"هێرشەکان لە شەهباوە بۆ تل تەمر و زرگان زیادی کردووە"

مادلێن عبێد، ئەندامی بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار، ئاماژەی بەوەدا کە لە شەهباوە هەتا تل تەمر و زرگان هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا زیادی کردووە و کردەوەی نامرۆڤانە بەرامبەر بە هاوڵاتیان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام دەدات.

 

سۆرگول شێخۆ

حەسەکە- دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەم چەند ڕۆژەی دوایدا ئاستی هێرش و توندوتیژییەکانی لە شەهباوە تا منبج، عەین عیسا، تل تەمر و زرگان زیادی کردووە، جگە لەوەش بەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی، کوشتنی ژنان و منداڵان هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بەدۆخی جەنگ پێشێلدەکات، هاوکات ئەمە بێدەنگیی هێزە هێژمۆنی و هاوپەیمانەکانی وەک ڕوسیا و ئەمریکایە، مادلێن عبێد، ئەندامی بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار ە کانتۆنی حەسەکە دەربارەی ئەو دۆخە بۆ ژنها دوا و وتی: لەم دواییانەدا هێرشەکان بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان زیادی کردووە، بەتایبەت بۆ سەر تل تەمر و گوندەکانی دەوری کە دەکەوێتە سەر ڕێگەی M4.

 

ئەو ئەندامەی کۆنگرەی ستار ئەوەشی خستەڕوو کە ئامانجی دەوڵەتی تورکیا ئەوەیە ڕیگەی M4 بخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو ڕێککەوتننامانەی کە لە داهاتوودا دەکرێن و واژۆ دەکرێن، وەک کاغەزێکی فشار بەکاربهێنن و زیاتر خاکی سوریا داگیر بکەن.

 

"ژن و منداڵ دەکوژرێن و ئەنجومەنی گەل وێران دەکرێت"

مادلێن باسی لەوەشکرد کە دەوڵەتی تورکیا پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات: "دەوڵەتی تورک لەبەر چاوی جیهان و زلهێزانی وەک ڕوسیا و ئەمریکا خەڵکی مەدەنی و بەتایبەتی ژن و منداڵ دەکوژێت، ماڵ و موڵکی هاوڵاتی مەدەنی بۆردومان دەکات، جگەلەوەش ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە خزمەتی گوندەکان دەکات دەکەنە ئامانج، بۆ نموونە ئەنجومەنی قبور خەراجنا و ئەنجومەنی ناوچەی زرگان و شارەوانی و چەندین دامەزراوەی دیکەش، کۆمەڵکوژیی عەین عیسا و زرگان، کە لە ئەنجامدا ١٥ بریندار و چەندین ژن و منداڵ کوژران، شاهیدی دڕندەیی داگیرکەرانە، هەروەها بۆردومانی نەخۆشخانەی سکینی لە شەنگال کرا و ئەوەش زنجیرەیەک تاوانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانییەتی، بەم شێوەیە یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێلدەکەن و ئەم بێدەنگییەش ترسی هەیە.

 

"پرۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیک چارەسەرییە بۆ سوریا"

ئەندامی بەڕێوبەری کۆنگرەی ستار، باسی لە وتارێکی بەشار ئەسەد کرد کە ئاماژەی بە دۆخی سوریا داوە و وتی: پرۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیک لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و پرۆژەی خۆبەڕێوەبەری بۆ هەموو سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێ دەکرێت، چارەسەری هەموو قەیرانەکانە، بۆیە ئێمە سەرسام نابین کاتێک بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا لەسەر شاشەکان دەردەکەوێت و باس لە بارودۆخی سوریا دەکات کە ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ پێش ساڵی ٢٠١١.

 

مادلێن دەشڵێت: سوریا لەمڕۆ بەدواوە ناگەڕێتەوە سەر ئەو سیستمەی ماوەی ٦٠ ساڵ حوکمڕانی پێکردووە، دەبێت سیستمێکی دیکە ئاوا ببێت و سوریایەکی لامەرکەزی دابمەزرێت، بۆ ئەوەی هەموو گەلان بە رۆڵ و ئەرک بەشداری دەستوور و دامەزراوەکان بکەن.

 

ت.پ