بە یەکگرتنی گەلی کورد، دەسەلمێندرێت کورد لەناوناچێت

لە بەرامبەر ئەو دۆخەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕوودەدات، ئەو هێرش و بۆردوومانانەی داگیرکەران دەیخەنە سەر باشوور هاوڵاتیان داوا دەکەن یەکگرتووانە بە ڕووی دوژمن بوەستنەوە و کورد ببێتە خاوەن دەوڵەتی خۆی.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە بەرامبەر هەر هێرش و داگیرکەریەکدا کە دووژمن ئەنجامی دەدات لەسەر کوردستان و خاکی باشوور حکومەت و دەسەڵاتی حکموتی عێراقی و هەرێم بێدەنگن لێی ئەمەش وایکردووە هێرش و داگیرکارییەکان، بۆردوومانەکان و تا دەگاتە تیرۆرکردنی ئازادیخوازان درێژە بکێشێت پەلبهاوێت بۆ کارەسات و ڕووداوی زیاتر.

 

ئەم هێرش و بۆردوومانانە بوونەتە هۆکار بۆ تێکدانی ژیانی هاوڵاتیانی سڤیل، لەناوبردنی گیانی هاوڵاتیان و شوێنی نیشتەجێبوونیان و گوندەکانیان بە جۆرێک ڕۆژانە زیان بەر زەوییە کشتوکاڵی و ئاژەڵەکانیان دەکەوێت، لە پای بێدەنگی حکومەتیش گرنگە هاوڵاتیان و گەل یەکگرتووانە پاڵپشتی یەکبکەن و دژی داگیرکاری و توندوتیژییەکانی دوژمن ببنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش هاوڵاتیانی باشوور داوا دەکەن گەل یەکڕیزانە بەڕووی بۆردوومانەکان بوەستێتەوە.

 

"گەل ویستی یەکگرتنی هەیە دەسەڵات و حیزبە جیاوازەکان ڕێگری دەکەن"

سروە نوری، دەربارەی یەکگرتووی گەل ئاماژەی بەوەکرد، یەکیک لە هۆکارەکانی سەرکەوتووی گەلی کورد یەکگرتنیەتی نەک تەنها لە باشوور بەڵکو لە هەموو پارچەکاندا، وە یەکێک لە خەمەکانی نەوەکانی کورد ئەوەیە کە نەیانتوانیووە پرسی کورد نەک تەنها وەک پرسی نێونەتەوەیی بەڵکو نەتەوەی لێبکەن هۆکاری ئەمەشی بۆ نەبوونی ڕێبەرێک لە نێو گەلی کورددا گەڕاندەوە، کە بتوانێت وا لە گەل بکات هەست بکەن یەک گەل و نەتەوەن و پێویستیان بە خەباتێکە.

 

ئەوەشی ڕوونکردەوە کە وەک کوردێک پێویستە پرسی کورد لە هەرجێگەیەک بێت وەک پرسی خۆمان تەماشای بکەین و خەباتمان یەکبخەین، گەل بۆ خۆی هەست بەو بەرپرسیارێتییە دەکات بەڵام دەسەڵات و حکومڕانی حکومەت و حیزبە جیاوازەکان ڕێگری لە یەکخستنی دەنگەکانیان دەکەن.

 

بەڵام هێشتا بەشێکی گەل ئینتیمای یەکگرتنی نییە، کاتێک دەسەڵاتەکانی حکومەتە باڵا دەستەکان لە نێو خۆیاندا ململانێیان دەکرد کورد لە جیاتی دەنگی خۆی یەکبخات و خەباتێکی یەکگرتووانە ئەنجام بدات هەڵدەستا بە پشتیوانیکردنی لایەنە جیاوازەکان، ئەمەش وایکردووە پرسی کورد بەرەوپێش نەچێت.

 

" دەبێت منداڵاب فێری خۆشەویستی نیشتیمان بکرێن "

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد،  گرنگە هاوڵاتیان ئینتیمای نیشتیمانیان هەبێت بەڵام بەداخەوە گەنجان خۆشەویستیان بۆ نیشتیمان نییە هۆکاری سەرەکیش بوونی دەسەڵاتێکە ژیانی لە هاوڵاتیان زەوت کردووە بەهۆی دروستکردنی قەیرانە یەک لە دوایەکەکانی، گەنج لە دۆخێکی بێکاریدایە.

 

بۆ دروستکردنی ئینتیمای نیشتیمانی و یەکگرتن ئەو هاوڵاتییە وتی "لە پەروەردەوە پێویستە خۆشەویستی نیشتیمان لە دڵی منداڵان تا دەگاتە گەورەیی دروست بکرێت، هاوکات حکومەت و دەسەڵات زەمینەیەک خۆشبکەن بۆ خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان لە پێناو دروستکردنی ئینتیمای نیشتیمانی".

 

هەروەها گەل خودی خۆی هۆشیار بێت و هەوڵی یەکگرتووی بدات لە پێناو یەکخستنی پرسی گەلی کورد، بە مێژوودا بڕوات تا ئاگاداری خەباتی لە مێژینەی نەتەوەکەی بێت.

 

"دەبیت پشتیوانی لە هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵات بکەن"

ڕووناک محەمەد، دەربارەی یەکگرتووی گەلی کورد بە پێویستی دەزانێت گەل یەکگرتووبێت و ئاشتەواییانە پێکەوە بە ڕووی دوژمنان بووەستنەوە، خۆی و خاک بپارێزێت، وتی "دەبێت گەل یەکگرتوو بێت لە پێناو لەناوبردنی دوژمنان و بەدەستهێنانی ئازادی"، وەک ژنێک پشتیوانی خۆی بۆ کوردانی ڕۆژهەڵات دەربڕی و ڕوونیکردەوە کە دەبێت تەواوی گەل پشتیوانیان بکات، چونکە ئەوانیش کوردن.

 

"گرنگە گەلی کورد یەکگرتوو بێت"

وەزیرە عومەر، باسی لەوەکرد وەک کوردێک نابێت جیاوازی بکەین لە نێوان خۆمان و کوردی هەربەشێکی دیکە، بۆیە کاتێک دۆخێکی نا ئاسایی بەسەر بەشێکی گەلی کورددا یەت پێویست دەکات یەکگرتووبن، هەرچەندە حیزب و دەسەڵات هاوکاریان نەکات گرنگە کورد خۆی هاوکاری یەکتربێت، وتی "کورد هەمیشە بەشی چەوساندنەوە بووە، بۆیە کاتێکیش کە لە باشوور کورد چەوسێندراوەتەوە پەنای بۆ بەشەکانی تر بردووە، ئێستا لە ڕۆژهەڵات دەبێت دڵ و گیانمان بکەینە یەک و پشتیوانیان لێبکەین".

گرنگە هەرکەسەو لەلای خۆیەوە هەڵوێستی هەبێت، بێدەنگ نەبێت لە بەرامبەر توندوتیژی حکومەتتدا.