"حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی بەرەو دیکتاتۆریەتمان دەبات"

کوردەکان لە ڕێگای دیاریکردنی کاندیدێکی هاوبەشەوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەتوانن عێراق لەو چەقبەستوویە سیاسیە دەربهێنن، ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانیش جەخت لەوەدەکاتەوە بۆشاییەکی دەستوری لە عێراقدا هەیە، ئەگەر بەم جۆرە بەردەوام بێت بۆشایی حکومڕانیش سەرهەڵذەدات، حکومەتی زۆرینەش لە دوور مەودادا دەبێتەوە دیکتاتۆریەت.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- بەپێی دەستوری عێراق دەبێت پاش یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا دەبێت سەرۆک کۆماری نوێ هەڵبژدرێت، بڕیابوو لە ڕۆژی ٧ی ئەم مانگەدا لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا سەرۆک کۆمار دیاریبکرێت، بەڵام زۆرینەی کوتلەکانی عێراق  بەشداریان لە دانیشتنەکەدا نەکرد، لەبەر ئەوە دانیشتنەکە ئەنجام نەدرا.

 

تا ئێستا یەکێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێکنەکەوتوون، هەر یەکەیان کاندیدێکی جیاوازیان هەبووە، بەڵام کاندیدەکەی پەدەکە کە هۆشیار زێبارییە بەهۆی بوونی دۆسیەی گەندەڵی لەلایەن گەلی عێراق و دادگای فیدڕاڵی ڕەتکرایەوە، تەنها  بەرهەم ساڵح هەیە، ئەویش پارتی بە کاندید بوونی ڕازی نییە.

 

پارتی بەرامبەر بە ڕازیبوونی بۆ د.بەرهەم داوای پۆستی پارێزگای کەرکوک دەکات، بەڵام یەکێتی پۆستی سەرۆک کۆمار بە شایستەی خۆی دەزانێت، چونکە پارتی هەردوو پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەیە، لەبەر ئەوەش تا ئێستا هیچ ئەنجامێک بەدەستنەهاتووە.

 

لە ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووبارە دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ ماوەی سێ ڕۆژ کردەوە، بەڵام بەشێک لە شارەزایانی دەستور ئەمە بە نادەستوری دەزانن، تا ئێستا حزبە کوردییەکان لەسەر کاندیدێک یەکلایی نەبوونەتەوە، ئەمە سەرباری ئەوەی ڕۆژی ١٠ مانگ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و بافڵ جەلال تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی کۆبوونەتەوە بەڵام نەگیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک.

 

ئەم بن بەستبوونەی پارتی و یەکێتی و ڕێکنەکەوتنیان وێڕای ئەوەی دۆخی سیاسی چەقبەستوویان لە عێراقدا بەدیهێناوە، زیانی زۆری بە یەکڕیزی ماڵی کورد گەیاندووە، بە جۆرێک ئەوەی ئێستا لەبری کورد پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلایی دەکاتەوە لایەنە عەرەبەکانن نەک کورد خۆی، بۆیە لەم دۆخەدا دیاریکردنی کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بە کلیلی چارەسەری دۆخە چەقبەستووە سیاسییەکەی عێراق دادەنرێت.

 

بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، باس لەوەدەکات کە پێشتر ئەم بۆشاییە فراوانە دەستورریە نەبووە، دەبێت هەموو لایەنەکان بەیەکەوە دابینشن و چارەسەر بدۆزنەوە، پێویستی ڕێکەوتنی هەموو لایەنەکان بۆ حکومەتی داهاتوو هەبێت.

 

داواکاری موقتەدا سەدر براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی شیعەکانی کردووەتە دوو بەش، بەڵام وەک ئەو ئەندامەی خولی پێشوو ڕوونی دەکاتەوە، حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی لە دوور مەودادا عێراق بەرەو دیکتاتۆریەت دەبات، دەلێت: "ئێمە لەبەرئەوەی ئەزموونمان هەیە، نابێت بە هیچ شێوەیەک بگەڕێینەوە بۆ حکومەتی زۆرینە".

 

ئەو پێی وایە، ئەو زۆرینەیەیی کە پێکدەهێندرێت هەندێک لە مافەکان بە کورد دەدات، بەڵام ئەوە بە شایستەی کورد نازانێت، بەڵکو دەبێت لە دروستبوونی عێراقی نوێدا سیستمی هەماهەنگی هەبێت، هەموو لایەنەکان بەشداربن، سیاسەتکردن لە بەغدا دەبێت بۆ داکۆکیکردن لە کوردبێت.

 

بڵێسە جەبار فەرمان خەجت لەوەش دەکاتەوە کە ئەو پۆستە شایستەی کورد و یەکێتییە، وتیشی: "لە ڕوویەکی دیکەوە دیموکراتیانەیە کە هەر کەسێک خۆی بە شایستە دەزانێت دەتوانێت خۆی کاندید بکات، هەروەها هەموو لایەنێک کاندیدی خۆی هەبێت، وەک شایستەیی ئەمە شایستەی کوردە، وەک یەکێتیش بە شایستەی یەکێتی دەزانین لەناو کورددا".