شاناز هیرانی: لە باشووری کوردستان نەتوانراوە ئەقڵیەتێکی ئازاد بەرهەم بێت
هەرچەند حاڵاتەکانی توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا لە هەڵکشاندا بێت، بەڵام بوونی دەسەڵاتێکی نابەرپرسی کارکردوو بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری بووەتە هۆکار بۆ زیاتربوونی ئەم حاڵەتانە، کاریش ناکەن بۆ کەمکردنەوەی.
شنیار بایز
سلێمانی- توندوتیژی و حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان ڕوو لە زیادبوونە، ئەم دۆخە لە باشووری کوردستان خوڵقاوە، بەڵام بەرپرسانی هەرێم تەواوی ئامانجیان کارە سیاسییەکانی خۆیانە بێ ئەوەی ئاوڕێک لە دۆخی ژنان و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە بدەنەوە، نابەرپرسیارن بەرامبەر بەو حاڵەتانەی توندوتیژین و دواتر بەرەو کوشتن دەڕۆن.
چەندین ناوەندی فەرمی و یاسای دەرکراو لە پەرلەمانەوە بوونیان هەیە، بەڵام زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی ئەوە دەسەلمێنێت دەسەڵات خودی خۆی ڕێگە خۆشکەرە بۆ زیادبوونی حاڵەتەکان، ئەمەش لە ڕێی میدیای سێبەر و کارکردن لەسەر هاندان بۆ توندوتیژی دژی ژنان، لاوازی پڕۆسەی پەروەردە لەسەر بابەتەکانی توندوتیژی، بەدەمەوە نەچوونی حاڵەتەکان و داڵدەدانی بکوژانی ژنان.
شاناز هیرانی، نووسەر و ڕۆژنامەنووس ئاماژەی بەوەکرد، لە ساڵەکەدا شازدە ڕۆژ تەرخانکراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بەڵام ئەمە پێویستی تەواو پڕناکاتەوە بۆ کەمبوونەوەی حاڵەتەکانی توندوتیژی، بەڵکو پێویستە هەموو ڕۆژێک باس لە توندوتیژی و وەستاندنەوەی بکرێت، چونکە لە ئێستادا حاڵەتەکانی توندوتیژی لە پەرەسەندنێکی خێرا و مەترسیداردایە بە جۆرێک بووەتە ڕەفتاری تاکەکان لە کۆمەڵگەدا.
"حکومەت نابەرپرسە لە زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی"
لە باسی ئەوەی کە تا چەند حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو هەموو دامودەزگا و ناوەندە فەرمیەی کە هەیەتی ڕێگری کردووە لە توندوتیژی یاخود نا، شاناز ڕوونیکردەوە، کار کراوە بۆ ڕێگریکردنی توندوتیژی بە جۆرێک دەزگا فەرمی و ئەمنییەکان ڕاسپێردراون لەو حاڵەتەی ژنێک دەکوژرێت و توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت، بەدواداچوونی بۆ بکەن، بەڵام بەداخەوە کەمتەرخەمی تێدایە و ئەو یاسایانە وەک پێویست جێبەجێ ناکرێت.
وتیشی: ئەگەر باس لە یاساکان بکەین بێگومان یاسای باشمان هەیە، بەڵام لایەنی جێبەجێکاری سستە، بە جۆرێک زۆرکات ژنکوژان دەستگیر نەکراون و داڵدە دراون، ئەمەش بۆ خۆی حاڵەتی دەروونی لای ژنان دروستکردووە کە هەست بە ئارامی نەکەن لە کۆمەڵگەدا و بەردەوام ترسیان هەیە لەوەی توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت.
"لە ڕێی میدیای نابەرپرسەوە منداڵان لەسەر توندوتیژی گەورە دەبن"
شاناز هیرانی ئاماژەی بەوەکرد، لایەنی پەروەردەی ڕۆڵی خۆی ناگێڕێت و ناتوانێت لە داهاتوودا کەسێکی ناتوندوتیژ دروست بکات، بە پێچەوانەوە پەروەردەیەکی خراپیان هەیە، بۆیە لە داهاتوودا تاکێکی توندوتیژی لێبەرهەم دێت، "منداڵی ئێستا بەهۆی ئەوەی بەردەوام لاپتۆپ و سۆشیاڵ میدیای لەبەردەمدایە، میدیا و سۆشیاڵ میدیاش باگراوندیان نییە بۆ بابەتەکانی توندوتیژی، بۆیە بەردەوام حاڵەتەکانی توندوتیژی دەبینن و هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی دووبارەی بکەنەوە".
"میدیاکان بە گشتی و میدیای سێبەر بەتایبەت هۆکارن بۆ پەرەسەندی توندوتیژی"
شاناز هیرانی بوونی ئەو ژینگە ئاڵۆز و بێسەروبەریەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە بە هۆکار دەزانێت بۆ زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی، وتیشی: بوونی هەرای میدیایی لە باشوور دووبارە هۆکارە، چونکە ئەگەر سانسۆر بخرێتە سەر دەزگا میدیاییەکان و ڕێگریان لێبکرێت بۆ ئەوەی چیتر هاوڵاتیان ئاڕاستەی توندوتیژی نەکەن، بێگومان حاڵەتەکان کەم دەبنەوە، ئەرکی دەسەڵاتە سانسۆر بخاتە سەر میدیاکان بە گشتی و میدیای سێبەر بەتایبەت، کە چیتر خەڵکی هان نەدەن بۆ کوشتن و توندوتیژی، پێویستە یاسایەکی تۆکمە هەبێت بۆ ڕێگریکردن لە میدیاکان، بۆ ئەوەی چیتر بە خواستی خۆیان سیناریۆ بۆ بابەتەکان دانەتاشن.
"ژن پێگەی سیاسی وەک سەرۆکی حکومەتی پێنادرێت"
ئەو نووسەرە باسی لەوەکرد، هەرچەندە پێشکەوتن هەیە، بەڵام تا ئێستا کۆمەڵگە نەیتوانیوە لە بابەتێکی وەک ڕاگرتنی باڵانسی جێندەری سەرکوتووبێت، بەتایبەت ئەو پێگانەی کە پێویستە ژن و پیاو وەک یەک بڕیاریان هەبێت، وتی: لە هەندێک لە حیزبە سیاسییەکاندا ژنان پێشکەوتوون، بەڵام نەگەیشتوونەتە ناوەندی بڕیار و پێگەیەکی سیاسی وەک، سەرۆکی حکومەت، وەزیرەکان و سەرۆکی هەرێمی هەبێت، لە کاتیکدا ئەم شوێنانە گرنگە ژن تیایدا بەشداری بکەن و بە فکری ژنانە بڕیار بدەن، ژینگەی سیاسی، دابونەریتی کۆمەڵاتی، بەربەستی ئاینی و ئەقڵیەتی پیاوسالاری هۆکاری سەرەکین لە دەسەڵاتدا کە وایکردووە ڕێگە نەدەن ژنان بەشداری بکەن، چیتر پێویست ناکات ژنان و پیاوان یەکسان بن بەڵکو دەبێت هاوبەشبن، چونکە هاوبەشیان بە ڕێگەچارەسەری کێشەکانی ژن دەزانرێت.
"بوونی ئەقڵیەتی پیاسالاری ژنانی بێتوانا کردووە"
لە کۆتایدا شاناز هیرانی ئاماژەی بەوەدا، تا ئێستا ئەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵە بەسەر پیاوان لە ناوەندەکانی دەسەڵاتدا، هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی توناکانی ژن بەرز بنرخێنن دەنا چەندین ژنی بەتوانا هەن لە هەموو بوارەکاندا وەک میدیا، سیاسی و ئابووری، بە جۆرێک هیچ بوارێک نییە ژنی بەتوانای تێدا نەبێت و دەستی بۆنەبردبێت، تەنها بوونی ئەقڵیەتێکی پیاوسالارییە وایکردووە ژنان نەبوونەتە بڕیاردەر و توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت.
وەک ڕێگە چارەسەرییەک دەڵێت: ئەو یاسایانەی لە پەرلەمان دژی توندوتیژی دەردەکرێن، با بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها ژنان بە هزری خۆیان و دوور لە ئایدۆلۆژیای حزبی لە ناوەندەکانی بڕیاردان بڕیار بدەن، لایەنی پەروەردە برەوی پێبدرێت و سانسۆر بخرێتە سەر میدیا سێبەرەکانی دەسەڵات، کە ئەوەش ئەرکی حکومەتە.