بادینان، دەڤەرە کپکراوەکەی باشووری کوردستان
دەڤەری بادینان ناوچەیەکی ستراتیژی و پیلانێکی تۆکمەی داگیرکاران و دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستانە، چەندین ساڵە بە سیاسەتی جۆراوجۆر بێدەنگ دەکرێت و چالاکوانانی لە زیندان دەنرێن و ڕۆژنامەنووسەکانی تیرۆر دەکرێت.
تەوار پێنجوێنی
ناوەندی هەواڵ- دەڤەری بادینان، هەرێمە ستراتیژییەکەی باشووری کوردستان، دەکەوێتە ناوەندی کوردستانی گەورە و بەو پێگە جوگرافیەی کە چوار پارچەی کوردستان پێکەوە دەبەستێتەوە، بووەتە جێی ئامانجی داگیرکەر و پیلانی داگیرکارانی تێدا جێبەجێ دەکرێت، دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستانیش بە سەرکوتکاری و بێدەنگکردن و سیاسەتی گرتن و زیندان و کوشتن هەژموونی خۆی و دەوڵەتی تورکیا، کە ئامانجی سەرەکی داگیرکردنی ئەو دەڤەرەیە، پەیڕەو دەکات.
دەوڵەتی تورکیا سەدان بنکە و بارەگای سەربازی و هەڵگری و فرۆکەخانەی سەربازی لە دەڤەری بادینان (دهۆک، زاخۆ، شیلادزێ، ئامێدی، دێرەلوک، بلێ و بارزان، برادۆست و چیاکانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا و ...هتد) کە بە درێژایی سنوری ڕۆژئاوا بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە نێوان باشوور و باکووری کوردستان درێژدەبێتەوە، جێگیرکردووە، لە ڕێگەی هەواڵگریشەوە دانیشتوانی ناڕازی و چالاکوانانی بادینانی دەستنیشانکردووە، دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان و بەتایبەت پەدەکە، کە هاوکاری سەرەکی دەوڵەتی تورکیایە، مامەڵە لەگەڵ دەستنیشانکراوەکان دەکات.
بادینان بە ڕۆحە سەرهەڵدێرەکەیان ناسراون، لە مێژوودا ئەمە سەلمێنراوە، لە مێژووی نوێشدا، ناکرێت باس لە بادینان بکرێت و ڕاپەڕینی ساڵی ٢٠١٩ی گەنجانی شیلادزێ بە بیردا نەیەت، کە چۆن لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩دا و دوای بۆردوومانی شارەدێی دێرەلوک لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، سەرجەم توێژەکانی شیلادزێ بە پێشەنگایەتی گەنجان بە ڕێپێوان چوونە بەردەم بارەگاکانی سوپای تورک لە کۆمەڵگەی سیرێ و سەربازگەکەیان بەرباران کرد و دواتریش چوونە ناو سەربازگەکانی دەوڵەتی تورکەوە و سەربازگەکان بە چەک و کەرەستە سەربازییەکانەوە کەوتنە دەست هاوڵاتیان و بەشێکیشیان سووتێنران، ئەم توڕەییەی گەلی بادینان پەیامێکی نوێ بوو لە سەردەمێکی نوێدا کە ڕۆحی ڕاپەڕین و بەگژداچوونەوەی داگیرکەران لە ڕۆحی گەنجان و هەموو تاکێكی کورددایە، جامیش کە پڕبوو لێی دەڕژێت.
هێندەی نەبرد، پێشمەرگەکانی پەدەکە کەوتنە جوڵەوە، ڕێگرییان لە ڕاپەڕینی گەنجانی شیلادزێ کرد، بە دەیان کەسیشیان دەستگیرکرد، دوای ئەوە هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەنجان و چالاکوانان دەستیپێکرد و هەموو شەوێک دەیان گەنج دەستگیردەکران بە بیانووی جیاواز کە بنەڕەتەکەی دەنگی دلێر و قبوڵنەکردنی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا بوو، تا ئێستاش دەیان چالاکوان و گەنجی شێلادزێ و بادینان لە زیندانەکانی پەدەکەدان و بێ دادگا و دوور لە بنەماکانی دادوەری، بە حوکمی تاکەکەس سزا دەدرێن.
هەروەها لە باسی بادیناندا ناکرێت باس لە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن لە ١٣ی ئابی ٢٠١٦دا نەکرێت، کە چالاکوان و ڕۆژنامەنووسێک بوو لەسەر بەگژداچوونەوەی داگیرکاری و گەندەڵی لەلایەن پەدەکەوە تیرۆرکرا، زیندانیانی بادینایش کە بە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانەوە ماوەی دوو ساڵە لە زیندانی پەدەکەدا و زیاتر لە ٢٠ ڕۆژیشە دەستیان بە مانگرتن کردووە سەرباری دۆخی ناجێگیری تەندروستییان، نمونەی زیندووی بادینان و ڕۆحی بەرخۆدانی گەلەکەیەتی.
"ماڵێکی بادینان نییە لەناو زینداندا کەسێکی نەبەخشیبێت"
گەلاوێژ حەمزی سەلیم، چالاکوان لە شاری دهۆک، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها دەربارەی دۆخی بادینان و ئەو پلانەی لەسەری بەڕێوەدەچێت ئاماژەی بەوەدا، هەوڵ دەدرێت دەنگی ئازاد لە بادیناندا نەمێنێت، مرۆڤی هۆشیار نەمێنێت، بۆ ئەوەش ماوەی ساڵ و نیوێکە لە بادینان چەندین کەس دەستبەسەرکراون بەتایبەت لە شیلادزێ و دهۆک، دەربارەی ژنانیش دەڵێت: ساڵانێکە شۆڕش دەکرێت بۆ ئەوەی ژنی کورد ئازاد بکرێت و دەنگی ئازادی دەرببڕێت، بەڵام لە بادینان بە چەندەها ژنی وەک بێریڤان دەستگیر دەکرێت و زیندانی دەکرێت لەناو زیندانەکانی باشووری کوردستاندا، زۆرینەی هاوڵاتیان دەڵێن کە خەڵکی بادینان بوێر نین و بێدەنگن، بەڵام پێویستە هەممووان بزانن، هیچ لایەنێک وەک بادینان قوربانی نەداوە، کە چەندین ماڵ و خێزان هەن منداڵەکانیان لەناو زیندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە، بۆیە دەنگی ئازاد بەردەوام لە بادینان هەیە.
هەمان سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا لە زیندانی باشوور پەیڕەو دەکرێت
لەبارەی زیندانیانی بادینانەوە گەلاوێژ حەمزی سەلیم دەڵێت، دەستگیرکردنی زیندانیانی بادینان کارێکی دڕندانەیە کە دەسەڵات دژی ئازادیخوازان ئەنجامیداوە، بە دڕندارترین شێوە ئازادیخوازان لە چاکسازی هەولێر دەستگیر کراون و مامەڵەی خراپیان لەگەڵ دەکرێت، بە جۆرێک تەنانەت ناهێڵن زیندانیان بەرکەوتنیان لەگەڵ خێزانەکانیان هەبێت، "ماوەی ساڵێک کە بێریڤان ئەیوب دەستگیرکرابوو تەنانەت ڕێگەیان نەدەدا منداڵەکانیشی ببینێت، ئەمەش ئەو سیاسەتەیە کە دەوڵەتی تورکیا جێبەجێی دەکات بەرامبەر بە کورد، بەڵام لە باشوور و لە هەولێر کورد بەرامبەر بە کورد ئەنجامی دەدات".
ئاماژەی بەوەدا، لە سزای زیندانییەکاندا جۆرەها ئەشکەنجە بەکاردەهێنن وەک ئەوەی بڵێی خۆیان کورد نەبن، ئەشکەنجە کە بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ لە ژوورێکی تاریکی بێ نەفەس بیانهێڵنەوە، لە کاتێکدا ئەو ئازادیخوازانە لە پێناو نەتەوەی خۆیان هاتوونەتە دەنگ، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەسەڵات لە خۆی دەترسێت و ترسی لەوە هەیە دەنگی ئازادی گەل کار بکات لە بەرژەوەندییەکانی، بۆیە هەڵوێستی توند وەردەگرێت و ئازادیخوازان بێدەنگ دەکات.
لەبارەی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بح سەر باشووری کوردستان، گەلاوێژ وتی: بەهۆی هێرش و داگیرکارییەکان و ڕێگە خۆشکردنی پەدەکە هاوڵاتیان بوونەتە پەنابەر لەسەر خاکی خۆیان، هەر ئەو هاوکاریانە وایکردووە دوژمن بە ئاسانی بێتە ناو خاکی کوردستان و شەڕی براکوژی دروستببێت، بۆیە پێویستە نەتەوەی کورد هۆشیار بێت و دەنگی خۆی بگیەنێتە جیهان و هەموو ئەو زوڵم و ستەمانە دەربخەن، کە دەوڵەتی داگیرکەر بە هاوکاری پەدەکە ئەنجامی دەدات.
لە کۆتایدا وتیشی: "ئامادەم گیانی خۆم ببەخشم لە پێناو دووبارەنەبوونەوەی شەڕی براکوژی و لەناوبردنی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر".
"دەسەڵات دەیویست بە دەستگیرکردنی گیراوانی بادینان ژینگەیەکی ترسناک لە بادینان دروستبکا"
ئومێد بەڕۆشکی، ڕۆژنامەنووس و یەکێک لە زیندانیانی بادینان، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها ئاماژەی بەوەدا کە دەستگیرکردنیان بە ناهەق بوو، سزا دراون بێ ئەوەی هیچ تۆمەت و بنەمایەک هەبێت، تەنها لەپێناو داواکردنی مافی گشتی هاوڵاتیانی کوردستان و فەرمانبەران و موچەخۆران دەستگیریان کردوون، وەک چالاکوانانی مەدەنی دەڤەری بادینان بە پێویستیان زانیوە لە بەرامبەر مافی هاوڵاتیان بێنە دەنگ.
"پەدەکە و دەسەڵاتدارانی بادینان نەیانتوانی قبوڵی بکەن کە هاوڵاتیان داوای مافەکانی خۆیان دەکەن، یاخود ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان بێنە دەنگ و لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەوان کار نەکەن، بۆیە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی سەر دەسەڵاتەکەی هەستا بە دەستگیرکردنی چالاکوانان، ڕۆژنامەنووسان و کەسانی سیاسی لە دەڤەری بادینان، لەگەڵ ئەوەی بە ناهەق دەستگیرکراون، تۆمەتیان بۆ دروستکراوە".
دەربارەی ڕەوشی زیندانیان ئومێد بەڕۆشکی وتی: لە زینداندا کارەسات ڕوودەدات بە جۆرێک ٢٤٠ کەس دەخەنە ژوورێکی بچوکەوە وەک سزایەک، ئەمەش پێشێلکاری مافی مرۆڤە، چونکە بە ناهەق دەستگیرکراوین و سزا دراوین، تەنانەت ڕێگەیان نەدەدا پارێزەر و کەسوکاریان ببینن و بزانن کەیسەکانیان بەرەو کوێ دەگات، دەسەڵات دەیویست لە ڕێگای دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە گیراوانی بادینان ژینگەیەکی ترسناک لە بادینان دروستبکات و هەموو خەڵکی بادینان بترسێت لە داواکردنی مافی خۆی، بترسێت لە هەڵوێست وەرگرتن دژی دەسەڵات، بەڵام بە پێچەوانەوە بە هۆی ئەو پشتیوانە نێودەوڵەتیە و ئەو ڕای گشتیەی لەسەر گیراوانی بادینان دروستبوو، ئامانجی دەسەڵات سەری نەگرت و بە قازانجی لایەنانی ئۆپۆزسیۆن بوو لە دەڤەری بادینان، بگرە بووە هۆکار بۆ زیادبوونی چالاکوانان لەو ناوچانە، هەروەها ئێستا خەڵکی بادینان لە بەرامبەر دەسەڵات هۆشیارن و زیاتر هەوڵوێست وەردەگرن.
دەربارەی پشتیوانی و ئیرادەی زیندانیانی بادینان ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێت: هێزی دەستگیرکراوانی بادینان لەوەدابوو هیچ کەس و لایەنێک نەیتوانی ئیرادەی ئەوان لەناو ببات و بتوانێت سەریان پێدابنێت، هۆکاری ئەمەش هێزی گەلە کە پشتیوانی گیراوانی بادینانیان دەکرد، بۆیە پێویستە هەڵوێست وەرگرتنەکان لەسەر زیندانیانی بادینان بەردەوام بێت، ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵات و حکومەت هەبێت و چیتر ڕێگە نەدرێت کەسانی بێ تاوان لەسەر بیروڕای سیاسی دەستگیر بکرێت.