لە ساڵیادی کۆنگرا ستار، داوادەکەن بە نمونەیەک دابنرێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی ژنانی باشوری کوردستان

١٧ ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆنگرا ستاردا تێدەپەڕێت، نوێنەرایەتی کۆنگرا ستار لە باشووری کوردستانیش یەکبوونی ژنان لە باشوور بە یەکەمین هەنگاوی سەرکەوتنی ژنان دەزانێت، تا لەپێناو ژن و نەتەوەکەیاندا تێبکۆشن.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- کۆنگرا ستار لە ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥ دامەزراوە، لە سەرەتادا ناوی "یەکێتی ستار"بووە، کە ڕێکخستنی ژنانی کوردی ڕۆژئاوای کودستان بووە، دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا زیاتر فراوان بوون، ئێستا بووەتە دەنگی هەموو ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان و ژنانی هەموو نەتەوە جیاوازەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تێیدا جێدەگرن.

 

لە ٢٥ی شوباتی ٢٠١٦ لە پاش شۆرشی ڕۆژئاوای کوردستان و بوونی ڕۆڵێکی کارا و کاریگەر، ناوی لە "یەکێتی ستار" گۆڕا بۆ "کۆنگرا ستار"، جگە لە سوریا لە لوبنان، ئەوروپا، ئەمریکا و باشووری کوردستان کار دەکات، لە ١٢ کۆمیتە پێکهاتووە.

 

کۆمیتەکان پێکهاتوون لە کۆمیتەی کۆنگرا ستار، کە ئەرکی ڕێکخستنی کۆنگرا ستار و کارو چالاکییەکانە، پەروەردە، کۆمەڵگا، دیپلۆماسی، پاراستنی جەوهەری ژن، ڕاگەیاندن، ژینگە، تەندروستی، دادوەری، دارایی و ئابوری، سیاسی، چاند و هونەر.

 

جگە لەم کۆمیتانە، کۆنگرا ستار لەسەر بنەمای زانستی ژن "ژنۆلۆژی"، کارەکانی بەڕێوەدەبات، ئازادی ژن بناغەی کۆنگرا ستارە، نوێنەرایەتی ئیرادەی ژن دەکات، بۆ هێنانە کایەی سیستمی "نەتەوەی دیموکراتیک" تێدەکۆشێت، بە دروشمی "بێ ئازادی ژن، کۆمەڵگایەکی ئازاد پێک نایەت" خەبات دەکات.

 

لەیمان شویش، نوێنەری کۆنگرا ستار لە باشووری کوردستان باس لەوەدەکات، کۆنگرا ستار لە ڕۆژگارێکدا دامەزرا و دەستی بەکارکرد، کە ئیرادەی ژن لە سیستمی بەعس و دەسەڵاتداری و دەوڵەت نەتەوە جێگەی نەدەبووەوە، بۆیە سەرەتای کارکردنی کۆنگرا ستار زۆر زەحمەت بوو، بەڵام لە بواری هونەری لەناو ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان خۆی بە ڕێکخستن کرد.

 

 

"پێویستە ژنان یەکبگرن و بۆ ئازادی ژن و نەتەوە تێبکۆشن"

پاش شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و باکور ڕۆژهەڵاتی سوریا بەرامبەر بیری دەسەڵاتداری و توندڕەوی، وەک لەیمان شویش باسی دەکات، بە پێشەنگی کۆنگرا ستار ژن خۆی بە ڕێکخستن کرد، ئێستا کۆنگرا ستار دەنگی ژنانی هەموو نەتەوە و باوەڕییە جیاوازەکانە، بۆ ژنانی هەر چوارپارچەی کوردستان تێدەکۆشیت.

 

نوێنەری کۆنگرا ستار، داوا لە ژنانی باشوری کوردستان دەکات، کە هەمووان ببنە یەک دەنگ، کۆنگرا ستار وەک نموونەیەک بۆ خۆیان ببینن، هەمویان لە ژێر چەترێکدا ئیتر بە هەر ناوێک بێت یەکبگرن و بۆ ئازادی ژن و نەتەوە تێبکۆشن، چیتر پارچە پارچە نەبن، چونکە پارچە بوون خەباتی ژن لاواز دەکات و ئامانجەکانی ژنان بەدەست ناهێندرێت.

 

ت.پ