"دەسەڵات لە بێ پڕۆژەییدا بۆ گەنجان ناچاری سەربازییان دەکات"

قورسی ژیان دوو هەڵبژاردەی لەبەردەم گەنجان داناوە ئەویش یان ڕوو لە دەرەوەی وڵات بکەن، یان سەربازی بوون هەڵبژێرن، چالاکوانێکیش دەڵێت: دەسەڵات گەنجانی تووشی ئەو دۆخە کردووە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- گەنجان ئەو بەشەی کۆمەڵگەن کە دەتوانن گۆڕانکاری گەورە دروست بکەن لە بوارەکانی ژیاندا، بەڵام لەو کۆمەڵگەیانەی دەسەڵاتێکی باڵادەست تیایدا فەرمانڕەوایی دەکات، گەلەکەی خۆی دەچەوسینێتەوە و گەنجان بۆ مەرامی سیاسی خۆی بەکاردەهێنێت، بە تایبەتی لە سیاسەتی بەسەربازیبووندا، گەنجانیش بۆ ئەوەی بتوانن ژیانێکی ئاسایی بژین ناچارن ئەوە قبوڵ بکەن و ڕوو لە بە سەربازبوون بکەن، بەم شێوەیەش دەسەڵات قەوارەی خۆی دەپارێزێت.

 

"بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان هێزی سەربازی بۆ دەسەڵاتی خۆیان بەکاردەهێنن"

چرۆ شوانی، چالاکوان، ئاماژەی بەوەکرد، بە سەربازی بوون، هێنانی کۆمەڵێک گەنجە بە پێی چەند مەرجێک دەکرێن بە سەرباز، بۆ دروستکردنی هێزێکی سەربازی و پارێزگاری کردن لە خەڵک، خاک و نیشتیمان، ئەمەش دوو لایەنی هەیە لایەنە ئەرێنیەکەی ئەوەیە هەموو وڵاتێک پێویستی بە هێزی سەربازی هەیە بۆ بەرگریکردن، بەتایبەتی بۆ گەلی کورد کە دوژمنەکانمان هەمیشە بە هێزێکی زۆرەوە هەوڵی داگیرکردنی خاکیان داوین، دەکرێت لایەنی نەرێنیشی هەبێت، هەر وەکو هێزی پێشمەرگە کە هێزێکی سەربازییە و دەبێت سەربەخۆ بێت و سەر بە هیچ لایەنێک نەبێت، بەڵام هەر ئەو هێزە کراوە بە دوو پارچەوە و هەر پارچەیەکیان لە لایەن حزبێکی سیاسییەوە بەڕێوە دەبرێت، بۆیە بە سەربازی کردن لە ئێستادا ئەو مەترسییەی هەیە کە لایەنە سیاسییەکان بۆ مانەوەی خۆیان دروستی بکەن، بۆیە ئەگەر هێزە سەربازییەکان سەر بە حکومەتی فەرمی نەبن، لایەنەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریدەهێنن.  

 

"دەکرێت بەسەربازبوون بۆ پارێزگاری لە قەوارەیەکی سیاسی بێت"

چرۆ شوانی ڕوونی کردەوە، لایەنێکی تری بە سەربازبوون ئەوەیە ئێمە لە هەڵبژاردن نزیک دەبینەوە، دەسەڵات گەنجان بە سەرباز دەکات بۆ ئەوەی خاڵی لاوازیان، پێدانی مووچەیەک بگرێت و دەنگی خۆیان بەدەستبهێنن و ملکەچی ئەو دەسەڵاتە بن، زۆربەی گەنجان کاتێک ڕوو لە بوون بە سەرباز دەکەن لە بێ هیواییەکدان و بۆ بژێوی ژیانیان ئەو کارە دەکەن، بۆیە دوو هەڵبژاردەیان هەیە یان، بە سەرباز دەبن یان ڕێگەی ئەوروپا دەگرنە بەر و زۆربەیان لەو ڕێگەیەدا دەخنکێن، ئەوەش جێگەی پرسیارە لە کاتێکدا کیشەی مووچە هەیە و بودجە نییە بۆ ئەوەی پرۆژەیەک بۆ گەنجان هەبێت، بەڵام مووچە هەیە بۆ ئەوەی گەنجەکان بەسەرباز بکەن.

 

وتیشی: دەسەڵات ئەگەر مەبەستی لە پارێزگاری کردن لە خاک بێت، بۆچی ڕۆژانە ئەم هەموو داگیرکارییە هەیە قسە ناکرێت، بۆیە مەترسییەک هەیە لە پشتی بەسەربازبوونی گەنجان، دوو حزبی دەسەڵاتدار لە کوردستاندا هەن و هەر یەکەیان چەکداری خۆیان هەیە، بۆیە دەکرێت سەربازی کردنی گەنجان بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ئەو دوو لایەنە هێزی خۆیانی پێ زیاد بکەن، هەروەک شەڕی براکوژی کە هەردوولا پێشمەرگە بوون، بەڵام هەریەکەیان و سەر بە لایەنێک بوون، بۆ پارێزگاری لایەنە سیاسییەکان ئەم شەڕەیان کرد، نەک بۆ پرێزگاری نیشتیمان.

 

"دەسەڵات دەستی بەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیدا گرتووە"

چرۆ شوانی ئەوەشی خستەڕوو، لایەنە سیسییەکان ئەوەیان داناوە، ئەگەر لەڕێگەی دانوستانەوە نەگەن بە ئەنجام لە ڕێگەی هێزەوە بگەن، هەرچەندە دەڵێن ئێمە لەگەڵ شەڕدا نین، بەڵام کورسی و دەسەڵات بەجۆرێک بەرچاوی گرتون ئامادەن گەلەکەی خۆیان بکەن بە قوربانی لە پێناویدا، هەر بۆیە وڵاتانی چواردەور پێمان دەڵێن کورد ناتوانێت ئەم قەوارە سەربەخۆیەی ئێستا بەڕێوە ببات، بۆیە دەسەڵات لە ڕێگەی برسی کردنەوە خەڵک ناچار دەکەن بە بڕە پارەیەکی کەم سەربازیبوون هەڵبژێرێت.

 

دەشڵێت: دەسەڵات هەروەکو هەموو شتەکانی تر دەستی گرتووە بەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیدا و لە ڕێگەیەوە کۆمەڵێک ڕیکلام دەکەن و بڕە پارەیەکی زۆر باس دەکرێت، بەمەش چاوی گەنجەکانمان دەگرن و وایان لێ دەکەن حەزیان بۆ بوون بە سەرباز هەبێت، بەڵام نازانن لە پشت ئەم جۆرە ڤیدۆ و ڕیکلامانەوە ڕاستییەک هەیە، کە دوای ئەوەی گەنجان ڕۆشتنە ناویانەوە خاڵی لاوازیان دەگرن و بەم شێوەیە ناتوانن بینە دەرەوە، ئەگەر حاڵی ژیانی سەرباز ئەوەندە باش بوایە، پێشمەرگە ڕێگەی دەرەوەی نە دەگرتەبەر و لەو ڕێگەیەدا ژیانیان لەناوبچێت.