"حکومەتی کاتی سووریا کار لەسەر سڕینەوەی ناسنامەی ژنان دەکات"
ژنانی حەلەب دەڵێن: ئەو سیاسەتەی دوورخستنەوەیە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا بەرامبەریان پراکتیزە دەکرا، تا ئەمڕۆش بەردەوامە، بۆیە جەخت لەسەر پێویستی ژنان دەکەنەوە کە ڕۆڵێکی بنەڕەتی بگێڕن لە پێشخستنی کۆمەڵگە بەرەو دادپەروەری و یەکسانی.
سیرین محەمەد
حەلەب- لە نێوان ئەو پەراوێزخستنەی ئەمڕۆی ژنانی سووریا ڕوبەڕووی دەبنەوە و ئەوەی لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا بەرگەیان گرت، ئەمڕۆش هەمان عەقڵیەت دووبارە دەبێتەوە، ئەگەرچی بە ڕووخسار و ناوی نوێشەوەیە، ژنان لە گۆڕەپانی سووریادا لە هیچ ئاستێکدا ڕۆڵێکی ڕاستەقینە و چالاکیان نییە.
ڕۆژی ٢٥ی تسرینی دوووەم ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنانە، لەو چوارچێوەیەدا، مەها حاج عەلی، چالاکوانی مافی مرۆڤ لە ئەنجومەنی ژنانی سووری لە شاری حەلەب، باسی لەو توندوتیژی و پەراوێزخستنەی ژنانی سووری کرد کە ڕوبەڕووی دەبنەوە، ئاماژەی بە کەمبوونەوەی ئەم دواییەی ژمارەی ئەو ژنانەی کرد کە لە دامەزراوەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سووریادا کاردەکەن، چ لە کەرتی گشتی و چ لە کەرتی تایبەت، هەروەها کەمبوونەوەی ڕۆڵی ژنان لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەلی سووریادا.
''سڕینەوەی ناسنامەی ژن''
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پەراوێزخستن و ستەمکارییەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، دەبێتە هۆی سڕینەوەی ناسنامە و مێژوو و کولتوورەکەیان، لە ڕووی کولتوورییەوە ژنان بێبەش بوون لە لەبەرکردنی ئەو جلوبەرگانەی کە پێیان خۆش بوو، ناچار بوون ئەو جلوبەرگانە لەبەر بکەن کە نە ئارەزووی دەکەن و نە لەگەڵ کەسایەتی و عەقڵیەتی خۆیان دەگونجێت، ئەمەش بە بێڕێزی کردن بە سیفەت و بوونى ژن و پێشێلکردنى مافى هەڵبژاردنى ژنان دادەنرێت.
''توانای پێشەنگی کۆمەڵگەی هەبێت''
ڕوونی کردەوە، لە ڕووی سیاسییەوە،نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانەی ژنان لە پارتە سیاسی و مەدەنییەکاندا نییە، زۆرینەی نوێنەرایەتی پارت بۆ پیاوان دەڕوات، چونکە کۆمەڵگە پیاوان بە توانای بەڕێوەبردن و کار و پشەنگایەتی دەبینێت، لە کاتێکدا ژنان وەک نەبوونی لێهاتوویی پێویست هەست پێدەکرێن، بێگومان ئەم تیۆرە بەتەواوی هەڵەیە، چونکە ژن توانای ئەوەی هەیە، ڕەنگە لە پیاو زیاتریش بێت، بۆ ئەوەی پێشەنگ و فەرمانڕەوا و هەڵگرتنی پۆستی باڵا بێت لە کۆمەڵگەدا.
مەها حاج عەلی لە گفتوگۆکردن لەسەر نوێنەرایەتی ژنان لە کۆمەڵگەدا جەختی لە جیاوازییەکی بەرفراوانی نێوان ئەو ناوچانە کردەوە کە پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسدا بوون و ئەوانەی لە خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادان، لە ناوچەکانی خۆبەڕێوبەریدا، ژنان بە تەواوی ڕۆڵییان گرتۆتە ئەستۆ و نوێنەرایەتیان گەیشتە ٥٠٪ لە سەرجەم کەرتەکاندا، ئەمەش هاوسەرۆکایەتی لە هەموو دەزگاکانی خزمەتگوزاری و ڕاگەیاندن و دامەزراوەکانی تردا دەگرێتەوە و بەشداریکردنیان بە بەردی بناغە دادەنرێت، هەروەها نوێنەرایەتی بازدانێکی چۆنایەتی دەکات بۆ پێشەوە لە مێژووی ژنان و خەباتیاندا، ژن لە ناوچەکانی خۆبەڕێوبەریدا جێگەی شایستەی خۆیان بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ڕژێمی بەعسدا تووشی پەراوێزخستن و دوورخستنەوە بوون.
''خەباتی ژنان''
مەها حاج عەلی جەختی لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی پشکی ٥٠٪ بۆ بەشداری ژنان لە سەرجەم شارەکانی سووریا کردەوە، وتیشی: ئێمە وەک لیژنەکانی مافی مرۆڤ و ژنان، داوا دەکەین سیستمی نوێی سووریا مسۆگەری یەکسانی نێوان ژن و پیاو لە ماف و ئەرکەکاندا بکات، هەروەها بەشداری چالاکانە لە ئەنجومەنی گەل و ئەنجومەنی یاسادانان و جێبەجێکردن، بە شوێنکەوتنی نموونەی خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
داوای کرد ژنان لە هەموو بوارەکان و پێکهاتەکاندا یەکگرتوو بن و پاڵپشتی ژنانی دیکەبن، وەک وەڵامێک بۆ ئەو بانگەشەی کە ناتوانن پێشەنگ بن لە کۆمەڵگەکانیاندا، هەروەها گرنگی ڕەتکردنەوەی ئەو پەراوێزخستنە و نکۆڵییەی کە ڕوبەڕوویان دەبێتەوە، کە پەیوەندی ژنان بەهێزتر دەکات و هاودەنگیی ژنان بەرز دەکاتەوە.
''کاندیدەکان لە فشاردا دەکشێنەوە''
شەهد تەبشۆ، ئەندامی دەستەی ڕێکخەری ئەنجومەنی ژنانی سووریا لە حەلەب، لە سەر تێبینییەکی دیکە باسی لەو پراکتیکانە کرد کە بەشدارن لە پەراوێزخستن و سنووردارکردنی ڕۆڵی ژنان، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەلدا، کورسییەکانی ژنان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکرانەوە و دوورخرانەوە، ئەنجومەنی ژنان پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەو ژنانەدا هەبوو کە کاندیدبوونیان لە ئەنجومەنی گەل کشاندەوە.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە کشانەوەی ئەوان لە فشاردا بووە نەک بە ئارەزووی خۆیان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی دەسەڵات بەردەوامە لە پراکتیزەکردنی دوورخستنەوە و ستەمکردن لە دژی ژنان، هەروەها ئەو ڕاگەیاندنە دەستوورییەی کە حکومەتی کاتی ڕایگەیاندووە، هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ دەستووری ڕژێمی پێشووی بەعس، کە ڕەتیدەکاتەوە ژنان بەشداری سیاسی کاریگەر لە سەرجەم ئەنجومەن و پۆستەکاندا بکەن.
"ئێمە هیچ پەراوێزخستنێک و دوورخستنەوەیەک قبوڵ ناکەین"
شەهد تەبشۆ تیشکی خستە سەر ئەو پێشێلکاریانەی کە لەم ڕۆژانەدا لە سووریا ڕوبەڕووی ژنان دەبنەوە، لەوانە کوشتن، ڕفاندن، دەستدرێژی و کۆیلەکردن، جەختی لەسەر پێویستی بەشداری ژنان لە کایەی سیاسیدا کردەوە، وتی: ژنانی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا توانای خۆیان سەلماندووە بۆ سەرکەوتن لە هەموو بوارێکدا کە دەچنە ناوەوە، توانای خۆیان نیشانداوە بۆ ئامادەبوون لە گۆڕەپانی سەربازی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، وەک ژنانی سووریا هیچ پەراوێزخستنێک یان دوورخستنەوەیەک قبوڵ ناکەین.
لە کۆتاییدا وتی: ژنان دەبێ پێکەوە بوەستن و خەبات بکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو بەشدارییەی کە شایەنیانە بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و یەکسانی ڕەگەزی.