جێگری هاوسەرۆکی کەنەکە: پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان هێڵی سووری ئێمەیە

کەنەکە لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆنفرانسی ڕاوێژکاری نەتەوەیی بۆ یەکڕیزی و پێگەی کورد لە سووریا سازدەکات، هێڤی مستەفا، جێگری هاوسەرۆکی کەنەکە ڕایگەیاند، پێویستە لایەنە سیاسییەکان لە سووریا دەرفەت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بەدەستبهێنن.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ-لە ٨ی کانوونی یەکەمەوە کە ڕۆژی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدە، تا ئێستا هەوڵی زۆر هەبووە بە ئامانجی نزیکبوونەوە و یەکخستنی پێگەی کورد بۆ نوێنەرایەتییەکی فەرمی لە سووریای داهاتوودا، هەرچەند هەندێک ناکۆکی لەنێوان هەندێ لایەنی سیاسی کوردیدا هەیە، بەڵام لەم پڕۆسە مێژووییەدا بۆ سەرکەوتنی دۆزی کورد لە دەستووری نوێدا هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە پێشە، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان "کەنەکە" کۆنفرانسی ڕاوێژکاری نەتەوەیی بۆ یەکڕیزی کورد ساز دەکات، کەنەکە لە ڕێگەی بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانییەوە ئەم پڕۆژەیەی ڕاگەیاند، هێڤی مستەفا، جێگری هاوسەرۆکی کەنەکە سەبارەت بەم کۆنفرانسە بۆ دەزگاکەمان قسەی کرد.

 

"یەکگرتوویی هەڵوێستی کورد لە سووریا"

هێڤی مستەفا لە سەرەتای قسەکانیدا ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا کەنەکە هەوڵی بەهێزکردنی یەکڕیزی کورد و نیشاندانی هەڵوێستەکانی دەدات، وتی: کەنەکە لە ساڵیادی سەد ساڵەی لۆزان کۆنفرانسێکی سازکرد، یەکێک لەو بڕیارانەی لە کۆنفرانسەکەدا دراوە؛ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ڕاوێژکاری نەتەوەیی بوو لەسەر ئاستی کوردستان و لەسەر خاکەکەی، بەڵام بەهۆی ئەو هەلومەرجەی کە کوردستان پێیدا تێدەپەڕێت، ئەستەم بوو ئەو پلانە لەو کاتەدا جێبەجێ بکرێت، بۆیە بڕیار درا کە هەر بەشێکی کوردستان بە شێوەیەکی سەربەخۆ کۆنفرانسەکە ئەنجام بدات.

 

لە چەندین بازنە پێکدێت

هێڤی مستەفا ڕایگەیاند، نزیکەی مانگێکە کەنەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان کار لەسەر ئەم کۆنفڕانسە دەکات وتی: لیژنەی ئامادەکاری پێکهێندراوە، نوێنەری حزبیش دەگرێتەوە، هەروەها جەختمان لە ئامادەبوونی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نوێنەری گەنجان و ژنان و ڕۆشنبیران و ڕێکخراوەکانی بنەماڵەی شەهیدان کردەوە، لە هەمانکاتدا تاکی سەربەخۆش هەن کە کاریگەرن لە کۆمەڵگەدا و لەلایەن ئەوانەوە خۆشەویستن.

 

"پرۆسەکە گرنگە، پێویستی بە خێرایی هەیە"

هێڤی مستەفا ڕایگەیاند، دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، پێویستیان بە هەنگاونان بەخێرایی بینی و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەو پڕۆسەیەی کە سووریا پێیدا تێدەپەڕێت زۆر گرنگە، هەستیارە و مەترسی لەسەر کورد هەیە، لە هەمانکاتدا دەرفەتی مێژووییمان بۆ دۆزی کورد لە سووریا هەیە.، ئەگەر لەم کاتەدا یەکگرتوو نەبین و هەڵوێستمان وەک یەک نەبێت، ئەوا دۆخەکەمان دەکەوێتە مەترسییەوە، هەمووان لە کۆنفرانسەکەدا ئامادە دەبن و بە ئازادی بیروڕای خۆیان دەردەبڕن و خواستەکانی خۆیان دەخەنە ڕوو.

 

"پێویستە پارتەکان ناکۆکیەکانیان لاببەن و کار بۆ گەلەکەیان بکەن"

 

هێڤی مستەفا ئاماژەی بەوەکردم دەیانەوێت پێش کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ کۆنفرانسەکە ببەستن و وتی: پێویستە لایەنە سیاسییەکان ململانێ و بەرژەوەندییە تایبەتەکانیان بخەنە لایەک و لەپێناو بەرژەوەندی گەلەکەیاندا هەڵسوکەوت بکەن، ڕەنگەکانی چارەسەری پرسی کورد و هێڵە سوورەکانمان لە کۆنفرانسدا پێناسە دەکەین، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی کۆنفرانسەکە لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدەین و بۆچوونەکانی گەلەکەمان لەبەرچاو بگرین.

 

"پاراستنی ڕۆڵی ژنان لە ئایندەی سووریادا یەکێکە لە هێڵە سورەکانمان"

هێڤی مستەفا جەختی لەوە کردەوە کە ئامادەبوون و ڕۆڵی ژنان لە پڕۆسەی نوێی سووریادا، هەروەها پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان، یەکێکە لە هێڵە سوورەکانیان و وتی: شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بە دڵنیاییەوە بە هی ژنان ناسراوە، نوێنەرایەتی ژنان لە کۆنفرانسەکەدا و ڕۆڵی گرنگی ژنان نیشانەیەکە، بێگومان ڕۆڵی ژنان لە هەموو جۆرە چارەسەرێکدا گرنگ دەبێت.

 

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان "کەنەکە" لە ٢٤ی ئایاری ١٩٩٩ لە کۆبوونەوەیەکی گشتیدا، بە ئامادەبوونی ٧٠٠ نوێنەر و میوانی کورد و بیانی، لە ئەمستردام پایتەختی هۆڵەندا دامەزراوە، کەنەکە بەرپرسیارە لە گەلی کوردستان و هێزە شۆڕشگێڕەکانی لە هەموو گۆشەکانی جیهان. کەنەکە پێیوایە گەلی کوردستان دەڵێ هەموو نەتەوەیەک مافی خۆیەتی داهاتووی خۆی دیاری بکات.