"تێکۆشانی ژنان لە دژی بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی سەرمایەداری بە ئامانج دەگیرێن"
زاهیدە ئیسحاق، هاوسەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی مەدەنی دیموکراتی مەنبج و گوندنشینەکانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسەکەمان وتی: "بە ئامانج گرتنی ساکینە جانسز و دوو هەڤاڵەکەی، لە کەسایەتی ئەواندا تێکۆشانی ژنانیان بە ئامانج گرتووە، هەرچەندە فەڕەنسا هەموو بەڵگەکانی لە دەستدایە، بەڵام کۆمەڵکوژییەکەی پاریسی شاردەوە".
سیلڤا ئەل-ئیبراهیم
مەنبج- لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، نۆیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەی پاریس بوو کە تێیدا سێ ژنی تێکۆشەر ساکینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز کۆمەڵکوژکران، هەرچەندە ٩ ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا تێپەڕیوە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لێپرسینەوەی لە دەوڵەتی تورک نەکردووە، هەرچەندە هەموو لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دیاریکردووە کە دەوڵەتی تورک بەرپرسیارە لەو کۆمەڵکوژییە. لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسەکەمان، زاهیدە ئیسحاق، هاوسەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی مەدەنی دیموکراتی مەنبج و گوندنشینەکانی، ئەو هۆکارانەی هەڵسەنگاند کە وای لە دەوڵەتی تورک کرد ئەم کۆمەڵکوژییە ئەنجام بدات.
لە هەموو لێکۆڵینەوەکاندا ئەوە سەلمێنراوە کە دەوڵەتی تورک لە کۆمەڵکوژییەکەی پاریسدا بەشدار بووە بە ئەنجامدانی ئەو کۆمەڵکوژییە تورکیا چی لە خەباتی ژنان کردووە؟
ئامانجی دەوڵەتی تورک نەک خاک و ئەوانەیە کە دیارن بەڵکو ئەوەیە کە هەموو ئەو کەسانەی دژی بەرژەوەندییەکانیەتی دەیکاتە ئامانج، سێ شەهیدی کۆمەڵکوژییەکە کاریان دەکرد بۆ بڵاوکردنەوەی بیروبۆچوونەکانیان لەسەرتاسەری جیهان و ناساندنی کەیسەکەیان ئەمەش بۆ بەرژەوەندی دەوڵەتی تورک ئەرێنی نەبوو بۆیە کرانە ئامانج.
پەیامی تورکیا بۆ ژنان سنوردارکردنی بەرخۆدان و تێکۆشانیانە چونکە دەزانێت کۆمەڵگا بە تێکۆشان و ئازادی ژنان ئازاد دەکرێت و ئەوەش دژی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی تورکە.
چ مەترسییەک هەیە بۆ تێکۆشانی ژنان لە دژی ڕژێمی دەوڵەتی تورک و دەوڵەتی سەرمایەداری کە بیری ئەوان بە ئامانج دەگرن؟
پیلانگێڕییەکە ئاشکرایە کە هاوکاری و داپۆشینی فەرەنساش لەم کۆمەڵکوژییەدا بەشدارە، چونکە لە لێکۆڵینەوەکانی فەڕەنسادا دەرکەوت کە تورکیا لەم کۆمەڵکوژییەدا بەشدارە، بەڵام فەڕەنسا ئەمەی شاردۆتەوە و تورکیاش لێپرسینەوەی لەگەڵ نەکراوە.
یەکسانی و دادپەروەری و ئازادی لەگەڵ ژناندا بەدی دێت و بەم شێوەیە ئازادی کۆمەڵگا بەدی دێت و ئەمەش لە بەرژەوەندی دەوڵەتی تورک و تەنانەت وڵاتانی سەرمایەداریش نەبوو.
وەڵامی ژنان بۆ ئەم پێشێلکاریانە چییە؟
ژنان لە پێشێلکارییەکان ناترسن کە ژنان دەکەنە ئامانج بەڵکو ئیرادەی ئێمە زیاد دەکەن و ئەرکی تەواوکردنی ڕێبازی هەڤاڵە شەهیدەکانمانمان گرتووەتە ئەستۆی خۆمان، ژنان نابێت خۆیان بەدەستەوە بدەن و لە بەرامبەر ئەو شتانەی کە ڕێگرن لە خەبات و تێکۆشانیان بوەستنەوە و هەمیشە دەنگ و تێکۆشانی ژنان بەرز بێت تا لە بەرامبەر پێشێلکاری و کۆمەڵکوژیدا سەربکەون.