نەجیبە قەرەداغی: ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک کۆتایی بە دەمارگیریی مەزهەبی و ژێردەستەیی ژن دەهێنێت

نەجیبە قەرەداغی، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی وتی: تەنها لە ڕێگەی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیکەوە دەتوانرێت زەمینەی سێیەم، بخوڵقێنرێت کە تێیدا کۆتایی بە دەمارگیریی ئایینی و مەزهەبی بێت. ئاماژە بەوەش دەکات کە پێشەنگایەتی ژن لەم پڕۆسەیەدا دەبێتە هۆی گۆڕانکاری

هێڤی سەڵاح

 

سلێمانی_ ئینتگراسیۆنی دیموکراتیک، وەک پایە و کۆڵەکەی سەرەکیی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و سیاسیی مۆدێرن و گەردوونی دەردەکەوێت، کە تێیدا جەخت لە بەشداریپێکردنی کارای سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکان دەکرێتەوە، بەبێ ئەوەی ناسنامە تایبەتەکانیان لەدەست بدەن. چونکە ئەم پرۆسەیە تەنها یەکگرتنێکی ڕواڵەتی نییە، بەڵکو قووڵبوونەوەیەکی فەلسەفییە لە چەمکی هاوڵاتیبوونی ئازاد و بەهێزکردنی پێگەی ژن و گروپە پەراوێزخراوەکان لە ناوەندی بڕیاردا.

 

ئەم مۆدێلە وەک وەڵامێکی مێژوویی و ڕادیکاڵ بۆ ئەو سیستمە سیاسییە باڵادەستانە سەریهەڵدا کە هەمیشە هەوڵی تواندنەوەی ژنان و کەمینەکان دەدەن لە ناو ناسنامەی باڵادەست و یەکڕەنگیدا؛ بەڵکو لە ئینتگراسیۆنی دیموکراتیکدا، "فرەیی" وەک گەورەترین سامان و دەوڵەمەندی دەبینرێت نەک هەڕەشە. بەپێی پەیامەکانی ڕێبەر ئاپۆش، ئەمە سیستمێکی گشتگیرە بۆ دروستکردنی هاوسەنگییەکی زێڕین لە نێوان یەکێتیی نەتەوەیی و فرەیی کۆمەڵایەتی، کە تێیدا ژنان ڕۆڵێکی پێشەنگ و ڕێنیشاندەر دەبینن؛ چونکە بەبێ ئازادی و ئیرادەی کارای ئەوان، هیچ سیستمێکی دیموکراتیک ناتوانێت بانگەشەی تەواوکاری و ڕەوایی بکات.

 

ئەم جۆرە لە ئینتگراسیۆن داوا دەکات کۆمەڵگە لەسەر بنەمای ئیرادەی ئازاد و پەیمانی کۆمەڵایەتی ڕێکبخرێتەوە، نەک لەسەر بنەمای فشار و سەپاندنی یەکڕەنگی. ئینتگراسیۆنی ڕاستەقینە کاتێکە کە هەموو ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکان لە ناو چوارچێوەی خۆبەڕێوەبەریدا، یەکێتییەکی واتادار و خۆرسک دروست بکەن و کۆمەڵگە لە خوارەوە بۆ سەرەوە، لەسەر بنەمای سێ تەوەری ئەخلاق، سیاسەت و ئازادی ڕێکبخرێتەوە، نەک لەسەر بنەمای فشار و سەپاندنی یاسا و دەسەڵات لە سەرەوە بۆ خوارەوە.

 

ژن وەک چەق و بزوێنەری شۆڕشی زیهنی

لەم تێڕوانینەدا، ژن تەنها بەشێک نییە لە پرۆسەکە، بەڵکو خودی پرۆسەکەیە؛ تا ژن لە ناو سیستمێکی دیموکراتیکدا ئینتگراسیۆن و جێگیر نەبێت، کۆمەڵگە ناتوانێت لە کۆیلایەتی دەرباز بێت. ئەمەش پێویستی بە شۆڕشێکی زیهنیی قووڵ هەیە بۆ تێپەڕاندنی عەقڵیەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتخوازی کە هەمیشە هەوڵی دابەشکردن و جیاکاری دەدات. ئامانج ئەوەیە لە ڕێگەی ئینتگراسیۆنی دیموکراتیکەوە، ژنان لە هەموو کایەکانی ژیاندا —لە ئابووری و پەروەردەوە تا پاراستنی ڕەوا— ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و ببنە هەوێن و هێزی یەکخەری کۆمەڵگە و پارێزەری دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ.

 

گەرەنتی پێکەوەژیان و ئاسۆیەکی نوێ

لەم ژینگە ئاشتییانەیەدا، ئینتگراسیۆنی دیموکراتیک دەبێتە گەرەنتی پاراستنی جیاوازییەکان و گۆڕینیان بۆ وزەیەکی داهێنەر، کە کۆمەڵگە بەرەو ئاسۆیەکی ڕوونتر دەبات و ڕێگری دەکات لە هەر جۆرە پەراوێزخستنێک کە لە ڕابردوودا بەهۆی دەسەڵاتی دەوڵەت-نەتەوە و عەقڵیەتی ناوەندگەرێتییەوە بەسەر گەلان و ژناندا سەپێندراوە.

 

ئەنجام:

ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە ئەم مۆدێلە، وەک تاکە ڕێگەی ڕزگاری و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا جێگیر بکرێت؛ ببێتە بنەمای ژیانێکی نوێ کە تێیدا شکۆ و مافی هەموو تاکێک پارێزراو بێت و هیچ گروپێک هەست بە بێگانەیی نەکات لە ناو نیشتمان و سیستمی بەڕێوەبردندا، چونکە ئازادیی هەر تاکێک پەیوەستە بە ئازادیی هەموو کۆمەڵگە و ئەمەش جەوهەری ڕاستەقینەی ئینتگراسیۆنی دیموکراتیکە.

 

ئەم تێزە سیاسییە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە چەمکی ئینتێگراسیۆن بە واتای یەکڕەنگکردن و تواندنەوەی پێکهاتەکان نایەت، بەڵکو ئامانج لێی دروستکردنی مۆزایکێکی مرۆییە کە تێیدا هەر پێکهاتەیەک بە ناسنامە و تایبەتمەندیی خۆیەوە، بەشدار بێت لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا. ئەم مۆدێلە وەک ئەو ڕێگایە دەستنیشان دەکرێت کە ڕێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەری بنەڕەتیی کێشە نەتەوەیی و ڕەگەزییەکان و بونیادنانی ژیانێکی ئازاد و یەکسان بۆ ژنان و گەلان پێشنیاری کردووە.

 

یەکگرتنی دیموکراسی و پرسی کۆماری دیموکراتیک

لە ناوەڕۆکی ئەم دیدگایەدا، یەکگرتنی دیموکراسی تەنها کاتێک مانا پەیدا دەکات کە لە چوارچێوەی "کۆمارێکی دیموکراتیکدا" بێت؛ چونکە هیچ جۆرە یەکگرتن و ڕێککەوتنێک لەگەڵ سیستەمی فاشیست و ستەمکاردا ناچێتە خزمەت بەرژەوەندی گەلانەوە. بۆ ئەم مەبەستەش، پێویستە یاساکانی ئاشتی وەک زەمینەسازییەک بۆ سیاسەتی دیموکراسی و چارەسەری یاسایی دەربکرێن، تا بە تەواوی ڕێگە لە ململانێی خوێناوی بگرن.

 

لەم مۆدێلەدا، لەبری چەمکی دەوڵەت-نەتەوە، مۆدێلی نەتەوەی دیموکرات قبوڵ دەکرێت. لێرەدا هەر کولتوور، زمان و پێکهاتەیەک بە ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆیەوە بەشدار دەبێت. گرنگترین خاڵی ئەم وەرچەرخانە لەوەدایە کە "هاوڵاتی ئازاد و یەکسان" دەبێتە بنەما نەک ڕەگەزی نەتەوەیی؛ بەو مانایەی تاک و گروپەکان لەسەر بنەمای ئیرادەی ئازاد لە سیستمەکەدا جێگیر دەبن.

 

خۆبەڕێوەبەری و پێشەنگایەتیی ژنان

لە ڕووی بەڕێوەبەرییەوە، یەکگرتنی دیموکراسی جەخت لەسەر "خۆبەڕێوەبەری کۆمەڵایەتی" دەکاتەوە. کۆمەڵگە لە ڕێگەی ئەنجومەن و کۆمۆنەکانی خۆیەوە — کە ژنان تێیدا پێشەنگن — دەبێتە خاوەن بڕیار لە ئیدارەدا و دەوڵەت تەنها وەک چاودێرێکی دیموکرات دەمێنێتەوە. هاوکات جەخت دەکرێتەوە کە پێویستە هەموو ئاستەنگەکانی بەردەم بەشداری سیاسی و ڕێکخستنی ڕۆشنبیری لاببرێن تا گەلان بەبێ سنوور بتوانن نوێنەرایەتی ئیرادەی خۆیان بکەن.

 

دیدگای لایەنەکان و ئاسۆکانی چارەسەری پرسی کورد

ئەم پرۆسەی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیکە و چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا، لە نێوان دیدگای جیاوازی لایەنەکاندا چڕ بووەتەوە:

ڕێبەرایەتی کورد و پەکەکە: ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان و فەرماندەکانی وەک دوران کاڵکان، سەبری ئۆک و مستەفا قەرەسوو، جەخت لە گۆڕینی شێوازی تێکۆشان لە چەکدارییەوە بۆ سیاسی دەکەنەوە. ئەوان داوای چوارچێوەیەکی یاسایی تایبەت و دانپێدانان بە ناسنامەی کورد دەکەن، نەک تەنها لێبوردنی گشتی سادە؛ چونکە ئەم هەنگاوە بە کلیلی دیموکراسی و بەردەوامی بەهاکانیان لە ناو ژیانی مەدەنییدا دەبینن.

لایەنە مەدەنییەکان: دەم پارتی و نووسەرانی وەک خەیری هەزەرگۆل پێیان وایە ئەمە کۆتایی بە دابڕانی نێوان کورد و دەوڵەت دەهێنێت و دەبێت پەرلەمان بە یاسای نوێ دادپەروەری بچەسپێنێت.

 

بەرەی دەسەڵات (ئاکەپە و مەهەپە): ئەردۆغان و باخچەلی ئەمە بە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ کۆتاییهێنان بە چەک دەزانن و مەرجی سەرەکییان چەکدانانی بێ ئەملاو ئەولا و قسەکردنی ئۆجالانە لە پەرلەمان بۆ ڕاگەیاندنی کۆتایی پەکەکە، بەبێ ئەوەی لێبوردنی گشتی سەرکردەکان بگرێتەوە.

 

ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی (جەهەپە): جەخت لە شەفافییەتی پرۆسەکە لە ناو پەرلەمان و پەیڕەوکردنی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دەکەنەوە، لە کاتێکدا ناسیۆنالیستە توندڕەوەکان هێشتا بە گومانن و بژاردەی سەربازی بە تاکە ڕێگە دەزانن.

 

مانیفستۆی شارستانی دیموکراتیک؛ بەرەو پەیمانێکی کۆمەڵایەتی نوێ

ئەم مۆدێلە نوێیەی ژیان کە لە "مانیفستۆی شارستانی دیموکراتیکدا" وەک وەرچەرخانێکی بنەڕەتی وێنا دەکرێت، وا دەکات پەیوەندی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە لەسەر بنەمای دەستوورێکی دیموکراتیک بێت کە ململانێ چەکدارییەکان دەگۆڕێت بۆ دیالۆگی سیاسی.

 

لەم پرۆسەیەدا، کۆمۆنە و ئەنجومەنەکان وەک بڕبڕەی پشتی سیستمەکە، دەبنە ناوەندی بڕیاردانی ڕاستەوخۆی هاوڵاتیان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ژیانیان وەک ئابووری، پەروەردە و تەندروستی. ئەمەش ڕێگری دەکات لە قۆرخکاریی دەسەڵاتی ناوەندی و یەکێتییەکە لە خوارەوە بۆ سەرەوە بونیاد دەنێت. لێرەدا هاوڵاتیبوون لە ڕێگەی پراکتیکی ڕۆژانەی دیموکراسی، پاراستنی ژینگە و ئازادیی ژنەوە مانا ڕاستەقینەکەی دەست دەخات و دەبێتە زامنی مانەوەی فرەچەشنییە کولتوورییەکان لە چوارچێوەی پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی ئارەزوومەندانەدا کە تێیدا هیچ نەتەوە و ڕەگەزێک هەست بە پەراوێزخستن نەکات.

 

نەجیبە قەرەداغی: ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک پڕۆژەی گۆڕانکاری بنەڕەتی و تێکشکاندنی مەحاڵە

نەجیبە قەرەداغی، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، لە لێدوانێکی تایبەتدا سەبارەت بە چەمکی ئینتیگراسیۆن و ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک وتی: لە ماوەی ڕابردوودا و بەتایبەت دوای ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥، گفتوگۆیەکی چڕوپڕ لەسەر پرسی ئینتیگراسیۆن و ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک هەیە. دەبێت سەرەتا ئاماژە بەوە بکەم کە ئەم دوو چەمکە جیاوازییەکی زۆریان هەیە؛ ئینتیگراسیۆن لە زەمینەی هەر وڵاتێکدا کە کۆچبەران ڕووی تێدەکەن، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پەنابەران بەکاردێت تاوەکو خۆیان لەگەڵ یاساکانی ئەو وڵاتەدا بگونجێنن. بەڵام ئەو پڕۆسەیەی کە لە دوای ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٤ەوە بە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە دەستی پێکردووە، بەکارهێنانی وشەی "دیموکراتیک" تێیدا بە تەواوەتی جیاوازە لەو پڕۆسەیەی پێشتر باسم کرد.

 

قۆناغی بوون و خود-وشیاری

نەجیبە قەرەداغی وتیشی: ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک لە هەلومەرجی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستاندا، لە دوای ١٠٠ ساڵ تێکۆشان دژی نکۆڵیکردن، قڕکردن و پەراوێزخستن دێت، کە بوونی گەلی کوردی گەیاندە ئاستێک کە چیدی دەوڵەت نەتوانێت نکۆڵی لێ بکات. ئەم قۆناغی "بوون"ە زۆر گرنگە. هاوکات لە ٥٠ ساڵی ڕابردوودا، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان قۆناغێکی خۆبنیاتنانەوەی شۆڕشگێڕانەی بەڕێوە برد کە زەمینەیەکی خود-وشیاری و خود-ناسی بۆ کۆمەڵگەی کورد فەراهەم کرد. ئەم تێکۆشانە لە ئاستی نەتەوەیی، ڕەگەزی و چینایەتیدا بووە هۆی ئەوەی کێشەکە زەق بکاتەوە و دەوڵەت ناچار بکات لە پێناسەی نێگەتیڤەوە، قۆناغ بە قۆناغ بەرەو ئەو پێناسانە بچێت کە ناچاری دانوستاندنی بکات.

 

گۆڕانکاری ڕادیکاڵانە لە زیهنیەتدا

ئێمە باسی دانوستاندنێک ناکەین کە دەوڵەت بە هەموو مەرجەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان ڕازی بووبێت، بەڵکو ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ دەستپێکردنی قۆناغی گۆڕانکاری ڕادیکاڵانە لەلایەن دەوڵەت و نەتەوەوە. لە زەمینەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، قسەکردن لەسەر پڕۆسەیەکی دیموکراسی و گۆڕانکاری لە زیهنیەتدا کارێکی زۆر زەحمەتە و هەندێک جار وەک مەحاڵ دەبینرێت، بەڵام بە ڕێبەرایەتی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان و بە فەلسەفەی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک و فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی"، ئەم مەحاڵە تێکشکێندرا.

 

دیموکراسیی ڕادیکاڵ و ئیکۆلۆژی

نەجیبە قەرەداغی جەختی کردەوە: ئەو مۆدێرنیتەیەی پێشنیاز کراوە لەسەر بنەماکانی دیموکراسیی ڕادیکاڵ، ئازادیی ژن و ئیکۆلۆژییە. ئەمە وای کردووە پڕۆسەکە تەنها بۆ مافەکانی گەلی کورد نەبێت، بەڵکو پڕۆسەیەکە بۆ گۆڕانکاریی زیهنی و بونیادی لەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش بووە. بێگومان ئەم گۆڕانکارییانە پێویستی بە ستراتیژ و ئەقڵێکی ستراتیژی هەیە. ئەوەی لە ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیکدا باس دەکرێت، دۆخێکە کە "ئەمری واقع" بخوڵقێنێت؛ واتە گەلی کورد دەوڵەت ناچار بکات زەمینەی یاسایی و سیاسیی دیموکراتی فەراهەم بکات.

 

خۆبنیاتنانەوە و هاوڵاتی ئازاد

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک بەشێکە لە پڕۆسەی خۆبنیاتنان؛ واتە کۆمەڵگە بێ ئەوەی چاوەڕێی هەنگاوی دەوڵەت بکات، زەمینەی دیموکراتیزەکردنی زیهنیەت و دامەزراوەکردنی پێداویستییەکانی خۆی لە ڕووی زمان، کولتوور، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی پەرە پێ بدات. ئەمە پرۆسەیەکی کورتخایەن نییە و پێویستی بە لێبوردەیی هەردوولا و یاسای دیموکراتی هەیە. چەمکی ئازادیی ژن و قبوڵکردنی ژن و گەنج وەک بکەری ڕاستەقینەی ئەم پڕۆسەیە زۆر گرنگە.

 

کاریگەرییە هەرێمی و جیهانییەکان

نەجیبە قەرەداغی ڕوونیکردەوە: ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک بابەتێکی نەتەوەییە و لە لایەکی دیکەوە پڕۆسەیەکی گەردوونی و ناوخۆییە بۆ کورد. پەیوەستە بە یەکێتیی نەتەوەیی گەلی کورد لە هەموو بەشەکاندا، بەڵام تەنها پڕۆژەی نەتەوەیی بەس نییە، بەڵکو پێویستی بە زیهنیەتی دیموکراسی هەیە. ئەم پرۆسەیە گۆڕینی دەستووری ئەو وڵاتانەی دەوێت کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، بێگومان ئەم یاسایانە تەنها کورد ناگرێتەوە، بەڵکو هەموو پێکهاتە و نەتەوە پەراوێزخراوەکانیش خۆیان تێدا دەبیننەوە.

 

ڕۆڵی کۆمەڵگە و نموونەی ئامەدسپۆر

باسی لەوەش کرد کە ئەمە بە دەستپێشخەری و هێنانە مەیدانی ئەو وزەیە دەبێت کە بەهۆی پیاوسالارییەوە قەتیس کراوە. دەبێت کۆمەڵگە لە دەوری پێداویستییە ڕۆژانەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی و ئابووری خۆی ڕێکبخات. وەک نموونە ئاماژەی بەوە کرد، کاتێک ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەستی بە ڕێکخستنی بزووتنەوەکە کرد، ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمەڵگەیەک لە ناوخۆیدا دیموکراتیک نەبێت و زیهنیەتی پیاوسالاری هەبێت، ناتوانێت شۆڕشی دیموکراسی و ناسنامە سەرپێ بخات. بۆیە لە بچووکترین یەکەی کۆمەڵگەوە کە خێزانە، دەستی پێکرد بۆ ئاواکردنی ناسنامەیەکی سۆسیالیستی کۆمیناڵیست، یەکێک لە پایەکان، "هاوڵاتی ئازاد"ە کە بتوانێت خۆی بەڕێوەببات لەسەر بنەمای کۆمین و ئەنجومەنەکان. لەم پڕۆسەیەدا ڕۆشنبیران، یاساناسان و تەنانەت وەرزشەوانانیش ڕۆڵیان هەیە. بۆ نموونە تیمی "ئامەدسپۆر" لە باکووری کوردستان بە سەرکەوتنی بۆ سوپەر لیگ، ئەو دیوارە نەژادپەرستییەی شکاند کە لە نێوان کورد و تورکدا بونیاد نرابوو.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا نەجیبە قەرەداغی وتی: ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک چارەسەری بنەڕەتییە بۆ کێشەکان و خاوکردنەوەی ئەو دەمارگیرییە ئاینی و مەزهەبییەی هەیە. زەمینەی سێیەم فەراهەم دەکات کە دوور بێت لە ڕەگەزپەرستی و هەڵاواردنی ژنان. قبوڵکردنی ئیرادەی ژن وەک بکەرێکی چالاک، پێشەنگایەتییەک دەخوڵقێنێت کە زیهنیەتی پیاو و هەموو تاکەکان دەگۆڕێت، ئەم پڕۆسەیە دەبێتە هۆی ئەوەی چیدی دەوڵەت و هێزە هەژموونگەراکان نەتوانن یاری بە ئیرادەی گەلان بکەن و ناکۆکی بنێنەوە، ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک تاکە چارەسەری کێشە نەتەوەیی، مەزهەبی و سێکسیزمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.