"بە یەکگرتن وەڵامی هێرشەکان دەدەینەوە"

هێرش و بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان و چالاکوانێکیش دەڵێت: یەکگرتووی ژنان دەتوانێت ئەو هێرشانە بوەستێنێت.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان درێژە پێدەدات و لە ٤ی تشرینی یەکەمەوە و بە نزیکبوونەوە لە ٩ی تشرینی یەکەم، ساڵڕۆژی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان هێرشەکانی چڕتر کردووەتەوە، لە باشووری کوردستان بۆردوومانی مزگەوتێكی لە کامپی شەهید ڕۆستەم جودی- مەخموور کرد، کە ژن و دوو منداڵ بریندار بوون و زیانی بە دەیان ماڵ گەیاند، لە ڕۆژئاوای کوردستانیش بۆردوومانی ناوچە خزمەتگوزارییەکانی وەک کۆگای ئاو و وێستگەی کارەبا و بەنزینخانە و کامپەکان دەکات و دەیان کەس بریندار و شەهید بوون.

 

ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا کاردانەوەی لە کوردستان و لەناو ئازادیخوازان لێکەوتەوە و ژنان داوا دەکەن بە یەکڕیزی و دروستکردنی فشار بۆ سەر ڕێکخراو و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بوەستێنرێت.

 

"هۆکاری هێرشەکانی تورکیا ترسیەتی لە ئیرادەی گەلی کورد"

جیهان ساڵح، سکرتێری ژنانی پارتی سەوز ئاماژەی بەوەکرد، ماوەیەکی زۆرە دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکاتە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، بەتایبەتی لەم چەند ڕۆژەی دوایدا هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان چڕ کردووەتەوە، چونکە دەزانێت لەوێ هێزێکی گەورەی بە ڕێکخستنکراو هەیە بۆ بنیادنانی حکومەتێکی کوردی، ئەمەش نیگەرانی و ترسی لای دەوڵەتی تورکیا دروست کردووە، بۆیە هەمیشە لە توانا و ئیرادەی کورد ترساون و دەیانەوێت بەو هێرشانەیان ترس و دڵەڕاوکێیەکیان لا دروست بکەن و لە چالاکییەکانیان سارد بکەنەوە و سەرقاڵیان بکەن بە وەڵامدانەوەی هێرشەکان.

 

"ئەم هێرشانە پێشێلکارییە بەرامبەر مافی مرۆڤ"

جیهان ساڵح ڕوونی کردەوە، دەوڵەتی تورکیا دوژمنێکی سەرسەختی کوردە و نایەوێت کورد بە هیچ شێوەیەک بگاتە ئامانج و سەرکەوتن، جێگەی داخە لە ئاست ئەم هێرشانەدا دەوڵەتە زلهێزەکان بێدەنگن، تەنها لەبەر ئەوەی تورکیا ئەندامی ناتۆیە و دەوڵەتە زلهێزەکانیش لەبەر مەرامی خۆیان بێدەنگن کە ئەمە نادادپەروەرییە بەرامبەر مافی مرۆڤ، ئەوان بانگەشەی مافی مرۆڤ دەکەن، بەڵام بەداخەوە لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان ئەو هەموو خەڵکە بێتاوانە شەهید دەکرێن و مافەکانیان پێشێل دەکرێت و کەس نایەتە دەنگ.

 

وتیشی: هەرچەندە هێرشەکان توند بکرێنەوە لەسەر گەلی کورد، ئێمە سوورتر دەبین لەسەر داواکردنی مافەکانمان و بەدەستهێنانی ئازادی، ئەم هێرشانە وامان لێدەکات زیاتر بەهێز بین و ڕووبەڕووی داگیرکاری ببینەوە.

 

"بە یەکگرتن ڕووبەڕووی هێرشەکان دەبینەوە"

جیهان ساڵح ئەوەشی خستەڕوو، بۆ چارەسەر و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هێرشانە پێویستە هەڵوێستمان هەبێت و بە یەکگرتن وەڵامیان بدەینەوە، چونکە پەرتەوازەییەک هەیە لە نێوان لایەنەکانی کوردا و ئەمەش دڵخۆشییە بۆ دوژمن، بەڵام ئەگەر ئێمە یەکگرتوو و یەکدەنگ و یەک بڕیار بین وا دەکەین هێرشەکان بوەستن.

 

لە کۆتاییدا وتی: پێویستە ژنان یەکبگرن و خۆیان بە ڕێکخستن بکەن، بۆ ئەوەی خاک و نەتەوەی خۆیان لە دوژمن بپارێزن، چونکە دوژمنان هەمیشە لە هێز و ئیرادە و یەکگرتوویی ژنان ترساون، لەبەر ئەوەی ژنان توانای گۆڕانکاری گەورەیان هەیە و بوونەتە پێشەنگ لە شۆڕشەکاندا.