"بە ئیرادەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سیستمەکە تێکدەشکێت"

سەمیرا محەمەد عەلی، وتەبێژی ماڵی ژنانی فورات دەڵێت: ڕژێمی ئێران هێرشێکی گەورە دەکاتە سەر پێشەنگەکانی ڕاپەڕین، ڕووخاندنی سیستمی ئێران بە تێکۆشانی ژنان ئەنجام دەدرێت.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆمەڵگەی ئێران لە دووەمین ساڵیدا بەردەوامە. ئەو ڕاپەڕینەی کە بە کوشتنی ژینا ئەمینی لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ دەستیپێکرد، ئەمڕۆ بە کوشتنی ئارمیتا گراوندی ١٦ ساڵ چووەتە ناو پڕۆسەیەکی نوێی تێکۆشانەوە.

 

سەبارەت بە پێشکەوتنەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، سەمیرا محەمەد عەلی، وتەبێژی ماڵی ژنانی فورات هەڵسەنگاندنی بۆ ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی و کردەوەکانی ڕژێمی ئێران کرد و وتی: سیستمی ڕژێمی ئێران لەسەر بنەماکانی ئایینی ئیسلام دامەزراوە، بەڵام ئەم جۆرە بنەما و یاسایانە خزمەت بە هۆشیاری ئێران دەکەن، تەنانەت دامەزراوەکانیشیان بە هەمان هۆشیاری بەڕێوەدەبرێن، بۆیە کارکردن لە بوارەکانی ژیان، سیاسەت، بیرو و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ بەرژەوەندی ئێرانە، تەنانەت لە بواری هەواڵگریشدا هێزەکانی ئێران بە مەبەستی سەرکوتکردنی گەل دامەزراون، بەم سیاسەتە ڕژێمی مەلایی هەوڵی داوە چاوێکی تاریک و ڕەش بهێنێتە بەرچاوی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ سنووردارکردنی بیرکردنەوەی گەل، بەم شێوەیە گەل لە هەموو لایەکەوە بە خنکاندنەوە دەژین، پۆلیسی ڕەوشتی ئێران هێزێکی تۆقاندن و سەرکوتکردنی ئیرادەی کۆمەڵگەیە، لە سەرتاسەری جیهاندا، سیستمێکی ئامادەبوونی پۆلیس هەیە کە بەرپرسیارە لە چاکسازی سیستمەکە و جێبەجێکردنی یاسا، بەڵام لە ڕژێمی ئێراندا، پۆلیس ڕۆڵێکی جیاوازی هەیە، کە کرداری خراپی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.

 

"هەڵبژاردنی فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی زانابوونی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات نیشان دەدات"

سەمیرا محەمەد عەلی لەبارەی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە وتی: کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بنەمایەکی زانستی و ڕۆشنبیری هەیە کە لەسەر بنەمای فەلسەفەی زەردەشتی دامەزراوە، چونکە گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی زانستی و لێکدانەوە و بۆچوونەوە سەیری کێشەکان دەکەن، زۆر ئاساییە کە ئەم کەسانە هەڵوێستێکی زانابوون لە دژی سیاسەت و وێرانکاری بگرنەبەر، تا ئەو کاتەی کەسێک مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لێکدەداتەوە، کەسێک زیرەکی، چاودێریکردن و هێزی لێکدانەوەی ڕاستییەکان دەبینێت، هەڵبژاردنی گەل بۆ فەلسەفەی ژن، ژیانم ئازادی بۆ نوێنەرایەتیکردنی شۆڕش پێویستی بە زانیاری قووڵ هەیە، بەو فەلسەفەیە کاری کرد و سیستمەکەی ناسییەوە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵگەی ئێران بە هەموو بەشەکانیەوە لە دەوری ڕاپەڕینەکە کۆبوونەوە و پشتیوانییان کرد و بوون بە بەشێک لەو ڕاپەڕینە و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەنگی دایەوە کە چەندین کۆنگرە و کار لە ژێر هەمان دروشمدا ڕێکخران، ئەم خاڵە دڵنیامان دەکاتەوە کە بە هێز و پیشەنگایەتی ژنان، دەوڵەت و سیستمەکان وێران دەکەن.

 

"کوشتنی ئارمیتا پەیامێکە دژی تێکۆشانی ژنان"

سەمیرا محەمەد عەلی باسی کردەوەکانی ڕژێمی ئێرانی دژ بە ژنان کرد و وتی: دوای ژینا ئەمینی، چەندین ژنی دیکە کوژران، بەڵام ژنان نەوەستان، تاوانەکانی کوشتنی ژنان بەبێ کەمکردنەوە بەردەوامە و لەم دواییانەدا ژنێکی گەنج بە ناوی ئارمیتا بە هەمان شێوە و هۆشیاری کوژرا، ئەم پێداگرییەی ڕژێمی ئێران لە هۆشیاری خۆیدا دەربڕدراوە، هەروەها پەیامێک بۆ ژنان دەنێرێت کە نابێت هیچ جوڵەیەک لە دەرەوەی یاسا دیاریکراوەکان هەبێت، ڕووداوەکەمان بینی، ئەرمیتا ژنێکی گەنجە کە هیچ تاوانێکی ئەنجام نەداوە، بەڵام لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتییەوە ئەشکەنجە دەدرێت لەسەر بنەمایەکی ساختە و لە ئەنجامدا ژیانی لەدەست دا.

 

"تێکشکاندنی داگیرکەران لە کوردستان بە هێزی ژنان دەکرێت"

سەمیرا محەمەد عەلی، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: هەڵوێستی گشتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و پارێزەران بەرامبەر ئەم لایەنانە چییە؟ کە لێکۆڵینەوە لەم بابەتە دەکەین دەبینین بێدەنگییەکی ڕوون هەیە، بێگومان ئەم ستەمە نەک تەنها لە سیستمی ئێراندا هەیە، بەڵکو کاتێک کەسێک لە نزیکەوە سەیری کوردستان دەکات، ئەوە دەبینێت کە هەمان هۆشیاری و سیستم لە هەر چوار بەشی کوردستاندا هەیە، ڕێگا و ئامرازەکانی ئەم ڕژێمانە لەوانەیە جیاواز بن، بەڵام لە ئەنجامدا ئامانج ئەوەیە کە هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندی خۆیان کار بکەن، هەروەها هێرشێکی تایبەت هەیە بۆ سەر ئەو وەزارەت و دامەزراوانەی کە ئەرکێکی چالاکیان هەیە لە بنیادنانی کۆمەڵگەدا، لە ئاستی یەکەمدا، ژنان دەکرێنە ئامانج لەلایەن ئەو سیستمە زاڵانەوە کە ئێمە لە تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا بینیمان. لە هەموو بوارەکاندا هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی کوردی لە ماف و بوون و ناسنامە و کولتوور و تێڕوانین و هەڵوێستەکانی خۆی دوور بکەوێتەوە و بە تەواوی لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی دەسەڵاتداردا بێت، بەڵام باوەڕمان وایە کە دەتوانین هەموو سیاسەتەکان هەڵوەشێنینەوە بە هێز و پێشەنگایەتی ژنان، ئەمەش بە ڕوونی لە شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستاندا دەرکەوت.