"گەمارۆدانی کامپی مەخموور هەوڵی لەشکرکێشی تورکیایە بۆ سەر باشووری کوردستان"
داگیرکەران و دوژمنانی کورد هەمیشە هەوڵی کپکردنی دەنگی شۆڕشگێڕانەی کوردیان داوە، بۆیە دەوڵەتی تورکیا لە دواین هەوڵیدا ویستی کامپی مەخموور گەمارۆ بدات، چالاکوانێکیش دەڵێت: تورکیا دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی زیاتر بکات لە باشووری کوردستان.
شیرین ساڵح
سلێمانی- هێز و ئیرادەی گەلی کورد هەمیشە ترسی لای دەوڵەتانی داگیرکەر دروست کردووە، چونکە گەلی کورد شۆڕشگێڕە و داوای مافە ڕەواکانی خۆی دەکات، هەر بۆیە بە فشاری دەوڵەتی تورکیا و بۆ ئەوەی لەشکرکێشیەکانی زیاتر بکات لە ناوچەکانی کوردستان لە ٢٠ی ئایاردا سوپای عێراق هەوڵی گەمارۆدان و تەلبەندکردنی کامپی شەهید ڕۆستەم جودی دا لە مەخموور، بەڵام بە بەرخودانی کامپەکە بۆ ماوەی ١٨ ڕۆژ توانرا شکست بەو هەوڵەی دەوڵەتی تورکیا و سوپای عێراق بهێرنێت.
"گەمارۆدانی کامپی مەخموور دەگەڕێتەوە بۆ فشاری دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عێراق "
شنە عەلی، چالاکوان ئاماژەی بەوەکرد، کوردانی باکووری کوردستان لە دەستی زوڵم و زۆرداری و هێرشی دەوڵەتی تورکیا پەنایان بۆ عێراق برد، بەڵام دەوڵەتی تورکیا لێرەش وازیان لێ ناهێنێت و هەوڵی گەمارۆدانی کامپەکەیان دەدات لە مەخموور، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فشارانەی تورکیا دەیخاتە سەر عێراق بۆ ئەوەی خەڵکی کامپەکە نەتوانن بە ئاسانی بڕۆنە شوێنەکانی تر، تورکیاش ترسێکی گەورەی لە کورد هەیە بەتایبەتی کاتی هەڵبژاردنەکان دۆخێکی شڵەژاوی دروست کرد لە تورکیا، کاتێک کوردەکان دەنگێکی زۆریان هێنا، سەرەڕای ئەو هەموو ساختەییە لە دەنگەکاندا کرا بە بەرچاوی ڕاگەیاندن و خەڵکەوە.
"ئیرادەی گەلی کورد ترسی لای داگیرکەران دروست کردووە"
شنە عەلی ئەوەشی خستەڕوو، کامپی مەخموور کوردی شۆڕشگێر و بوێر و خەباتکاری تێدایە کە ئامادەن گیانی خۆیان ببەخشن لە پێناو خاک و نیشتیمانەکەیان، بۆیە تورکیا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی گەمارۆدانی کامپی مەخموورەوە کەموکورتی و شکستەکانی خۆی بشارێتەوە، ڕاگەیاندن بەم دۆخەی مەخموورەوە سەرقاڵ دەکات، گەلی کورد بەوە ناسراوە لە هەر شوێنێک بێت خاوەنی ئیرادەیەکی بەهێز و داواکارێکی مافە ڕەواکانی خۆیەتی، بۆیە هەر ئەمەش وای کردووە نەیارانی کورد ترسیان لە هەبوونی کورد و شۆڕشی کورد هەبێت.
وتیشی: تورکیا بە دۆزی نەوت فشار دەخاتە سەر عێراق و وەکو کارتێکی فشار بەکاریدەهێنێت، کە ئەگەر عێراق کامپی مەخموور گەمارۆ بدات ئەوا تورکیاش نەوتی عێراق هەناردەی وڵاتانی تر دەکات، بەڵام کوردانی مەخموور ڕووبەڕووی ئەم فشارانای سوپای عێراق بوونەوە، ئەوان بەرامبەر بە داعش دەجەنگان و سەرکەوتن، هەر بۆیە بە بەرخودانەکانیان سەرکەوتنی تریان بە دەست هێنا."
"دەوڵەتی تورکیا هەوڵ دەدات دەسەڵاتی خۆی بەسەر ناوچە کوردییەکاندا زاڵ بکات"
شنە عەڵی ڕوونی کردەوە، کامپی مەخموور لە لایەن نەوتەوە یەکگرتووەکانەوە بە فەرمی دانی پێدا نراوە و کوردانی کامپەکەش ئەو شوێنەیان لە بیابانێکەوە کردووە بە شوێنێکی سەوزایی و ئاوەدان، کەواتە داگیرکەران ناتوانن کامپێکی لەو شێوەیە داگیر بکەن و دەنگیان کپ بکەن کە هەمووی خەڵکی شۆڕشگێڕە و داوای مافی خۆی دەکات، لە ساڵی ٢٠١٩ تا ئێستا چەندین کەسی کامپی مەخموور گیانیان لەدەستداوە، چونکە ئەوان پێداویستییەکانیان لە پارێزگای هەولێرەوە دابین دەکەن، بۆیە دەوڵەتی تورکیا وردە وردە هەوڵی داگیرکردنی ناوچەکانی تریش دەدات، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی زاڵ بکات بەسەر ناوچە کوردییەکاندا.
"دەبێت دۆزی گەلی کورد چارەسەر بکرێت"
شنە عەلی جەختی کردەوە، دەوڵەتی تورکیا بە هەزاران کیلۆمەتر هاتوەتە ناو خاكی باشووری کوردستانەوە و سەرەڕای ناڕەزایەتی خەڵکی باشووریش ئەو هەر بەردەوامە لە داگیرکاری و بۆردومانکردنی ناوچە سنورییەکان، بۆیە هەمیشە هەوڵ دەدات لەشکرکێشیەکانی زیاتر بکات و دەنگی کورد کپ بکات، بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخانەش پێویستە دۆزی گەلی کورد لە تورکیا چارەسەر بکرێت، چارەسەرکردنی ئەم دۆزەش ئەگەر و پێشهاتی زۆری دەوێت، چونکە زۆربەی ئەوشۆڕشگێڕانەی لە باکووری کوردستاندا هەن و بەرگری لە مافی کورد دەکەن لە لایەن دەوڵەتەوە زیندانی دەکرێن.
هەروەها وتی: دەوڵەتی تورکیا ئازادیخوازان زیندانی دەکات لە ڕێگەی دروستکردنی پڕوپاگەندە بۆیان کە ناهێڵێت خەبات بکەن لە پێناوی مافە ڕەواکانی کورد، ئەمە وای کردووە چارەسەرکردنی دۆزی کورد قورس بێت، بەڵام ئێمە نابێت دەستەوەستان بین و دەبێت ڕێگەچارەسەریمان هەبێت، ئەویش ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکانە و هەروەها چالاکوانان و ئازادیخوازن بێنە دەنگ و لە کاتی هەوڵێکی وادا بۆ سەر گەلی کورد لە لایەن داگیرکەرانەوە و بابەتەکان بوروژێنن و بیکەنە بابەتی ڕۆژ تا خەڵک هەڵویستی هەبێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە چۆن لە کاتی بومەلەرزەکەی باکووری کوردستاندا چەندین کەمپینمان ڕاگەیاند و هاوکاری کوردانی باکوورمان کرد، دەبێت بە هەمان شێوە کەمپین بۆ کوردانی کامپی مەخمووریش ڕابگەیەنین، چونکە کوردانی ئەو کامپە بەشێکی زۆریان تا ئیستاش ناتوانن بڕۆنە نەخۆشخانە و چارەسەر وەربگرن و پێداویستییەکانیان دابین بکەن، هەر بارودۆخێک بەسەر کوردا هات و لە هەر شوێنێک بێت دەبێت بە بارودۆخی خۆمانی بزانین.