سەرۆکی کاروباری ژنان لە جەهەپە: ئاشتی هەمیشەیی بە هاوڵاتیبوونی یەکسان و دیموکراسی دەستپێدەکات
چیگدەم ئۆزتوران کورت، سەرۆکی لقی کاروباری ژنان لە جەهەپە، کورت، لە هەڵسەنگاندنی خۆیدا بۆ یاسای چوارچێوە و پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی، کە ئاشتیی هەمیشەیی دەبێت بە یاسا و دیموکراسی و هاوڵاتیبوونی یەکسان بەهێز بکرێت.
ئەکین ستێرک
ئامەد ـ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی، کە لە باکووری کوردستان و تورکیا لەگەڵ بانگەوازی ٢٧ی شوبات دەستیپێکرد، دوای زنجیرەیەک هەنگاو کە لە ماوەی دوو ساڵدا نران، گواستراوەیە بۆ قۆناغێکی نوێ، دوای هەنگاوی لەناوبردنی چەک، پێکهێنانی لیژنەیەک لەناو پەرلەمان و ئەنجامدانی دانوستانەکان، "یاسای چوارچێوە” ڕێکخراوە، کە بە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی هەمیشەیی و چارەسەری دیموکراسی سەیر دەکرێت، لە پەرلەماندا پرۆسەکە چووەتە قۆناغێکی نوێوە.
چیگدەم ئۆزتوران کورت، سەرۆکی لقی کاروباری ژنان لە پارتی جەهەپە لە شاری ئامەد لەبارەیەوە وتی: هەڵوێستی جەهەپە لە پرۆسەکەدا روون و ئاشکرایە، بەهێزکردنی سیاسەتی دیموکراسی، بەڕێوەبردنی پرۆسەی چارەسەری لەلایەن گەورە ئەنجومەنی نیشتمانیی تورکیاوە بە ڕوونی و بە جۆرێک کە پشت بە ڕێککەوتنی کۆمەڵگەیی ببەستێت.
"دەبێت ئاشتی بە یاسا بەهێز بکرێت"
ڕوونیشیکردەوە، کە پرۆسەکە ڕێگا بۆ سیاسەتی دیموکراسی دەكاتەوە و بەشداری لە گەشەپێدانی ئابووریشدا دەکات، جەختی لە گرنگی بنەمای یاسایی بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی هەمیشەیی کردەوە، وتی: پەیامی سەرەکی کە دەکرێت ئاراستە بکرێت ئەوەیە کە دەبێت ئاشتی بە یاسا بەهێز بکرێت، بە دیموکراسی بچەسپێنرێت، هەروەها یاسای چوارچێوە مسۆگەری دەکات کە پرۆسەکە پشت بە یاسا ببەستێت نەک بە کەسەکان، ئەوە هەنگاوێکی باشە بۆ بەهێزکردنی ڕوونی و متمانە و ڕێککەوتنی کۆمەڵگەیی، ئێمە هەنگاو لەم ئاراستەیەدا دەنێین و باوەڕمان وابووە کە بەرەو ئاشتی هەنگاو دەنێین.
ئاماژەی بەوەدا، کە ژنان یەکێکن لەو توێژانەی کە زۆرترین کاریگەرییان لەسەر قۆناغەکانی ململانێ هەبووە، دیارترین داواکارییەکانی ژنانی بە دادپەروەری و هاوڵاتیبوونی یەکسان پێناسە کرد وتی: دەمانەوێت مناڵەکانمان ژیانێکی ئارامتر و پارێزراوتر بژین، باوەڕم بە پێویستیی گواستنەوە بۆ پرۆسەیەکی بەرفراوانتر و دیموکراسی هەیە و دەمەوێت هەلومەرجێک بۆ گەنجان دابین بێت کە بتوانن هیواکانیان لە شار و وڵاتی خۆیاندا بونیاد بنێن.
"پێویستە یاساکە بڕگەی تایبەت بە ژنان لەخۆ بگرێت"
ئاماژەی بەوەش دا، کە یاسای چوارچێوە کەموکوڕی گرنگی تێدایە، تیشکی خحستە سەر نەبوونی بڕگەی تایبەت بە ژنان لە یاساکەدا، وتی: لەبەر ئەوەی ژنان لە وڵاتدا دەخرێنە پلەی دووەمەوە، پێموایە دەبێت زیاتر گوێیان لێ بگیرێت و تێبگەین، بێگومان کەموکوڕی لە یاساکەدا هەیە، بەڵام دەکرێت ئەم کەموکوڕییانە چارەسەر بکرێن و تەواو بکرین، ئەمانە بابەتی شایانی گفتوگۆن، ئێمە چاودێری پرۆسەکە دەکەین و دەبینین چۆن گەشە دەکات، بەڵام پێش هەموو شتێک دەمەوێت لێکۆڵینەوەی هەمەلایەنەتر لەبارەی ژنانەوە ئەنجام بدرێت.
جەختی لەسەر پێویستی خستنەڕووی زمانی کوردی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا کردەوە وتی: دەبێت بتوانین زمانی کوردی لە هەموو شوێنێک بەکاربهێنین و وەک وتیان زمان مرۆڤە، منیش پشتگیری لە بەکارهێنانی دەکەم، باوەڕم وایە کە کار لەسەر ئەوەش دەکرێت.