شەهێن محەمەد: پەدەکە بە ناوی دەزگای خێرخوازی بارزانییەوە هاوکاری دەگەیەنێتە دوژمنان

شە‌هێن محەمەد باسی لەوەکرد، ئەو هاوکارییانەی لە ئێستادا پەدەکە دەیگەیەنێتە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ تۆکمەکردنی چەکدارانی داعش و گروپە چەکدارییەکانی دیکەیە، دژی گەلی ڕۆژئاوا و خۆبەڕێوبەری ڕۆژئاوای کوردستان.

شنیار بایز

 

سلێمانی- چەندین ساڵە دەروازە سنوریەکانی نێوان باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە بە بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک دادەخرێت و ئیدارەی دەروازەی سنوری سێمێلکا سەر بە ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا باسی لەوەکردووە، زۆرێک لە هاوڵاتیان ڕێگەیان پێنادرێت لە باشوور بۆ ڕۆژئاوا بپەڕنەوە، لەکاتی هاتوچۆی کەسێکیش لە ڕۆژئاواوە بۆ باشوور لێکۆڵینەوەی هەواڵگریان لەگەڵ ئەنجام دەدرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە، لە دوای بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتی ئەمساڵ لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، شەهێن محەمەد ئاماژەی بەوەدا، هاوکارییەکانی پەدەکە بە ناوی دەزگای خێرخوازی بارزانییەوە دەنێردرێت، بۆ بەرژەوەندی داگیرکەران و داعش و هێزە چەکدارییەکانە، ئامانجی تۆکمەکردنی هێزی داگیرکەر دژی تێکۆشەران و وڵاتپارێزانی کورد لە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان.

 

""دەروازە سنوریەکانی نێوان باشوور و ڕۆژئاوا دەوڵەتی تورکیا حوکمی دەکات"

شەهێن محەمەد، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، دەربارەی داخستنی دەروازە سنورییەکانی نێوان ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان ڕوونیکردەوە، ماوەی چەند ساڵێکە کێشەی داخستنی دەروازە سنورییەکان هەیە لە نێوان باشوور و ڕۆژئاوای کوردستاندا بۆ نەگەیشتنی هاوکاری لە باشووری کوردستانەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەتایبەت دەروازەی سنوری سێمێلکا، کە بووەتە کێشەی گەورە بۆنەگەیشتنی هاوکاری لە باشوورەوە بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان.

 

وتیشی: بەهۆی ئەو داگیرکاری و توندوتیژیەی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان هەیە، هەمیشە باشووری کوردستان بە ڕۆحێکی وڵاتپارێزی و فراوانەوە ویستوویانە هاوکاری ڕۆژئاوای کوردستان بکەن، بەڵام هەمیشە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گشتی و پەدەکە بەتایبەت بەربەستێکی گەورە بووە لە گەیشتنی هاوکارییەکان بۆ شوێنی مەبەست.

 

"پەدەکە لە ڕۆژئاوای کوردستانیش کێشە بۆ گەلی کورد دروست دەکات"

شە‌هێن محەمەد باسی لە بەربەست و ڕێگرییەکانی پەدەکە کرد و وتی: باشووری کوردستان وەک هەرێمێکی لا مەرکەزی فیدڕاڵی لەسەر ئاستی چوار پارچەکەی کوردستان هەرێمێکی سەقامگیرە و ئارامە، دەتوانرا لەم هەرێمەوە بە ڕۆحێکی وڵاتپارێزی هاوکاری بگەیەنرێتە پارچەکانی دیکەی کوردستان، بێگوومان گەلەکەشی ئەوەیان سەلماندووە لە هەموو دۆخێکدا هاوکاری خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری کوردستان بن، بەڵام دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان و هەردوو پارتی دەسەڵاتدار، پەدەکە و یەنەکە ئاستەنگی دروست دەکەن بۆ نەگەیشتنی هاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوا، جگە لەوەش پەدەکە لە ڕۆژئاوای کوردستانیش کێشە دروست دەکات و لەژێر ناوی ڕۆژئاوا هێزی چەکداری دروست دەکات، هەروەها دەستگیرۆی و هاواریکردنی ڕێکخستنی ئەنەکەسە لە ڕۆژئاوای کوردستان، هەمیشە نانەوەی ئاژاوەگێڕی و پلاندانان دژی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان بۆ لەناوبردنی ئەو سیستمەیە.

 

"پەدەکە بە ئاڕاستەی دوژمن سیاسەت دەکات بۆ پاراستنی کورسی دەسەڵاتی خۆی"

شەهێن محەمەد ڕوونیکردەوە، نەک تەنها ئەو بەربەست و ڕێگریان، بەڵکو پەدەکە لە رۆژئاوای کوردستان دەستی هەیە لە شەهیدبوونی ڕۆڵەکان و پێنەدانەوەی تەرمەکانیان، ئەمەش وایکرد خەڵکی ڕۆژئاوا چەندین جار لە دەروازەی سێمێلکا گردبوونەوە و ناڕەزایەتیان دەربڕی، بەڵام بێ سوود بوو هەتا ئێستاش ئەو شێوازی مامەڵەیە بەردەوامە.

 

شەهێن محەمەد ئاماژەی بەوەدا، تێکۆشانی گەلی کورد لە ئێستادا بۆ تێکشکاندنی ئەو سنورانەیە کە دروستکراون لە نێوان پارچە جیاوازەکاندا، ئەم تێکۆشانەش تا ئاستێک توانیویەتی ئەو ئامانجە بەدی بهێنێت، وتی: شۆڕشی هەر چوار پارچەی کوردستان لە ئێستادا لە ئاستێکدایە لە هەر جێگەیەک هێزێکی داگیرکەر هەبێت، تەواوی پارچەکە بە ڕوویدا دەوستنەوە وەک ئەوەی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان بەدی کرا، هەروەها هەستکردن بەو ئازارەی خەڵکی باکووری تێدایە، ئەمەش ڕوونیکردەوە لای دوژمنان و دەسەڵاتداران کە گەلی کورد هەمیشە یەکگرتووە، بۆیە بەردەوام پەدەکە هاوکاری دەوڵەتانی داگیرکەر دەدات چونکە ترسی لە یەکبوونی گەلی کورد هەیە".

 

"پەدەکە لە ژێر ناوی هاوکاری ڕۆژئاوا هاوکارییەکان دەگەیەنێتە دوژمنان"

لە درێژەی قسەکانیدا شەهێن محەمەد باسی لەوەکرد، پەدەکە پارتێکی ئازاد نییە و هەمیشە بۆ بەرژەوەندی و ڕێنمایی دوژمن کاری کردووە، هەر بۆیە دەروازە سنوریەکانیش دادەخات و ڕێگری لە کردنەوەیان دەکات، لە ئێستاشدا کە دەروازەکانی کردووەتەوە بە بیانووی ناردنی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوا لە ژێر ناوی دەزگای خێرخوازی بارزانی، هاوکارییەکان ناگاتەدەستی کوردانی وڵاتپارێز، بەڵکو هاوکارییەکان دەگاتە دەستی ئەنەکەسە و گروپی داعش و گروپە توندڕەوەکانی دیکەدا.

 

شەهێن ئەم هەڵوێستانەی پەدەکە بە شەرمەزاری ناودەبات و بە ملکەچی داگیرکەرانی ناودەبات و دەڵێت: هەر یەکێک لەو لایەنانە گرنگیان بە بەرەوپێشچوونی فکرێک داوە، کە خزمەت دەکات بە سیستمێک و دەسەڵاتێکی داگیرکەر، ئەمەشە وایکردووە خاکی باشوور بەردەوام وێرانکاری بەسەردا بێت و خەڵکی سڤیل ببێتە ئامانجی دوژمنان.

 

"دەسەڵاتدارانی باشوور ڕادەستی دوژمنن بۆیە دۆخی باشوور گەیشتووە ئەو ئاستە"

ئەو ئەندامەی تەڤگەری ئازادی تیشکی خستەسەر گەلی کورد کە هەمیشە باجی بێ ئەزموونیی دەسەڵاتدارانی داوە، بەوەی نەیانتوانیوە پێشڕەوی خواست و ئامانجی گەلی باشوور بکەن، ئەمەش وایکردووە گەلی باشوور ببنە قوربانی دەستی دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان و داگیرکاری قوڵیان لەسەر بەڕێوە بچێت، دەشڵێت: ئەم داگیرکاریانە و ئەو سیستمەی لەسەر باشوور بەڕێوە دەچێت، بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی خەڵکی باشوور هەمیشە برسی بێت و بەدەست قەیرانە جیاوازەکانەوە بناڵێنێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت دەسەڵاتداران لە هەموو ڕوویەکەوە ڕادەستی دوژمنن، تەنها لەپێناو مانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا.

 

"خەڵکی باشوور بێ هیوا کراوە لە گەیشتن بە ویستەکانی"

لە کۆتایدا شەهێن محەمەد باسی لەوەکرد، خەڵکی باشووری کوردستان بە سیستم بێ هیوا و باوەڕ کراوە، لەوەی بتوانێت گۆڕانکاری بکات، هەر بۆیە پەدەکە توانیویەتی هەژمونەی خۆی زیاتر بکات، پەلکێشی زیاتر و ئەوەی بۆ بەرژەوەندی خۆی گرنگە بکات، هەروەها هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان لە ئێستادا سەرقاڵی کێشە ناوخۆییەکانی خۆیانن و لە هوڵی خۆ کۆکردنەوەدان، سەرجەمیان لە قەیراندان بەهۆی ئەو فشارەی لەسەریانە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتیشەوە.