سوهام شەنگالی: لەسەر فەرمانی ٩ ساڵی ڕابردوو پێویستە داعش دادگایی بکرێت

سوهام شەنگالی، ئەندامی پەیوەندییەکانی دەرەوەی تاژێ دەربارەی فەرمانی ٧٤ کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ کە لەدژی کۆمەلگەی ئێزیدی کرا، دەڵێت: پێویستە داعش دادگایی بکرێت.

نوژین ئێزیدی

 

شەنگال-٩ ساڵ بەسەر فەرمانی ٧٤ی کۆمەڵگەی ئێزیدیدا تێدەپەڕێت کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ ئەنجام دراو برینەکانی فەرمانەکە هێشتا زیندوون، کۆمەڵگەی ئێزیدی کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە تێکدراو بە پێشەنگایەتی ژنان خۆبەڕێوەبەری خۆی دامەزراندووە، ڕووبەڕووی هێرشی دەوڵەتی تورکیا و سیاسەتە کوشندەکانی دەبێتەوە، سوهام شەنگالی، ئەندامی پەیوەندییەکانی دەرەوەی تاژێ ڕێکەوتننامەی ٩ی تشرینی یەکەمی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەدەکە و دەوڵەتی عێراقی دژ بە کۆمەڵگەی ئێزیدی هەڵسەنگاند و تیشکی خستەسەر بڕیاری دادگاییکردنی چەتەکانی داعش لەلایەن خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاو وتی: دەبێت داعش دادگایی بکرێت.

 

"فەرمانەکە پلانی بۆ دانرابوو"

لە سەرەتای قسەکانیدا سوهام شەنگالی شەهیدانی فەرمانەکەی بەبیرهێنایەوەو وتی: فەرمانەکە پلانی بۆ دانرابوو، ٩ ساڵ ئێمە دەچین تێدەپەڕێت و دەچێتە ساڵی دەیەم، لە کەسایەتی شەهیدانی فەرمانەکەدا یادی هەموو شەهیدانی ئێزیدیخان دەکەینەوە، بێگومان ئەو فەرمانەی کەبەسەر کۆمەڵگەی ئێزیدی هات فەرمانێکی پلان بۆ دانراو بوو، چەندین ساڵە پلانی بۆ دانراوە، هەزاران ژنی ئێزدی لەلایەن چەتەکانی داعشەوە ڕفێندران، ئەمە گەورەترین کۆمەڵکوژی بوو لە سەدەی ٢١دا، کاتێک کۆمەڵکوژییەکە ڕوویدا، مرۆڤایەتی لە خولەکێکدا بیستی، لەبەر ئەو هۆکارە دەتوانین بڵێین کە فەرمانەکە پلانێکی زۆر فراوان بوو، نەتەوەیی و ناوخۆیی، ئامانجی لەناوبردنی کۆمەڵگەی ئێزدی بوو لە ڕەگەوە.

 

"ئەو پلانەی داعش نەیتوانی بیکات ئەمڕۆ پەدەکە دەیەوێت ئەنجامی بدات"

سوهام شەنگالی ئاماژەی بە ئامانجی لەناوبردنی کۆمەڵگەی ئێزیدی کرد و وتی: لە مێژووەوە چەندین هێز هەوڵیان داوە ڕەگەکانی کۆمەڵگەی ئێزیدی لەناو ببەن، ئێمە ٧٤ فەرمانمان بۆ هاتووە و ئەمە نیشانی دەدات کە ئەم کۆمەڵگەیە کۆمەڵکوژ کراوە، دەیان هەزار کەس کوژران و ژنان ڕفێندران، نوێترینیان لە ساڵی ٢٠١٤ بەبەر چاوی جیهانەوە کرا، ئەو هێرشانەی ئێستا هیچ جیاوازییەکیان نییە لەگەڵ فەرمانی ٢٠١٤،  ئەوەی داعش نەیتوانی بیکات ئەمڕۆ پەدەکەو دەوڵەتی تورکیا بەیەکەوە دەیکەن، بۆ ئەوەی شتێک بەناوی ئێزدییەکان نەمێنێت.

 

"پلانی ٩ی تشرینی یەکەم  فەرمانی ٧٥ە"

لە قسەکانیدا سوهام شەنگالی تیشکی خستەسەر ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم و وتی: پەدەکە کە لەسەر شەنگال ڕێککەوتبوو، شەنگالی بە چەتەکانی داعش فرۆشت، دوای ڕووداوەکە، پلانێکی نوێ بەردەوامە یەکێک لە پلانە مەترسیدارەکان کەلە لایەن کۆمەڵگەی ئێزدییەوە بە فەرمانێکی نوێ پێناسە کرا، ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم بوو. پێشمەرگەکانی پەدەکە هێرشیان کردە سەر خانەسۆر و ڕێککەوتنیان لەسەر شەنگال ئیمزا کرد بۆ جینۆساید.

 

"پێویستە داعش و هاوپەیمانەکانی دادگایی بکرێن"

سوهام شەنگالی ئاماژەی بەوەکرد دادگاییکردنی داعش ئایدیۆلۆژییە و پێویستە هاوپەیمانەکانی دادگایی بکرێن و وتی: لە ئەنجامی خەباتێکی بەرفراواندا، زۆرێک لە وڵاتان فەرمانەکەیان بە جینۆساید ناساند، بەڵام ئەوە هەنگاوێکی کرداری نەبوو بۆ دادگاییکردنی چەتەکانی داعش، دادگاییکردنی داعش دادگایەکی ئایدۆلۆژییە، داعش لەسەر بنەمای چ هێزێک دامەزراوە؟ لە ڕووی لۆجستییەوە، کێ پشتگیری داعشی کرد، کە ئەوەندە بەهێز بوو؟ کێ پشتیوانی و هاوڕای داعش بوو و فەرمانی بە ئێزیدییەکان کرد؟ پێویستە هەموو ئەو هێزانە دادگایی بکرێن. بۆ نموونە، پەدەکە ڕاستەوخۆ کۆمەڵگەی ئێزیدی فرۆشت بە داعش، پێویستە دادگایی بکرێت.