کاندیدەکان دەیانەوێت چی بۆ گەنجان بکەن؟

تادێت بانگەشەی هەڵبژاردنەکان گەمتر دەبێت، کاندیدەکان بەردەوام لە هەوڵی کۆکردنەوەی دەنگی هاوڵاتیاندان، دەیانەوێت بە پێدانی قەرزی بچووک و ڕەخساندنی هەلی کار، دەنگی گەنجان کۆبنەوە و دەڵێن "گەنج توانا و هێزی هەر میللەتێکە".

 

تەرزە تەها

سلێمانی- لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی پڕۆسەی هەڵبژاردن، بانگەشەکان گەرمتر دەبن و کاندیدەکان بەردەوام لە شوێنە قەرەباڵغ و بازاڕەکان دەگەڕێن و هەوڵی کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگ دەدەن.

 

گەنج توانا و هێزی مرۆیی هەر میللەتێکە، هەر گەنجیش پێشەنگ و داینەمۆی گۆڕانکاری وڵاتە، لەبەر ئەوەی ئێستا کاندیدەکان دەیانەوێت بە شێوازی جیاواز و لە بازنەکەی خۆیاندا دەنگی گەنجان بۆ خۆیان کۆبکەنەوە، پڕۆژەی جیاوازیان بۆ گەنجان هەیە.

د.پەخشان سیان، کاندیدی ژمارە ٢٤ لە بازنەی سێی هەولێر، کە یەکگرتووی ئیسلامی پشتگیری دەکات، باس لەوەدەکات زۆرترین هەوڵیداوە تا لەگەڵ گەنجاندا کۆبوونەوە ئەنجامبدات، چەند جارێکیش لەگەڵ گەنجاندا کۆبووەتەوە، گەنجان بە سەروەتی مرۆیی هەر میللەتێک لە قەڵەم دەدات.

 

ئەو وەک کاندیێک پڕۆژەی بۆ گەنجان ئەوەیە، کە زەمالەی خوێندن بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بۆ گەنجان لە وڵاتانی دەرەوە دەستەبەربکات، هاوکات هەوڵیشدەدات لە ڕێگای وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق بیمەی بێکاری بۆ گەنجان دەستەبەربکات.

 

پەخشان سیان، دەشڵێت "بە جدی هەوڵدەدەم کە کێشەکانی گەنجی کورد بە عێراق بگەیەنم، بەداخەوە تا ئێستا دانیشتنێکی پەرلەمان تایبەت نەکراوە بە کۆچی گەنجان"، لە بەشیکی دیکەی وتەکانیشیدا باس لەوەدەکات بەهۆی سیستمی حکومڕانی هەرێمی کوردستانەوە، گەنج بووەتە ڕووکەش و هیچ گرنگییەکی پێنادرێت، سەرباری ئەوەی گەنجی ئێستا هیچ ئینتیمای بۆ وڵاتەکەی نەماوە، دەڵێت "گەنج ئینتیمای نەماوە بۆ ئەو وڵاتە، باوەڕی بە بڕوانامەکەی نەماوە، بەڵام من بێ ئومێدنیم لە گەنجانی وڵاتەکەم، لە داهاتوو دەتوانین کاری باشیان بۆ بکەین، گەنجی ئێمە هۆشیار بەڵام بێ ئومێدن".

ڕاژان عەبدولفەتاح، کاندیدی لیستی حزبی سۆسیالستی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی یەکی هەولێر، وەک گەنجێک دەیەوێت زۆرترین کار لە بواری گەنجان و پەروەردە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکات، زۆرترین کارەکانیشی بە هاوکاری گەنجان ئەنجام دەدات.

 

ئەو گەنج بە داینەمۆ و سەرمایەتی وڵات دەنرخێنێت، وەک باسی دەکات دەیەوێت پڕۆژەی تایبەت بە گەنجان پێشکەش بکات، بەتایبەت لە بواری پێشخستنی ئابووریدا، کە هەلی کاری لە ڕێگای وەرگرتنی قەرزی بچووک بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە بڕيخسێنێت.

 

دەشڵێت "گەنجانی ئێمە دوای تەواوکردنی زانکۆ و پەیمانگاکان لە بێهیوایدا  سەرهەڵدەگرن و شوێنێک نییە کە کاری تێدا بکەن، گرنگترین شت لای من کارکردنە لە بواری پەروەردە و گەنجان، دەمەوێت ئەو دوو بابەتە بەیەکتر ببستمەوە، پێش هەموو شتێکیش دانانی پڕۆژە یاسایەکە بۆ پێشینەی کار بۆ گەنجان یاندامەزراندی دامەزراوەیەکی ئابووری بۆ ئەوەی گەنجان بتوان خۆیانی تێدا ببیننەوە و بەهرە و تواناکانی خۆیانی لێوەپێشکەش بکەن".

ئیمان عەبدولڕەزاق، کاندیدی لیستی هاوپەیمانی لە بازنەی سێی دهۆک، ئاماژە بۆ دۆخی گەنجانی ئەو دەڤەرە دەکات، تا ئێستا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەپێی پێویست خزمەتی گەنجانی ئەو دەڤەرە نەکراوە، ئەمەشی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو دەڤەرە لەلایەن پەدەکەوە گەڕاندووە، کە تا یەکڕەنگی لە دەڤەرێکدا هەبێت، دیموکراسی کەمتر دەبێتەوە، کەمتر خزمەت دەکرێت.

 

وەک کاندیدێکی ئەو دەڤەرەش، جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەو ناوچانەی بازنەی سێ پێویستی زۆریان بە پڕۆژە هەیە، تا گەنجانیش هەلی کاریان دەستبکەوێت و دابمەزرێن، ئەگەر لە کەرتی گشتیش نەبێت لە کەرتی تایبەت گەنجان پێشبخرێن.

 

ئیمان عەبدولڕەزاق، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، کە دەتواندرێت لە ڕێگای دروستکردنی کارگە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی جوتیارەکان چەندین هەلی کار بۆ گەنجانی ئەو دەڤەرە بڕەخسێندرێت، کە سوودی بۆ دانیشتوانی دەڤەرەکە هەبێت، هاوکات وەک ناوچەیەکی گەشتیاریش پڕۆژەی گەشتیاری زیاتر دروستبکرێت، قەرزی بچوکیش بۆ گەنجان دابین بکرێت.

 

ت.پ