

 


         


        

وێنەکە هاوشێوەی وینەیەکی دیکەی دوو ڕۆڵەی کوردە کە لە ساڵی ١٩٨٨ لەکاتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە، وێنەکە گیراوە، دوای ٣٤ ساڵ هەمان وێنە دووبارە بووەوەو لە نێوان ئەو ساڵانەشدا هەزاران وێنەی دیکەی تراژیدی هەبوون، هەر لە هێرشەکان و کۆچکردنی کورد و ئاوارەبوون و برینداربوون و گیان لەدەستدان و هتد...

 

وڵاتان هێرشەکان دەبینن و بێدەنگن

لە پێش هەموویانەوە حکومەتی ناوەندی عێراق، هەروەک چۆن لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیادا تەنها ئیدانەی دەکات بە هەمانشێوە لەبەرامبەر هێرشەکانی ئێرانیشدا تەنها ئیدانەکردنی پێدەکرێت و هیچی تر، ئەمەش واتای ئەوەیە کە حکومەتی عێراق ئاگاداری ئەو هێرشانەیە و گڵۆپی سەوزی بۆ ئێرانیش هەڵکردووە، دەسەڵاتداریی باشووری کوردستانیش ئەو راستییە ناسەلمێنیت و بێدەنگە، دوژمنان لەکاتی هێرشەکان هەمیشە دووپات دەکەنەوە کە بە ئاگاداری حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و بەڕەزامەندی ئەوان هێرش دەکەن.

 

 هەروەها وڵاتانی ڕۆژئاواو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی لەهەر چوار پارچەی کوردستان دەکرێتە سەر کورد بێدەنگن و نەیاتوانیوە فشار بخانە سەر تورکیاو ئێران بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان، بەڵام هەرکات کارو بەرژەوەندییان بە کوردەکان دەبێت ستایشیان دەکەن وەک شەڕی دژی داعش کە قورسایی شەڕەکە خرایە سەر شانی کوردو لەسەر دەستی کوردو لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە تەپڵی سەرکەوتن بەسەر داعشدا لێدرا، بەڵام دووبارە دەبینین کە وڵاتان لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان چۆن پشتیان لە کورد کردووەو دۆستی دەوڵەتی تورکن.