"هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ئامانجیان لەناوبردنی پڕۆژەی نەتەوەیی دیموکراتییە لە هەرێمەکە"
تورکیا بەنیازە پڕۆژەی نەتەوەیی دیموکراتی هەرێم لەناوببات کە یەکسانی جێندەری بەدەست دێنێت و ئامانجی کۆمەڵگایەکی ئازادە دوور لە ڕەگەزپەرستی و تایەفەگەری.
نورشان عەبدی
کۆبانێ- داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بەم دواییانەو لە ١٧ی نیسانەوە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپبارانکردنی شارۆچکە و گوندەکانی عەین عیسا و تل تەمر و زرگان فراوانتر بووەو هێرشەکانی بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا چڕتر کردووەتەوە، سارا خەلیل، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکێتی دیموکراتی لە کۆبانێی هەرێمی فورات لە باکوری و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئاماژەی بەوەکرد کە ئامانجی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بە دەستپێکردنی هێرشەکانی بۆ سەر کورد دابەشکردنی کوردستانە و هەروەها لەناوبردنی پڕۆژەی نەتەوەیی دیموکراتییە لە هەرێمەکە.
سارا خەلیل، وتی: "گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە هەلومەرجێکی خوێناویی شەڕدا تێدەپەڕێت، ئێمە لە ئاست قۆناغێکی جدی و چارەنوسازین بۆ گەلی کورد و ناوچەکە، لە باکوری کوردستان و تورکیا، دەوڵەتی تورک سەدان کەسی دەستگیر کردووە تەنها لەبەر ئەوەی کوردن و بە زمانی دایکیان دەدوێن، هەروەها ئەو کەسانەی لە جەژنی نەورۆزی پیرۆزدا جلی فۆلکلۆری کوردی لەبەر دەکەن دەستگیریان دەکات"، ئاماژەی بەوەشکرد کە سەرەرای ئەو پێشێلکارییانە گەلی کورد سورە لەسەر بەدەستهینانی مافەکانی.
سارا خەلیل، ئاماژەی بە هاوکاری نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و داگیرکارییەکانی تورکیا کرد کە بە "لێدانی کورد پێکەوە" بە ناوی کردو وتی: "دوای سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ تورکیا، دواتر هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەی بەرگری دەستپێکردو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی چڕتر کردەوە بۆ تۆڵە سەندنەوەی ئەو زیانانەی لەکاتی شکستەکان بەریان کەوتووە".
"هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا سەروەری سوریا پێشێل دەکەن"
دەوڵەتی تورک بەم دواییانە هێرشەکانی بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا چڕتر کردووەتەوە و تۆپبارانی شارۆچکە و گوندەکانی عەین عیسا و تل تەمر و زرگان دەکات، ڕۆژی ٢٢ی نیسان ماڵی هاوڵاتیان کرایە ئامانجی تۆپبارانە بێسنوورەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەردەوام بوون لە فڕین بەسەر کۆبانێدا، ڕۆژی ٢٠ی نیسان ئۆتۆمبیلێکی هێزەکانی نووسینگەی بەرگری هەرێمی فوراتەوە کرایە ئامانج و سێ ژن کوژران کە یەکێکیان "ڕۆناهی محەمەد" بەرپرسی هاوبەشی نوسینگەی بەرگری هەرێمی فوراتە.
سارا خەلیل لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەکرد کە شکستهێنانی تورکیا لە ناوچەکانی بەرگری، وا دەکات پەنا بباتە بەر هێرشەکانی بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، وتیشی: "ئێمە هیچ مەترسییەکمان بۆ سەر تورکیا و وڵاتانی دیکە نییە، گەلەکەمان تەنها دەیەوێت لە ژێر پرۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیدا لە خاکی خۆیاندا بە شکۆ و ئاشتی بژین، بەڵام ئەمە نیگەرانیی تورکیای لێکەوتووەتەوە، بۆیە هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمەکە چر دەکاتەوە".